لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یه‌كێتی پێشوازی له‌ كونسڵی ژاپۆن ده‌كات

کوردستان
19:57 - 2021-07-15

ئەمڕۆ ٢٠٢١/٧/١٥ د.سۆران جەمال تاهیر ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونی سەرکەوت محەمەد غەفور ئەندامی سەرکردایەتی و لێپرسراوی بۆردی پەیوەندییەکانی دەرەوە، پێشوازی کرد لە ئاراکاوا میکیهیرۆ کونسوڵی گشتی ژاپۆن لە هەرێمی کوردستان.

لەدیدارێکدا د.سۆران پیرۆزبایی دەست بەکاربوونی لێکرد وەک کونسوڵی نوێی وڵاتەکەی و هیوای سەرکەوتنی بۆخواست لە کارەکانی لە هەرێمی کوردستان، دواتر تیشک خرایە سەر بارودۆخی سیاسی و ئابوری و دوایین گۆڕانکاری و پیشهاتەکانی عیراق و کوردستان لە ناوچەکە، هاوکات ئاماژەی بەرۆڵی حکومەتی تۆکیۆ کرد لە رابردوودا هەمیشە هاوکارو پشتیوانی گەلانی عیراق بوونە بە گشتی لەنێویشیاندا گەلی کورد لەرێگەی ئەو بەرنامەو پرۆژە خزمەتگوزاری و مرۆییانەی پێشکەشیان کردووە، بەناوی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە سوپاسی گەل و حکومەتی ژاپۆنی کرد بەرامبەر بەو پشتیوانیانە.

کونسوڵی گشتی ژاپۆن سەرسامی خۆی بە شێوازی کارکردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نیشاندا بەتایبەتی لەپرەنسیبەکانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و یەکسانی جێندەری و چالاکییە کەلتورییەکاندا.

لەکۆتایی دیدارەکەدا هەردوولا جەختیان لەسەر توندوتۆڵکردنی پەیوەندییەکان کردەوە بەتایبەتی لەئاڵوگۆڕی کلتوری و برەودان بەبواری پەروەردە و زانست و سود وەرگرتن لە تواناو شارەزایی دەزگاو دامەزراوەکانی حکومەتی ژاپۆن لەپێناو زیاتر هەماهەنگی نێوان هەردوو گەلی کوردو ژاپۆن.



بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP