هەندێک لە میدیا‌و دەزگاکانی راگەیاندنی ناوخۆیی، وێنەو دیمه‌نی ناوەوەی شاری سوه‌یدای دوای ئاگربەستی نێوان چەکدارانی دروز و هۆزو خێڵه سوننەکان و هێزەکانی حکومەتی راگوزه‌ری سوریایان بڵاوكرده‌وه كه ئاستی ئه‌و وێرانکاریی و كۆمه‌ڵكوژییه نیشانده‌دات كه له چه‌ند رۆژی رابردوودا له‌و شاره‌دا ئه‌نجامدراون، دیمه‌نی ئه‌و تەرمانەی کە هێشتا لەسەر زەوی کەوتوون بەڵگەی حاشاهه‌ڵنه‌گرن له ئه‌نجامدانی تاوانی دژی مرۆڤایه‌تی و دوورله به‌ها مرۆییه‌كان.
ده‌سته‌واژه‌كانی (بۆ سه‌ربڕینتان هاتووین) و(له‌به‌ر خاتری چاوه‌كانی تۆ، جۆلانی) و (هەموومان ئەحمەد شەرع ـ ین) كه بە رەنگی رەش لەسەر دیوارەکان نووسراون، به بینیان ئینسان شۆك ده‌بێت.
پەیامنێری (سوەیدا ٢٤ )کە پلاتفۆرمێكی هەواڵییه و چالاکوانانی پارێزگاکە دایانمەزراندووە، شارەکە بە "کارەساتبار" وەسف ده‌كات و ئاماژە بۆئەوەده‌كات کە:" خراپیی هێڵی ئینتەرنێت ببوه‌هۆی ئه‌وه‌ی گەیاندنی تەواوی دۆخەکە قورس بێت."
ژماره‌یه‌ك له پەیامنێرانی حکومەت و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئه‌هلی ده‌ڵێن:"هێشتا لە شارەکەدا كڵپه‌ی ئاگر به‌رزده‌بێته‌وه‌و دەسووتێت، تەرمەکان کە هەندێکیان مەدەنین، له دەوروبەری شاره‌كه‌دا بڵاوبوونەتەوە.
هەروەها باس له‌وه‌ده‌كه‌ن كه:" گولـله‌بارانكردنی مەیدانی بێ موحاكه‌مه ئه‌نجامدراوه."
ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشكرایكردووه كه:" لە ٢٠ی تەمموزدا، لە تێکهەڵچوونەکانی نێوان گرووپه چه‌كداره‌كانی دروزو وەزارەتی بەرگریی سوریا و چەکداری خێڵه‌كان لە گونده‌كانی پارێزگای سوەیدا نزیکەی ٢٠٥ کەس لە بارودۆخی جۆراوجۆردا کوژراون، کە ١٢٤ کەسیان درووز بوون، جگە لە كوژرانی ٦٥ ئەندامی وەزارەتی بەرگریی و ئاسایشی گشتیی سوریا."
ڕوانگەکە ئه‌وه‌شیخستووه‌ته‌ڕو كه:" هێزەکانی حکومەت بە هاوکاری چەکدارانی خێڵه‌كان، لەکاتی کۆنترۆڵکردنەوەی شاری سویدەدا، 13 هاوڵاتی مەدەنییان گولـله‌بارانكردووه کە ژن و منداڵیشیان تێدابووە."
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP