كەنەدا هۆشداریی لە خێرا بڵاوبوونەوەی ئۆمیكرۆن دەدات

تەندروستی
06:16 - 2021-12-16

شارەزایانی تەندروستی لە كەنەدا هۆشداریی لە بڵاوبوونەوەی خێرای ڤایرۆسی ئۆمیكرۆن و ئەگەری توشبوونی ئەو كەسانە دەدەن كە ڤاكسینیان  وەرگرتووە.
شارەزایانی تەندروستی كەنەدا دەڵێن: پێدەچێت حكومەتیش داوا لە هاووڵاتیان بكات كە لەم وەرزەدا لە گەشتی ناپێویست و گردبوونەوە دوور بكەونەوە، دكتۆر پیتەر جۆنی، سەرۆكی ئەنجومەنی راوێژی زانستی كۆڤید-19 لە ئۆنتاریۆ ، جەختی كردەوە كە پێویستە هاووڵاتیان بە جدی گەشتكردن و تێكەڵبوون لەم كاتەدا كەم بكەنەوە.
هاوكات دكتۆر تێریسا تام، بەڕێوبەری تەندروستی گشتی كەنەدا، رایگەیاند: ڤایرۆسی نوێی ئۆمیكرۆن دەتوانێت بە خێرایی لە رۆژانی داهاتوودا بڵاوبێتەوە، تەنانەت دەتوانێت كار بكاتە سەر ئەو كەسانەش كە پێكوتەی ڤاكسینەكەیان وەرگرتووە، بەڵام راپۆرتە سەرەتاییەكان رایدەگەیەنن كە كاریگەری كەمتر بێت.
دوكتۆر جۆنی سەرۆكی ئەنجومەنی راوێژی زانستی ئۆنتاریۆ لە درێژەی باسەكەیدا راشیگەیاند: ئەو كەسانەی كە دوو كوتانی كۆرونایان وەرگرتووە مەترسی توشبوونیان بە پەتای ئومیكرۆن یان گواستنەوەی ڤایرۆسەكەیان هەیە بەتایبەتی ئەو سەرنشینانەی بە فڕۆكە یان شەمەندەفەر گەشت دەكەن .
دەیڤد نایلۆر هاوسەرۆكی دەستەی بەرگری دژی كۆڤید-19، داوا لەو كەسانە دەكات كە لە هەفتەی داهاتوودا بڕیاریانداوە گەشت بكەن پێویستە رێنماییەكانی هۆشیاركردنەوەی گەشتكردن و دوور كەوتنەوە لە شوێنە قەرەباڵغییەكان رەچاوبكەن.
نایلۆر  وتشی: ئەو لە حەزی كەنەدیەكان تێدەگات بۆ گەشتكردن لەم وەرزەدا، بەڵام داوایان لێ دەكات كە رێنماییەكانی خۆپارێزی جێبەجێبكەن .
 نایلۆر خوازیارە سەرنشینان تا ئەو رادەیەی دەكرێت گەشتكردن بە شەمەندەفەر  بۆ ماوەیەكی  كاتی رابگرن تەنانەت ئەگەر بە ئوتۆمبێلیش بێت لەگەڵ هاوەڵانی باوەڕپێكراوەی خۆیان گەشت بكەن .
لە كۆتاییدا سەبارەت بە كۆبوونەوەی خێزانی لە جەژنەكانی سەری ساڵ و كریسمسدا، نایلۆر پێشنیاری سنوورداركردنی كۆبوونەوەی خێزانی كرد لە ماوەی پشووی كریسمەس و سەری ساڵ بەجۆرێك ژمارەی خێزان و هاوڕێكان بۆ چەند كەسێكی سنووردار بێت بۆ ئەوانەیپێشتر پێكوتەی ڤاكسینی كۆرۆنایان وەرگرتووە .
دكتۆر جێفری كۆن، پزیشكی نەخۆشی لە زانكۆی تۆرۆنتۆ، جەخت لە گرنگی وەرگرتنی دۆسەی پێكوتەكان دەكاتەوە و دەڵێت: واباشترە كەڕێبوارانی ناو فڕۆكە یان شەمەندەفەر سێ پێكوتەیان وەرگرتبێت، یان بەلانی كەمەوە دوو دۆزی پێكوتەیان وەرگرتبێت.
مەترسییەكان ناتوانرێت لە ئێستادا بە هەموو شێوەیەك بنبڕبكرێت بەڵام گەشت نەكردن باشترین رێگایە بۆ كاری خۆپاراستن، بۆیە دەكرێت مەترسی توشبوون بەپێی توانا كەم بكرێتەوە. 
جێی ئاماژەیە بەڕێوبەرایەتی تەندروستی هەرێمی ئونتاریۆ لە 28 ی مانگی نۆڤەمبەری رابردوودا دوو حاڵەتی توشبوون بە پەتای ئومیكرۆن لەشارەكانی هاڵتۆن و دۆرهام راگەیاند: كە لە ئەنجامی گەشتی چەند هاووڵاتییەك لە نایجیریا بۆ هاتبوون ئەو ڤایرۆسە بڵاوبووەوە .

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP