دەباشان و سلێمانی چەقی یەكلاكردنەوەی گرفتەكانی هەرێم و ناوچەكەی كراوەتەوە بە بەردا.
هاتنی مسعود پزیشكیان سەرۆككۆماری ئێران بۆ سلێمانی و دەباشان و كۆبونەوەی تایبەتی لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و دانانی تاجەگوڵینەی وەفا لە سەر مەزاری سەرۆك مام جەلال، ئەو ڕاستییە بەگوێی یار و نەیاردا دەدات كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و سەرۆكەكەی تووانیویەتی بەسیاسەتی حەكیمانەی خۆی، جارێكی دی دەباشان و سلێمانی ببێتەوە شوێنگەی چارەسەركردنی گرفتەكانی ناوچەكە، ئەوەی كە جێگەی دڵخۆشییە بۆ هەمووان ئەوەیە كە بافڵ جەلال تاڵەبانی توانیویەتی پێگە بگەڕێنێتەوە بۆ سلێمانی و هەموو پلانەكان تێك بشكێنێت كە دەرهەق بە سلێمانی و یەكێتی دەگیرانە بەر بۆ لاوازكردنی پێگە ڕاستەقینەكەی خۆی و دەباشان و سلێمانی جارێكی تر تاجی یەكلاكردنەوەی كێشەو گرفتەكانی لەسەرناوەتەوە و بڕیارە گرنگەكانی لێوە دەربچێت.
ئەم هەنگاوە سەرەتای هەڵهاتنی خۆرێكی نوێیە بە ئاسمانی سلێمانی و یەكێتی نیشتمانیی كوردستان دا، هەنگاوەكانی ڕابردووی بافڵ جەلال تاڵەبانی ئومێد بەخشی زیاتری لە هەگبەی سیاسەتی خۆیدا هەڵگرتووەو چاوەڕوانی ئایندەیەكی باشتری لێدەكرێت بۆ سلێمانی و هەرێمی كوردستان و حكومڕانی ئایندەی هەرێمی كوردستان، بۆیە كردارەكان دەرخەری ئەو ڕاستییەن كە دەباشان و سەرۆكی یەكێتیی بەرگی یەكلاكردنەوە و سەنگی سیاسی و دبلۆماسیەتی كردووەتەوە بە بەر باڵای سلێمانیدا.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP