قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازیکرد لە محەمەد ئەلحەسان، نوێنهرى تايبهتى سكرتێرى گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان له عێراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا تاوتوێ کران.
لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە سێ شەمە(29/7/2025) لە هەولێر بەڕێوەچوو، باس لە دواین هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم کرا. هەردوولا هیوایان خواست لە ماوەیەکی نزیکدا حکومەتی نوێ پێکبهێنرێت.
لەم چوارچێوەیەدا، جێگری سەرۆکوەزیران بە ئاماژەدان بە دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و هەروەها ئەو هێرشانەی لە ماوەی رابردوودا کرانەسەر ژێرخانی ئابوری کوردستان، بەپێویستی زانی پەلە بکرێت لە پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و یەکگرتوو کە لەلایەکەوە بتوانێت لە ئاستی جێبەجێکردنی داواکارییەکانی هاوڵاتییاندابێت و لەلایەکی دیکەشەوە بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیداڵ و لایەنە پەیوەندیدارەکان سەقامگیری کوردستان بپارێزێت.
سەبارەت بە رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغداش لەسەر پرسی موچە و هەناردەکردنەوەی نەوت، قوباد تاڵەبانی جەختیکردەوە لەسەر پێویستیی پابەندبوونی هەردوولا بە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP