خالید شوانی و رێبوار
تەها لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، ئەم هەڵبژاردنە شەڕی دیاریكردنی
ناسنامەی كەركوكە و پێویستە كەركوكییەكان داستان و مێژوو تۆمار بكەن و بە دەنگەكانیان
پیلانی شۆڤێنییەكان رەتبكەنەوە و رووبەڕووی تەعریب و زوڵم و زۆر ببنەوە.
خالید شوانی سەرپەرشتیاری
هەڵبژاردنی هاوپەیمانی كوردستان لە كەركوك لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:
ئەم هەڵبژاردنە شەڕی دیاریكردنی ناسنامەی كەركوكە و داوا لە كەركوكییەكان دەكەین
تا سەعات 6ی ئێوارە داستان و مێژوو تۆمار بكەن.
وتیشی: دەبێت كەركوكییەكان
بە دەنگەكانیان وەڵامی نەیارانمان بدەنەوە و نابێت رێگا بدەن كورد دەنگەكانی لە كەركوك
لەدەست بدات.
وتیشی: ئێمە وەكو كورد
پەرۆشی پێكەوە ژیانی پێكهاتە جیاوازەكانی كەركوكین بە دەنگەكانتان پیلانی شۆڤێنییەكان
لە شارەكەدا رەتدەكەنەوە.
هاوكات رێبوار تەها ئەندامی
ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند: تەنها
كەركوكییەكان دەتوانن بە دەنگەكانیان رێگری لە تەعریب لە شارەكەدا بكەن و نابێت رێگا
بدەن شارەكەیان ناسنامەی راستەقینەی خۆی لە دەستبدات.
وتیشی: بۆیە تكا دەكەین
هاووڵاتیانی كەركوك رووبكەنە سندوقەكانی دەنگدان و دەنگبدەن لە پێناو پاراستنی
ناسنامەی راستەقینەی شارەكەیان.
ئاماژەی بەوەشدا: لە ئێستادا
دەنگدان چەند سەعاتێكی ماوە بۆیە داوا لە كەركوكییەكان دەكەین لەم چەند سەعاتەدا مێژوو
تۆمار بكەن و بە دەنگەكانیان رووبەڕووی تەعریب و زوڵم و زۆر لە شارەكە ببنەوە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP