هەرێم.. خاوەن كێڵگەكانی پەلەوەر داوادەكەن هاوردەكردنی مریشكی بەستوو رابگیرێت

ئابوری
10:38 - 2022-01-02

خاوەنی كێڵگەكانی بەخێوكردنی پەلەوەر لە هەرێمی كوردستان داوادەكەن، حكومەت رێگە بگرێت لە هاوردەكردنی مریشكی بەستوو لە رێگەی سنورەكانەوە .

نازم عەبدوڵا سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگەكانی بەخێوكردنی پەلەوەر لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند، كێڵگەكانیان توانای بەرهەمهێنانی زۆریان هەیەو دەتوانن پێویستی هاوڵاتیانی هەرێم بۆ گۆشتی پەلەوەر دابین بكەن، بۆیە پێویست ناكات مریشكی بەستوو لە دەرەوەی وڵاتەوە هاوردە بكرێت .

هەروەك پەیامێكی ئاراستەی ناوەندە پزیشكییەكان كردو داوایلێكردن، پاڵپشتی بەرهەمی ناوخۆیی بكەن، چونكە بەروبومەكانی ناوخۆیی سەرچاوەیان دیارەو شتومەكی هاوردەش سەرچاوەكانیان نادیارەو دەبێتە مەترسی بۆ سەر تەندروستی گشتی .

هەروەك، داوای لە خاوەن رێستۆرانتەكان كرد، بەروبومەكانی ئەوان لە گۆشتی پەلەوەر بەكاربهێنن، بەو هەنگاوەش خزمەتی كڕیاران و خاوەن كێڵگەكان دەكەن .

باسی لەوەشكردوە، لەئێستادا بەهۆی هاوردەكردنی رێژەیەكی زۆری مریشكی بەستوو، جوجەڵەی پێویستیان لە نێو كێڵگەكان رانەگرتوە، لەترسی ئەوەی نەتوانن لەبازاڕەكان ساغی بكەنەوە .


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP