قوباد تاڵە‌بانی و وە‌فدێكی سە‌ربازیی بە‌ریتانی جه‌ختیان له‌ پێویستیی ئارامیی و سەقامگیریی عێراق كرده‌وه‌

کوردستان
14:44 - 2021-11-08



قوباد تاڵە‌بانی جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران لە‌ كۆبوونە‌وە‌یە‌كدا لە‌گە‌ڵ وە‌فدێكی سە‌ربازی بە‌ریتانی بە‌سە‌رۆكایە‌‌تی مارشال سامی سیمپسن گە‌ورە‌ راوێژكاری سە‌ربازی حكومە‌تی بە‌ریتانیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەراست و باکوری ئەفریقا، جە‌ختی كردە‌وە‌ لە‌ بە‌ردە‌وامی ئە‌نجامدانی چاكسازییە‌كانی وە‌زارە‌تی كاروباری پێشمە‌رگە‌ و لە‌و بارە‌یە‌وە‌ سوپاسی بە‌ریتانیا و ھێزە‌كانی ھاوپە‌یمانانی كرد كە‌ ھاوكار بوون.

لە‌و كۆبونە‌وە‌یەدا كە‌ ئە‌مڕۆ دووشە‌ممە‌ ٨/١١ لە‌ ھە‌ولێر بە‌ڕێوە‌چو  و وە‌زیری كاروباری پێشمە‌رگە‌ و كونسڵی بە‌ریتانیا ئامادە‌ی بوون، قوباد تاڵە‌بانی باسی لە‌رە‌وشی ھە‌نووكە‌یی عێراق كرد و جەختی لەوە کردەوە کە‌ لە‌ھە‌موو كات زیاتر پێویستە‌ پە‌نا ببرێتە‌بە‌ر گفتوگۆ بۆ چارە‌سە‌ركردنی گرفتە‌كان بە‌تایبە‌ت ئە‌و گرفتانە‌ی لە‌ دە‌رئە‌نجامی ھە‌ڵبژاردنە‌كانە‌وە‌ لە‌نێوان لایە‌نە‌ سیاسییە‌كانە‌وە‌ سە‌ریانھە‌ڵداوە‌.

لەبارەی نوێترین پێشهاتی سەر گۆڕەپانی سیاسی عێراقیش،  هەردوولا ئیدانەی ئەو هێرشە تێرۆریستیەیان کرد کەکرایە سەر ماڵی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق و دووپاتیانکردەوە کە پێویستە ئارامی و سەقامگیری بۆ ئەم وڵاتە دەستەبەر بکرێت و کاربکرێت بۆ ریشەکێشکردنی تێرۆر.

لە‌تە‌وە‌رێكی تری كۆبوونە‌وە‌كە‌دا، جێگری سە‌رۆك وە‌زیران ئاماژە‌ی بە‌وە‌دا كە‌ گرنگە‌ كورد یە‌ك دە‌نگ و یە‌ك ریز بێت بە‌تایبە‌ت لە‌ئێستادا کە قۆناغی دە‌ستپێكردنی گفتوگۆكانە‌ لە‌ بە‌غدا ئە‌وە‌ش لە‌پێناو باشتر دە‌ستە‌بە‌ركردنی مافە‌كانی گە‌لی كوردستان دا.

لە‌بارە‌ی چاكسازییە‌كانی وە‌زارە‌تی كاروباری پێشمە‌رگەشە‌وە‌، قوباد تاڵە‌بانی وتی: قۆناغی زۆر باشمان بڕیوە‌ و بە‌ردە‌وامییش بە‌و پڕۆسە‌یە‌ دە‌درێت. لە‌و بارە‌یە‌وە‌ ستایشی ھێزە‌كانی ھاوپە‌یمانان و بە‌ریتانیاشی بە‌تایبەت كرد. 

وە‌فدە‌ سە‌ربازییە‌كە‌ی بە‌ریتانیاش ئامادە‌ییان دە‌ربڕی بۆ ھە‌ماھە‌نگی زیاتر و بەردەوامی لەپشتیوانی کردنی هەوڵەکانی چاکسازی، راشیانگەیاند دەبێ هێز و لایەنە سیاسیەکانی عێراق ناکۆکییەکانیان وەلا بنێن و گفتوگۆ و دانوستان بکەنە بنەمای کارکردن لەپێناو تێپەڕاندنی ئەم قۆناغەدا.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP