بڕیارە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ئەنجوومەنی
نوێنەرانی عێراق دانیشتنێکی نائاسایی بۆ تاوتوێکردنی هێرشە درۆنییە بۆمبڕێژکراوەکانى
سەر ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستان و دەرەنجامەکانی کارەساتی ئاگرکەوتنەوەکەی پارێزگای
کوت بکات.
ئەم دانیشتنە نائاساییە لەکاتێکدایە کە هەردوو ڕووداوەکە
کاردانەوەی بەرفراوانیان لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان لێکەوتووەتەوە. هەردوو
ڕووداوەکەش زیانی ماددی و گیانیان لێکەوتووەتەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیێنراوی نووسینگەی پەرلەمانی عێراق، ڕۆژی دووشەممە، 21ـی تەمموزی 2025، کاتژمێر 1ـی
پاشنیوەڕۆ دانیشتنێکی نائاسایی بۆ تاوتوێکردنی دوو بابەتی گرنگ بکرێت.
یەکەم: گفتوگۆیەکی گشتی سەبارەت بە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی
کوت.
دووەم: گفتوگۆیەکی گشتی سەبارەت بە "هێرشە تیرۆریستییەکان
بە درۆنی بۆمبڕێژکراو بۆ سەر ژێرخانی هەرێمی کوردستان."
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی
کوردستان بوونە ئامانجی درۆنە بۆمبڕێژکراوەکان، بەهۆی هێرشەکانیشەوە بەرهەمهێنان لە
بەشێکی کێڵگەکان بەشێوەیەکی کاتی وەستا، ئەمەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئاستی بەرهەمهێنانی
ئەو کێڵگانە و ژێرخانی ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان دروست کرد.
شەوی 2025-07-16، لە شاری کوت لە پارێزگای واستی
ناوەڕاستی عێراق، ئاگرێکی گەورە لە مۆڵێک کەوتەوە، بەهۆی نەبوونی مەرجی تەندروستیی
و سەلامەتی، نزیکەی 70 کەس گیانیان لەدەست دا و دەیان کەسی دیکەش برینداربوون.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP