لەو سەردانەدا کە ھەریەک لە رەفعەت عەبدوڵا، بڕیاردەری دەستەی کارگێڕی، شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ، دکتۆر سۆران جەمال تاھیر ئەندامی مەکتەبی سیاسی، سالار سەرحەد، ئەندامی سەرکردایەتی و ئەژی ئەمین یاوەرییان دەکرد لەلایەن عومەر سەید عەلی، رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان و ژمارەیەک ھەڵسوڕاو پێشوازیکران و لەدانیشتنێکدا گفتوگۆکرا لەبارەی دەرئەنجامەکانی ھەڵبژاردن و پەیوەندییەکانی یەکێتی و گۆڕان و خۆئامادەکردن بۆ ئەگەر و پێشھاتەکان.
بافڵ تاڵەبانی لە دیدارەکەدا روونیکردەوە یەکێتی، بزوتنەوەی گۆڕان بە شەریکی راستەقینەی خۆی دەزانێت و وەک ھاوبەشێکی سیاسی گرنگ دەمانەوێت پێکەوە ئاڕاستەی سیاسی بگۆڕین و داکۆکی لەمافەکانی گەلەکەمان بکەین. ووتیشی دەمانەوێت پێکەوە پرۆژەی نوێمان ھەبێت و بەدیدێکی نوێوە کاربکەین بۆ کوردستانەکەمان.
ھاوسەرۆک راشیگەیاند ئەو کورسیانەی هاوپەیمانی كوردستان بەدەستیھێناوە بەرھەمی ھەوڵی گۆڕان و یەکێتی بوو کە بەو ژمارە كاندیدەوە دەچێتە بەغدا بۆ داكۆكیكردن لە بەرنامەی كوردستانیی و زامنكردنی شایستە دارایی و سیاسییەكانی كوردستان بە ناوچە دابڕاوەكانیشەوە، ئەركی داكۆكیكردنی لە مافەكانی گەلی كوردستانی گرتۆتە ئەستۆ و بە یەكریزی هاوپەیمانی لەگەڵ نوێنەرایەتی دیكەی كورد دەتوانین خۆشگوزەرانی زیاتر و ئارامی دابینبکەین.
ھەر لەدیدارەکەدا بافڵ تاڵەبانی روونیکردەوە لەژیانی سیاسیدا حیزب بەزۆر ھەورازو نشێودا دەڕوات بەڵام گرنگ ئەوەیە یەکێتی و گۆڕان لەچوارچێوەی ھاوپەیمانی کوردستان بەرە و پرۆژەی سیاسی ھەنگاوبنێین و خەونی کاک نەوشیراون و سەرۆک مام جەلال جێبەجێبکەین بۆ گۆڕینی سیستەمی سیاسی و پرۆژەی ھاوبەشیشمان ھەبێت بۆ چاکسازی و زیاتر خزمەتکردنی خەڵک و گۆڕانکاریی ریشەیی لە ئیدارەدان، بەڕێوەبردن، چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکان، گلەیی و رەخنەکانی کۆمەڵانی خەڵکیش بەھەند وەربگرین و بیکەینە دەستمایەی سەرکەوتنی داھاتوومان.
ھاوسەرۆک دووپاتیشکردەوە لەگەڵ براکانیان لە گۆڕان پێکەوە دەمێننەوە و کار بۆ ئایندەیەکی گەشتر دەکەن.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP