وەزارەتی تەندروستیی عێراق نوێترین ئامارەكانی كۆرۆنای ڕاگەیاند

تەندروستی
15:24 - 2021-08-14

وەزارەتی تەندروستیی عێراق نوێترین ئامارەكانی كۆرۆنای ڕاگەیاند و بەگوێرەی ئامارەكان لە 24 سەعاتی ڕابردوودا زیاتر لە حەوت هەزار توشبووی نوێ دەستنیشانكراون و 65 توشبووش گیانیان لەدەستداوە كە 12 كەسیان لە پارێزگای هەولێر بوون .   
هەروەها زیاتر لە 10 هەزار كەسی دیكەش چاكبونەتەوە و زیاتر لە 26 هەزار كەسی دیكەش ڤاكسینی كۆرۆنایان وەرگرتوە 
هاوكات، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستانیش ئاماری 24 سەعاتی رابردووی بڵاوكردەوە و رایگەیاند لەو ماوەیەدا، 827 توشبووی نوێی كۆرۆنا دەستنیشان كراون، دوو هەزار و 10 كەسیش چاكبوونەتەوە و 19 كەسیش بەهۆی كۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە، بەمەش كۆی گشتی گیان لەدەستدان بەكۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان گەیشتوە 5 هەزار و 39 كەس .
لای خۆییەوە، پارێزگاری هەولێر هۆشداری لە بارەی دۆخی كۆرۆنا داو ڕایگەیاند، دۆخەكە مەترسیدارە و پێویستە لیژنەی باڵای روبەڕوبونەوەی كۆرۆنا پێداچوونەوە بە بڕیارەكانیدا بكات.  
زیادبوونی توشبوون بەكۆرۆنا تەنها لەعیراق و هەرێمی كوردستان نییە، بەڵكو لە سەرەتاسەریی جیهانەو توێژینەوەیەكی نوێش لەلایەن توێژەرانی زانكۆی هارڤاردی ئەمریكییەوە دەریخستووە كە پیسبوونی دووكەڵ بەهۆی ئاگری دارستانەكانەوە بووەتە هۆی زیادبوونی توشبوون و مردن بە ڤایرۆسی كۆرۆنا .  
توێژینەوەكە كە لە گۆڤاری "ساینس ئەدڤانسز"ی زانستیدا بڵاوكراوەتەوە دەڵێت، نزیكەی 20%ی حاڵەتەكانی توشبوون بە كۆرۆنا بەهۆی بەرزی ڕێژەی پیسبوونی دووكەڵی ئاگری دارستانەوە بووە.  
بەپێی توێژینەوەیەكی دیكەی بەریتانیش، بەلایەنی كەمەوە لە هەر 10 توشبوویەكی كۆرۆنا لەو وڵاتە، یەكێكیان لە نەخۆشخانەكان توشی ڤایرۆسەكە هاتون، ئەوەش لەكاتی وەرگرتنی چارەسەر بۆ كێشەیەكی دیكەی تەندروستی .  
سەرچاوەیەكی تەندروستیش بە كەناڵی كەركوكی راگەیاند، رێژەی ئەوانەی بە سەختی كۆرۆنا دەگرن لە وەرزی هاویندا لە زستانان زیاترە، چونكە بەرزبونەوەی پلەكانی گەرما زیاتر دەبێتە هۆی تەنگەنەفەسی توشبووانی كۆرۆنا .

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP