مام جەلال، لەنێوان سەلاحوددینی ئەییووبی و جەمال عەبدولناسردا

فەرهاد شاکەلی
20:41 - 2024-07-22

مام جەلال، خوا لێی خۆش بێت، ئەمەی بۆ گێڕامەوە، دەزانم لە شام [دیمەشق] بووین و ناوەڕاستی حەفتاکان بوو، بەڵام رۆژ و مانگم بیر نەماوە، لە بیریشم نییە هەر هەردوومان بووین یا کەسی دیکەیش هەبوون:

ساڵی ١٩٦٣، لە کاتی گوتوبێژی وەفدی شۆڕشی کوردستان و حوکومەتی یەکەمی بەعسدا، چووین بۆ قاهیرە بۆ سەردانی جەمال عەبدولناسری سەرکۆماری ئەوسای میسر، بۆئەوەی هەندێک گوشار بخاتە سەر دەستەڵاتدارانی بەغدا، ناسر رۆژێک بانگهێشتی کردین، بۆ نانی نیوەڕۆ بچینە ماڵەکەی خۆی کە نان دانرا، یەکێک لە چێشتەکان قەرەخەرمان [فریک] بوو، کە لە کوردستاندا ناوی دیکەیشی هەیە، گوتی ناسر رووی تێ کردم و وتی: ئوستاد جەلال، ئەمە خواردنێکی تایبەتی میسرییە و پێی دەڵێین [فریک]، زۆریش خۆشە. وتی منیش وتم: سەیید ئەلڕەئیس، ئەمە خواردنێکی ناسراوی کوردستانە. هەر ناوەکەیشی کوردییە، فریک یا فەریک بە میوە یا دانەوێڵەیەک دەگوترێت کە هێشتا نەگەیشتووە. ئەمەیش لە گەنمێک دروست دەکرێ کە هێشتا زەرد نەبووبێت. ناسر پێی سەیر بوو، کەمێک داما و گوتی؛ ئەگەر کوردییە چۆن گەیشتووەتە میسر؟ گوتم: ئەمە، وەک زۆر شتی تر، لەگەڵ سەلاحوددینی ئەییووبیدا گەیشتووەتە ئەم ناوچەیە، گوتی ناسر تەماشایەکی کرد و وتی: وەڵلاهی راست دەکەیت. چونکە وشەی فریک لە زمانی ئێمەدا هیچ مەعنایەکی نییە.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP