چاره‌سه‌رى كێشه‌كانى كه‌ركوك له‌ به‌غداد خاڵى هاوبه‌شى يه‌كێتى و پارتى ده‌بێت

کوردستان
10:39 - 2021-10-18

دوای كۆبوونەوەی وەفدی باڵای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان هەر دوو وتەبێژی یەكێتی و پارتی لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا بەشدارییان كرد و ڕایانگەیاند: ئامانجی هەردوولا یەكڕیزییە.

ئەمین بابە شێخ وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایگەیاند: پۆستی سەرۆك كۆماری هی یەكێتییە و باوەڕ ناكەم گرفتێك لەوبارەیەوە هەبێت و شایستە داراییەكان و مافەكانی خەڵك ئەولەویەتە بۆ یەكێتی نەك پۆست. 

وتەبێژی یەكێتی وتیشی: لەهەرێم و بەغدا پێویستمان بە یەكڕیزییە و لەو بارەیەوە سەردانی هەموو لایەنەكان دەكەین و هەموو هەوڵەكانمان ئەوەیە كە كورد یەكڕیز بیت و لەئێستاشدا وەفدێكمان لەبەغدایە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنەكان.

ئەمین بابە شێخ وتیشی: هەموو هەوڵمان ئەوەیە یەكڕیز و بە یەك بەرنامەی كوردستانی بچینە بەغدا و لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا باسمان لە هەڵبژاردن و پێكهێنانی حكومەتی عیراق كرد. 

مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند: سەردانێكی دۆستانەی یەكێتیمان كرد بۆ ڕەوینەوەی نیگەرانییەكان و پێویستمان بە دانیشتن هەبوو و هەروەها سەردانی لایەنەكانی دیكەی كوردستانیش دەكەین .

وتەبێژی پارتی وتیشی: ئامانجی یەكێتی و پارتی یەكڕیزییە و گفتوگۆمان لەبارەی پۆستی سەرۆك كۆمار نەكردووە، بەڵام پۆستی سەرۆك كۆماری پشكی كوردە. 

مەحمود محەمەد وتیشی: لیژنەی هاوبەش لەنێوان حكومەتی هەرێم و بەغدا پێكهاتووە بۆ ئاساییكردنەوەی ڕەوشی كورد. 

 له وه‌ڵامی پرسیاری په‌یامنێری که‌ناڵی که‌رکوکش سه‌باره‌ت به پرسی دۆخی که‌رکوک، وته‌بێژی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگه‌یاند: یه‌کێتی و پارتی له هه‌وڵدان بۆ پێکهێنانی ئه‌و لێژنه‌یه‌ی که بڕیاره له نێوان هێزه عێراقیه‌کان و هه‌رێمی کوردستان دروست بێت، ئه‌مه‌ش خاڵی هاوبه‌شی یه‌كه‌می نێوان هه‌دوو حزبه.

بەیانی ئەمڕۆ وەفدێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان گەیشتە مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە شاری سلێمانی. 

 

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP