کۆمسیۆن بەکارهێنانی مەرەکەبی هەڵبژاردن هەڵدەوەشێنێتەوە

عێراق
11:28 - 2025-07-21

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق بڕیاریدا بەکارهێنانی مەرەکەبی هەڵبژاردن  لە رۆژی دەنگدان هەڵبوەشێنێتەوە.
لە راگەیەندراوێکیدا کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆکانی هەڵبژاردنەکانی عیراق ئاماژەی بەوەکردووە: ئەنجومەنی کۆمیسیاران، تاوتوێی یاداشتێکی نوسینگەی سەرۆکی کارگێڕی هەڵبژاردنەکانی کردووەو لە رۆژی 8ی7ی2025 پێشکەشی کردووە، کە تایبەتە بە مەرەکەبی هەڵبژاردن.
راشیگەیاندووە: دوای گفتوگۆی ئەندامانی کۆمسیاران، کۆمسیۆن بریاریدا کەبەکارهێنانی مەرەکەب لە رۆژی هەڵبژاردن هەڵبوەشێنێتەوە.
لە بارەی هۆکاری لابردنی مەرەکەبی دەنگدان، عیماد جەمیل سەرۆکی فەرمانگەی راگەیاندنی کۆمسیۆن روونیکردەوە: بەهێزی کارتی بایۆمەتری و ئامێرەکانی دیکە، وایکرد کە چیتر پێویستمان بە بەکارهێنانی مەرەکەبی هەڵبژاردن نەبێت.
وتیشی: کۆمسیۆن زۆر بە باشی پرۆسەی هەڵبژاردن بەڕێوەدەبات و مافی دەنگدەران و دەنگەکانیان تەواو پارێزراوە، ئەمەش بەهۆی کارتی بایۆمەتری و ئەو سێ لەیەکچوونانەیە کە لە رۆژی هەڵبژاردندا بەراورد دەکرێن، کە دە پەنجەی دەنگدەر پێویستە هاوشێوەی ئەو پەنجە مۆرە بێت کەلە ئامێرەکەدا تۆمارکراوە، ئەمە جگە لەوەی ئامێرەکانی دیکەش هۆکارێکی بەهێزن بۆ باش بەڕێوەچوونی پرۆسەکە.
هاوکات، دوێنێ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق ڕایگەیاند، دەستەی کۆمسیاران رەزامەندیدا لەسەر درێژکردنەوەی وادەی پێشکەشکردنی داواکاری بۆ بوون بە کارمەندی سەر سندووقی دەنگدان تا رۆژی ١ـی مانگی ئاب
راشیگەیاند، سەرجەم فەرمانبەرانی دامودەزگا حکومییەکان و دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکان، دەتوانن داواکاری پێشکەش بکەن، جگە لە هێزە ئەمنی و سەربازیەکان، هەروەها ئەوانەی داواکاری پێشکەش دەکەن پێویستە لانی کەم بڕوانامەی دبلۆمیان هەبێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP

بەپەلە