بەشێك لەچاودێرو شرۆڤەكاران پێشبینی دەكەن گروپ و رێكخراوە تیرۆرستییەكان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببوژێنەوە، دوای ئەوەی بزووتنەوەی تاڵیبان دەستی بەسەر ئەفغانستاندا گرت و جارێكی تر گەیشتنەوە دەسەڵات، ئاماژە بەوەشدەكەن هەموو ئەوەی لەمڕۆژانەدا روودەدەن لەگەڵ ئیدارەی دیموكراتییەكان لەولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەبەرامبەر قەیرانەكاندا پێكدێنەوە.
دوێنێ 15ی ئابی 2021 بزووتنەوەی تاڵیبان رایگەیاند: دەستیانگرتووە بەسەر هەموو خاكی ئەفغانستان و لەنێویشیاندا كابولی پایتەخت، راشیگەیاند جەنگ لەوڵاتەكەیان كۆتایی هات و بەمنزیكانەش جۆری دەسەڵات و شێوەی سیستمی حكومڕانی لەوڵاتدا روندەبێتەوە.
كیسنجەر: تەنها بەرژەوەندی بەردەوام هەیە
بەپێی بەرواوردكارییەك لەنێوان هێزەكانی سوپاو بزووتنەوەی تاڵیبان، دەركەوتووە، بزووتنەوەی تاڵیبان خاوەنی 80 هەزار چەكدارە، بەراورد بەهێزی سوپای ئەفغانستان 300 هەزارو 699 هەزار سەرباز بەناو لەلای حكومەت تۆماركراون و گوایا خزمەتی حكومەتی ئەفغانییان كردووە، وێرای ئەوەش بەشێكی زۆر لەفەرماندە سەربازییە باڵاكان لەماوەی چەند سەعاتێكدا بێ شەڕكردن خۆیان رادەستی بزووتنەوەكە كردووە، دەردەكەوێت كە چ جیاوازییەك هەبووە لەنێوان سوپایەكی بێ هێزی بێ بیروباوەڕ لەگەڵ جووڵانەوەیەكداكە رەگ و ریشەی بەناو ئەو وڵاتەدا چووە.
لەداهاتوودا چی لەئەفغانستاندا دەگوزەرێت و ئایا ئەو سیناریۆیە لەعیراقیشدا دووبارە دەبێتەوە؟ ئەی بۆچی ئەمریكا دەستبەرداری دۆستەكانی دەبێت؟
لەو بارەیەوە، هێنری كیسنجەر، سیاسەتمەدارو پرۆفیسۆڕی مێژووی ئەمریكا رایگەیاند: دۆستی هەمیشەیی و دوژمنی بەردەوام نییە، بەڵكو ئەوەی هەیە تەنها بەرژەوەندی بەردەوامە.
واسق جابری، شرۆڤەكاری سیاسیی عیراقیی لەمیانەی لێدوانێكدا لەگەڵ PUKmedia سروشتی هەڵسوكەوتی ئەمریكا ئاشكرا دەكات و رایدەگەیەنێت: ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كەس بەدۆستی خۆی نازانێت، بەڵكو ئەوەی بەلایەوە گرنگە بەرژوەندییە، گوایا ئەم هەڵسوكەوت و جووڵانەوەیەشی بۆ ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكایە، ئاماژەی بەوەشدا، ئەمریكا نایەوێت هاوڕێیەكی لاواز دۆستی بێت، بەڵكو دوژمنێكی بەهێزی بەلاوە پەسەندەو خۆشی دەوێت، ئەوەش بۆ گەلانی ئەمریكا قوڕبەسەرییەكی گەورەیە.
راشیگەیاند: ئەوەی لەئەفغانستان دەگوزەرێت، شتێكی تازە نییە، چونكە كۆمەڵگەی ئەفغانستان ئامادەیی تێدایە بە بەبزووتنەوەی تاڵیبان رازی ببێت و هەر بە رەگ و ریشەی ئایدیۆلۆجیای ئەو كۆمەڵگاوەیە بزووتنەوەكە جارێكی دیكە دەست بەسەر ئەفغانستاندا دەگرێتەوەو دێتەوە دەسەڵات، هەروەها دەستبەردابوونی ئەمریكاش لەهاوكاریكردنی حكومەتەكان هۆكارێكی دیكەیە، پێشتریش ئەوە لەتونس روویدا.
رونیشیدەكاتەوە: ئەمریكا هەزارەها ملیۆن دۆلاری بۆ مەشق و راهێنان و پڕچەككردنی سوپاو هێزە ئەمنییەكان و هاوكاریكردنی حكومەت لەئەفغانستان خەرجكرد، هەمووی لەپێناوی ئەوەی ئاڵوگۆڕی ئاشتییانەی دەسەڵات لەو وڵاتەدا بێتەدی، بەڵام ئەوەی روویدا وەرگرتن و رادەستكردنە (استلام وتسلیم)، رەنگ بێت ئەوە گۆڕانكارییەك لەناوچەكەدا دەستی پێكردبێت و هاوكات فشارێكیش بێت بۆ سەر هەریەك لەوڵاتانی دراوسێی ئەفغانستان كە بریتین لەئێران و چین و روسیا.
ئاماژەی بەوەشكرد:هەندێك لەگروپەكان كە لەبنچینەدا خۆیان سەر بەبزوتنەوەی تاڵیبانن، هەوڵدەدەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەوە قایل بكەن كە هاتنەوەیان بۆ سەر دەسەڵات بەڕێككەوتنی سیاسی بووە.
جابری بەدووریشی دەزانێت هەمان سیناریۆی ئەفغانستان لەعیراق دووبارە بێتەوەو هۆكارەشی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، ژینگەی كۆمەڵگەی عیراقی ئەوە رەتدەكاتەوە، كورد لەگەڵ ئەوەدا نییەو ئەو سیناریۆیە رەتیدەكاتەوە، هەروەها لەلای خۆیانەوە، سوننەو شیعەش توندڕەوی رەتدەكەنەوە، ئاماژەی بەوەشدا، ئەوەی ئێستا لەئەفغانستان روودەدات، زەنگی ئاگاداركردنەوەیە، هەرچەندە هیچ لێكدابڕانێك لەعیراقدا روونادات و وا بكات وڵات بەرەو داتەپەین بەرێت، بەڵام پێویست دەكات چاوێك پخشێنرێتەوە بە كارو خزمەتگوزارییەكان و داواكارییەكانی خۆپیشاندەران.
گەندەڵی سیستمی حوكمڕانی داڕزاندوە
لای خۆیەوە، عەلی بەیدەر، شرۆڤەكاری سیاسی لەمیانی لێدوانێكدا لەگەڵ PUKmedia رایگەیاند: بێزاری و ناڕەزایەتی گەلی ئەفغانستان دەمێكە هەیەو هی ئێستا نییە، ئەمەش هۆكار بوو بۆ بەهێزبوون و فراوانبوونی بەرهەڵستكاری لەدژی حكومەت، مافەكانی مرۆڤ بەزەقی و بەشێوەیەكی بەردەوام لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانەوە پێشێل دەكران، گەندەڵی چوبووە ناو سیستمی ئەمنییەوەو جەستەی حوكمڕانی داڕزاندبوو، میری جەنگ دروستبوبوو، هەموو ئەمانەش دەرئەنجامی كاركردن بوو لەدەرەوەی دامەزراوە دەوڵەتییەكان،.
بەیدەر دەشڵێت: هەموو وڵاتێك هەلومەرجی كۆمەڵایەتی و جیۆسیاسی و ئەمنیی خۆی هەیە، بەدووریش دەزانرێت هەمان سیناریۆی ئەفغانستان لەعیراق دووبارە بێتەوە، رەنگە سیناریۆی وەك لیبیا و یەمەن لەعیراقدا رووبدات، لەكاتێكدا ئەگەر بێتوو میلیشیاو گرووپی چەكدار بتوانن كۆنترۆڵی دامودەزگاكانی حكومەت بكەن، جەختیش دەكاتەوە كە پێویستە رەشبین نەبین.
ئەمریكا بەنیازی كردنەوەی بەرەیەكی نوێیە
هاوكات ئەحمەد خدر، شرۆڤەكاری ئەمنی، لەو بارەیەوە بۆ PUKmedia رایگەیاند: ئەوەی لەكابول دەگوزەرێت لەگەڵ ئیدارەی دیموكراتییەكان لەئەمریكا پێكدێتەوەو ئەوەش جیاوازە لەگەڵ راوبۆچوونی كۆمارییەكان بۆ ئیدارەدانی قەیرانەكان لەجیهاندا.
وتیشی: ئەوەی ئێستا لەسەردەمی ئیدارەی جۆ بایدندا روودەدات رووداوگەلێكی پێشبینیكراو بوون و وەك چۆن لەسەردەمی ئیدارەی باراك ئۆباما روویانداو پاشەكشە بەهێزەكانی ئەمریكا لەعیراق كرا، بەدوایدا هاتنی چەتەكانی تیرۆرستانی داعش بوو بۆ عیراق و داگیركردنی یەك لەسەر سێی خاكەكەی.
راشیگەیاند: ئەم شێوە هەڵسوكەوتە تەواو لەگەڵ ئیدارەی دیموكراتییەكاندا دەگونجێت، ئەوەی لەئەفغانستان روودەدات شكستی ئەمریكا نییە،بەڵكو كردنەوەی بەرەیەكی نوێیە لەدژی ئێران لەبەرامبەر سیاسەتی ئەو وڵاتە لەبارەی پرسی رێككەوتنی ئەتۆمی و دەستوەردانی لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها وەك كارتێكێكیش لەدژی چین بەكاری دەهێنێت، لەبەرئەوەی ئەفغانستان بەشێكی گرنگە لەپرۆژەو دەستپێشخەری رێگەی ئاوریشم.
ئەحمەد خدر دەشڵێت: ناوچەكە بوژاندنەوەیەك لەرێكخراوە تیرۆرستەكان بەخۆیەوە دەبینێت و دەتوانن لەڕووی دارایی و شارەزاییەوە سوود لە بزووتنەوەی تاڵیبان وەربگرن و هەڵوێستەكانیان لەگەڵ ئەو بزووتنەوەیەدا رێكبخەن.
تەئكیدی لەوەشكردەوە: ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوین لەبەردەم قۆناغێكی نوێدایەو بەدووریشی دەزانێت هەمان سیناریۆی ئەفغانستان لەعیراق دووبارە بێتەوە، پرۆژە سنوور تێپەڕێنەرەكان و گرژییەكان لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، ئەو گۆڕانكارییەی سیاسەتی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەڕۆژهەڵاتی ناوین وایكرد جارێكی تر ئەفغانستان بكەوێتەوە ژێر كۆنترۆڵی بزووتنەوەی تاڵیبان و ئەوان وڵات بەڕێوەبەرن، پرسیارێك هاتۆتە پێش، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جارێكی تر چۆن مامەڵە لەگەڵ بزووتنەوەكەدا دەكات و ئایا ئەو بزووتنەوەیە ئەمجارەش پرۆژەگەلێك بونیاتدەنێنەوە كەلەدەرەوەی سنوورەكانی وڵاتەكەیان بێت و جارێكی تریش ببنەوە بەهەڕەشە لەسەر وڵاتانی دراوسێ.
راشیگەیاند: بزووتنەوەكە هیچ پێوستییەكی بەپاڵپشتی و چەكداری تر نییە، لەئێستادا بەهۆی پێشهات و پەرەسەندنەكانەوە دۆخی ئەفغانستان رووەو ئاڵۆزبوونی زیاتر دەچێت و دڵەڕاوكێ لەلای هاووڵاتیان زیاتر دەبێت، ئاماژەشیدا كە لەم قۆناغەدا، تاڵیبان نایەوێت ئاڵۆزی لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا دروست بكات.
PUKmedia تایبەت
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP