خالید شوانی: راگەیاندنی بارودۆخی نائاسایی لە هەندێك ناوچەی كەركوك جێی قبوڵ نییە

کوردستان
10:41 - 2021-10-13


خالید شوانی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لەبارەی دۆخی شاری كەركوك ڕایگەیاند: دەستگیركردنی هاووڵاتیان بەبێ بڕیاری دادگا دژی دەستوورە و بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی لەسەر دۆخی كەركوك لەگەڵ مستەفا كازمی قسەی كردووە.

لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا خالید شوانی و ڕێبوار تەها ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەبارەی دۆخی كەركوك ڕایانگەیاند: بافڵ تاڵەبانی لە گەڵ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق لەپەیوەندیدایە بۆ ئازاد كردنی دەستگیركراوەكان. 

شوانی وتیشی: راگەیاندنی بارودۆخی نائاسایی لە هەندێك ناوچەی كەركوك جێی قبوڵ نییە و شەوی ڕابردوو بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق قسەی كردووە بۆ ئازاد كردنی دەستگیركراوەكان . 

 ڕێبوار تەها ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی ڕایگەیاند: بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی داوای كردووە بە زووترین كات دەستگیركراوەكان ئازاد بكرێن و بەلامانەوە گرنگ نییە دەستگیركراوەكان سەر بە چ لایەنێكی سیاسین، بەڵكوو  ئەوە گرنگە كە ئەوان كوردی كەركوكن و ئەركی ئێمەیە كە بەرگریان لێبكەین.

وتیشی: كوردی كەركوك سەر بە هەر لایەنێك بێت نابێت مامەڵەی خراپی لەگەڵدا بكرێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP