بە سەرپەرشتی بافڵ تاڵەبانی مەكتەبی سیاسی (ی.ن.ك) كۆبووەوە

کوردستان
14:00 - 2021-08-04

مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەرپەرشتی بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی ی.ن.ك  لە سلێمانی كۆبووەوە. لە كۆبوونەوەكەدا چەند تەوەرێكی بواری حزبی و هەڵبژاردنەكان تاووتوێكرا.

وێڕای گفتوگۆ لەسەر چارەسەری بەپەلە و یەكێتییانەی گرفتە ناوخۆییە حزبییەكان و دیاری كردنی رێوشوێنی دروست بۆیان لەناویشیاندا پاراستنی ئارامی و هێمنی هەرێمی كوردستان بە شاری سلێمانیشەوە ، هاوكات تەئكید لەسەر بەگەڕخستنی توانای ماددی و مەعنەوی مەكتەب و دەزگاكانی یەكێتیی كرایەوە بەرەو هەڵمەتێكی پڕ جۆش و خرۆشی پێكەوەیی و دیموكراتییانە بۆ سەرخستنی لیستی هاوپەیمانی كوردستان كە لیستی هاوبەشی بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتییە لە هەڵبژاردنی داهاتوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا.

مەكتەبی سیاسی گشت مەكتەب و مەڵبەندەكان و ئۆرگانەكانی یەكێتی راسپارد كە هاوشانی ئۆرگانەكانی بزوتنەوەی گۆڕانی هاوپەیمان پەیوەستی میحوەر و بازنەكانی هەڵبژاردن بن، كە ئەركی هەرە لە پێشینەیانە بۆ سەرخستنی كاندیدەكانی هاوپەیمانی كوردستان لە هەموو بازنەكانی هەڵبژاردندا، چونكە سەركەوتنی هاوپەیمانی كوردستان ئاسۆیەكی روون و نوێ لەبەردەم گەلی كوردستان دەكاتەوە بۆ پەرەپێدانی خەباتی پەرلەمانی و دیموكراتی و  لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵ بە كێشەی ناوچە جێناكۆكەكانەوە كە  هەر بە بژاردەی گفتوگۆ و رێوشوێنی سیاسی دەگەیەندرێتە ئەنجام.
 


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP