رەوەند مەلا مەحمود، لێپرسراوی مەڵبەندی دووی رێکخستنی کەرکوکی (ی.ن.ک)، پەیامێکی بەبۆنەی شەھیدبوونی پۆلێک پێشمەرگە قارەمانەکانی سنووری کوڵە جۆ بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە:-
بەداخەوە جارێکی دیکە تاریک پەرستانی داعش، لەرێگای پەلامارێکی تیرۆرستیەوە، لە سنووری کوڵە جۆی گەرمیان ٥ رۆڵەی قارەمان لە ھێزەکانی پێشمەرگەیان شەھیدکرد و چەند رۆڵەیەکی دیکەی نشتیمانشیان بریندارکرد.
وێرای ئیدانەکردن و سەرکۆنەکردنی ئەو پەلامارە، ھاوخەمی و پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی شەھیدان دەکەین و ھیوای زووچاکبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازین.
بەداخەوە، ئەم کردە تیرۆرستیانە لە سنووری ناوچە جێناکۆکەکان چەندجارێکە دوو بارەدەبێتەوە، بۆیە پێویستە ھێزە پەیوەندیدارەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، ھەنگاوی کردەی زیاتر بنێن بۆ بنبڕکردنی تەواوی مەترسیەکانی داعش.
لەئێستادا لەھەموو کات زیاتر پێویستە پەلە بکرێت لە پێکھێنانی ژووری ئۆپراسیۆنی ھاوبەش لەنێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشایە ئەمنیانەی نێوانیان.
سڵاو لە رۆحی پاکی ئەو پۆلە شەھیدەی کوڵەجۆ و سەرجەم شەھیدانی رێگای ئازادی و سەرفرازی کوردستان.
ڕەوەند مەلا مەحمود
لێپرسراوی مەڵبەندی دووی رێکخستنی کەرکوکی (ی.ن.ک)
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP