شیكاری
و راڤەی كەسایەتیە سیاسیە دەگمەنەكانی مێژوو، بەرمەبنای تیۆرەكانی هەڵسەنگاندن بە
شێوەی جیاواز و لە گۆشەنیگای جوداوە هەڵسەنگاندنی بۆ دەكرێت، قوتابخانە ئەمەریكیەكان
تایبەتمەندییە كەسیەكان دەكەن بە بنەمای شیتەڵكردن و ئەوروپیەكانیش لەسەر كاریگەری
دیاردەكان دەوەستن، مام جەلال یەكێك لە سەركردە تاقانەكانی مێژووی هاوچەرخە، كە هەردوو
قوتابخانە و تیۆر لەسەر ئەوە كۆكن، كە دووبارەبوونەوەی لە ئەستەم و مەحاڵ نزیك دەبێتەوە،
چونكە بە تایبەتمەندییە كەسیەكانی و كاریگەرییەكانیشی لەسەر روداو و دیاردەكان، سەلماندویەتی
كە كەموێنە و بێ وێنەیە لە مێژووی هاوچەرخدا.
هەرچەندە
وێستگە جیاوازەكانی خەباتی (سیاسی ـ پێشمەرگایەتی، دیپلۆماسی، مام جەلال بە هەلومەرجی
سەختدا تێپەڕیون، بەڵام لە كۆی قۆناغەكانی خەباتە هەمەلایەنەكەیدا توانیویەتی سەرنجی
جیهانی سیاسی، رۆشنبیری، میدیایی بۆ لای خۆی كەمەندكێش بكات و كاریگەریی بەسەر
روداوەكانەوە جێبهێڵێت. بۆیە ئەگەر لەسەر ئاستی جیهان بەشێوەی راپرسی، بەم پرسیارە
سادەیە دەستپێبكەین و بپرسین مام جەلال كێیە؟، هاووڵاتیانی ئەمریكا گێڕانەوەی هەمان
قسەكانی سەرۆك بۆش و سەرۆك كلنتن و مادلین ئولبرایت و كوندۆلیزا رایس لەسەر مام جەلال
بەنموونە دەهێننەوە، ئێرانیەكان ستایشی ئایەتوڵڵا خامەنەئی و ووتەكانی سەرۆك محەمەد
خاتەمی و سەرۆك ئەحمەدی نەژاد لەسەر مام جەلال دەكەن بە بنەمای هەڵسەنگاندن و راڤە،
دەی خۆ لەسەر ئاستی عیراقیش بە هەموو پێكهاتەكانەوە، ناسنامە و نازناوی (سەمام ئەمان)ەكەی
سەید عەلی سیستانی دەكەن بە پۆینتی راڤەی زاتی باڵای كوردایەتی و مرۆڤایەتیەكەی
مام جەلال. ئەگەریش هەمان پرسیار لە هەر یەكێك لە هاوڵاتیانی (مەسیحی، ئێزدی،
توركمانی، فەیلی، پێكهاتەكانی دیكەی ئایینی و نەتەوەیی هەرێمی كوردستان و عێراق
بكرێت، ئەوە هەر لە دۆخی یەقینیەوە، وەڵامەكەی وەكو یەك دەبێت و دەڵێن مام جەلال
پارێزەری ئێمە بوو، لە ئێمەش چوو.
هەڵسەنگاندن
و دانپیانانی دیپلۆماتكارە بە تواناكانی جیهان، بەڵگەی ئەوەن كە زاتی مام جەلال، بە
تەنها رۆڵ و شوێنی لە دروستكردنی پردی پەیوەندییەكان نەبووە، بەڵكو گەورەییەكەی لەوەدابووە
كە توانیوویەتی ئەڵقە و رایەڵەكانی نێوان دژەكان بگەیەنێتەوە یەكتر، رەنگە ستایشی
رۆژنامەنووسی بەناوبانگی عەرەب (عەبدولڕەحمان راشید) بەس بێت، كە لەو بارەوە نووسیبووی
"زاتێكە لە راگرتنی هاوسەنگی، كە دەتوانێت لەیەك رۆژدا كۆندۆلیزا رایس و ئەحمەدی
نەژاد ماچ بكات و نە ئێرانیەكان توڕەبن و نە ئەمەریكیەكانیش هەڵبچن. هەر ئەم سیاسەتی
هاوسەنگیەیە كە لە ئەزموونی توركیاش سەركەوت، چونكە كەس بیری ناچێت ئەوە مام جەلال
بوو بتوانێت نێوەندگیری لەنێوان توركیا و پەكەكە بكات و دواجار ئاگربەست لەنێوانیاندا
رابگەیەندرێت و بۆ ماوەیەكی درێژ، خوێنڕشتن بوەستێت و لە ناوخۆی توركیا و ناوچە
سنورییەكانی هەرێمی كوردستان سەقامگیرییەكی هەمەجۆر بەخۆیەوە ببینێت و نێوان شیعە
و سوننەی عێراقیش بە هەمان شێوە.
لە
زۆر بواردا لەسەر ئاستی ناوخۆیی، ئیقلیمی، جیهانی هەڵسەنگاندن بۆ رۆڵی مام جەلال
كراوە بەڵام وەكو پێویست دیراسەیەكی زانستی لەسەر كەسایەتی مام جەلال نەكراوە.
مام
جەلال چۆن توانی لە دوو شۆڕشی درێژخایەندا (شۆڕشی ئەیلول، شۆڕشی نوێ) لە دوو سەدەدا،
درێژە بە خەباتی هەمەجۆر بدات و ئەو هەموو قۆناغە سەختانە ببڕێت، كۆڵنەدات، بێ ئومێد
نەبێت تا گەیشتن بە لوتكەی دەسەڵات، راستیەكەشی دەبێ بە دوای دۆزینەوەی سەرەداوی ئەو
نهێنییانە بگەڕێین تاوەكو وەڵامی پرسیاری سەرەوەمان دەست بكەوێت.
مام
جەلال پێش هەموو شتێك كەسێكی خوێندەواری سەردەمی خۆی بووە، هۆگری كتێب و ئەهلی زانین
و مەعریفە بووە، هەمیشە كادیرەكانی هاندەدا كتێب بخوێننەوە و ناوی هەندێ كتێبی دەهێنا
كە پێویستە هەموو كادیرەكان ئەو كتێبانە بخوێننەوە و ئاستی وشیاری كادیران بەرز ببێتەوە،
چونكە وتەیەك هەیە دەڵێ: (گەلەكەت فێر بكە، چونكە گەلانی فێركراو فەرمانڕەواییان
ئاسانە).
ئەم
خەسڵەتەی مام جەلال هاوتەریبە لەگەڵ ئەو وتەیەی كە دەڵێ: (ئەو سەركردەیەی كاتی نەبێ
رۆژنامە و كتێب بخوێنێتەوە، دیارە كاتیشی نابێ لە گرفتەكانی خەڵك بزانێ). لەلایەكی دیكەوە هۆگری كتێب، واتە خوێندنەوەی مێژوو،
خوێنەری مێژووش واتە ئەزموون وەرگرتن لە هەڵە و هێڵە ڕاستەكانی سەركردەكانی پێش خۆی،
سەربور وەرگرتن لە هۆكاری شكست و سەركەوتنی شۆڕشی گەلانی جیهان.
مام
جەلال بەو مەعریفەیە و بە سودوەرگرتن لە ئەزموونی شۆڕشی گەلان و خەسڵەتی سەركردەی
خوێندەواری بلیمەت و بەئەزموون، توانی خۆی لەگەڵ هەموو قۆناغ و هەل و مەرجێك بگونجێنێت
و ببێتە سەركردەی ئەو قۆناغ و هەل و مەرجانە، لە سەركردەی سیاسییەوە بۆ سەركردەی پێشمەرگایەتی
(سەربازی). لە سەركردەی ئۆپۆزسیۆنەوە بۆ سەركردەی دەسەڵات و حكومڕانی، لە سەركردەی
شۆڕشێكی نەتەوەیی و نیشتمانی و رزگارییەوە بۆ سەركردەی دەسەڵاتداری عێراق ( سەرۆك
كۆمار) و پارێزەری مافی هەموو پێكهاتەكانی وڵاتێكی فرە نەتەوە و ئایین و مەزهەب.
ـ
چەرچڵ دەڵێ: (هەرگیز نابێ سەركردە بێ ئومێد بێت، هەر كاتێ بێ ئومێد بوو، ئەوكاتە
مانای وایە ئەو كەسە سەركردە نییە). لەو روانگەیەوە مام جەلال هەمیشە یەكێك لە خەسڵەتە
بەهێزەكانی ئەوەبوو كە هەرگیز و لە هیچ شكست و هەل و مەرجێكدا بێ ئومێد نەدەبوو.
گرنگە نموونەیەك لە قۆناغێكی دژواردا باس بكەم لە دوای (٣١)ی ئاب، مام جەلال بارەگاكەی
خێمەیەك بوو لە گوندی زەڵێ كە ئەوكاتە تەنها (٤) گوندی باشوری كوردستان لەسەر سنوری
ئێران بەدەست یەكێتییەوە مابوون، نوێنەری یەكێتی لە وڵاتێكی دراوسێوە هاتبوو سەردانی
(مام جەلال)ی كرد و مام جەلال لێی پرسی وەزعمان چۆنە، ئەویش وتی: مام جەلال گیان ئەم
وڵاتانە لەگەڵ هێز مامەڵە دەكەن ئێمە هیچمان نەماوە، مام جەلال نەیهێشت ئەو بەرپرسەی
یەكێتی قسەكانی تەواو بكات، پێی وت تو روخاویت یەكێتی كادیری روخاوی وەكو تۆی ناوێت،
یەكێتی خاكی لەدەست داوە بەڵام ئیرادە و پشتیوانی گەلی كوردستانی هەیە و ئەم دۆخە
زۆر كاتیە و سەردەكەوین و دەگەڕێینەوە شارەكان.
مام
جەلال گرنگییەكی تایبەتی بە پێگەیاندنی سەركردە دەدا و هەمیشە كەسانی خوێندەوار و
خاوەن بیر و مەعریفە لە دەوروبەری خۆی كۆ دەكردنەوە و پرس و راوێژیان پێ دەكرد و ئەركیان
پێدەدا، ئەم خەسڵەتەش هاوتەریبە لەگەڵ وتەیەكی جۆن ماكسویلی شارەزا لە زانستی سەركردایەتیدا
كە دەڵێ: (مەزنی سەركردەكان لەوەدایە كە وامان لێ بكەن هەست بەوە بكەین كە ئێمە مەزنین
كاتێك كە لەگەڵ ئەواندا دەبین).
ـ
مام جەلال هەمیشە چەند بژاردەیەكی هەبوو بۆ چارەسەركردنی كێشەكان ئەم خەسڵەتەش تەنها
لە سەركردەی بیرفراوان و بەئەزمووندا هەیە و سەركردەی راستەقینە لە دژوارترین و ئاڵۆزترین
كێشەدا پێویستە چەند بژاردەیەكی هەبێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، هەروەكو هانیبال،
قەیسەری ئەسین دەڵێ: (سەركردە یان ئەوەتا دەبێ رێگا بدۆزێتەوە، یاخود رێگا بخوڵقێنێ).
ـ
خەسڵەتێكی دیكە مام جەلال ئەوە بوو كە پەیوەندییەكی فراوانی هەبوو لەگەڵ چین و توێژەكانی
كۆمەڵگە، لەگەڵ سەندیكا و رێكخراوە دیموكراتیەكان، لەگەڵ نووسەران و میدیاكاران و
هونەرمەندان و كەسایەتییە ئایینی و كۆمەڵایەتییەكان و هەمیشە دەرگای لەسەر پشت بووە
بۆ ئەو چین و توێژ انە
و لەڕێی ئەوانەوە ئاگاداری دۆخی هاووڵاتیان دەبوو. ئەمەش خەسڵەتێكی گرنگ بوو، چونكە
وتەیەك هەیە دەڵێ: (هەر سەركردەیەك كە هاووڵاتیان روویان تێنەكرد و لە دەرگایان نەدا
و گیروگرفتی خۆیان پێ نەگەیاند، ئەو سەركردەیە مەیلێكی دیكتاتۆری هەیە و دەستوپێوەندەكانی
دەرفەت بۆ هاووڵاتیان و تەنانەت كادیرانی ئەو سەركردەیە ناڕەخسێنن و بەمەش بە تەواوەتی
لەگەڵ جەماوەر دادەبڕێت).
ـ
هەر سەركردەیەك لەگەڵ گەلەكەی داببڕێت نە لەگەلەكەی تێدەگات، نە دەتوانێت سەركردایەتیان
بكات، مام جەلال لە گەلەكەی تێدەگەیشت و دەزانی بە چ شێوەیەك سەركردایەتی گەلەكەی
خۆی بكات.
ـ
مام جەلال یەكێك بوو لەو سەركردانەی كە هەمیشە بۆ ئایندە دەڕوانی و تەنها پلانی نەبوو
بۆ سەركەوتن بەڵكو پلانی هەبوو بۆ چۆنیەتی پاراستنی ئەو سەركەوتنە. بۆ نموونە پلانی
هەبوو بۆ رزگاركردنی كەركوك، بەڵام بیری لەوە دەكردەوە كە چۆن ئەو سەركەوتنە بپارێزێت،
بۆ ئەو مەبەستە توانی بە پلانێك هەموو پێكهاتەكانی كەركوك لەژێر چەتری یەك ئیدارەی
هاوبەش كۆ بكاتەوە، ئەم خەسڵەتەش لە هەموو سەركردەیەكدا نییە، چونكە زۆربەی سەركردەكان
دەزانن چۆن سەركەوتن بەدەست بێنن، بەڵام كەم لەو سەركردانە دەتوانن تا سەر ئەو سەركەوتنانە
بپارێزن.
ـ
سەركردەی سەركەوتوو، ئەو سەركردەیە كە لێبوردە بێت و هیچ كاتێ بڕیار لەسەر بنەمای
رق و كینە نەدات، مام جەلال یەكێك بووە لەو سەركردانەی كە هەمیشە لێبوردە بوو. بۆ
نموونە تەنها (٢) ساڵ بەسەر (٣١)ی ئاب و كەمتر لە یەك ساڵ تێپەڕی بوو بەسەر ئۆپەراسیۆنەكانی
سوپای توركیا كە بە هۆی (٣١)ی ئاب و ئۆپەراسیۆنە زەمینی و ئاسمانییەكانی سوپای
توركیا سەدان فەرماندە و پێشمەرگەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان شەهید كرابوون، بەڵام
لەپێناو بەرژەوەندی گشتی مام جەلال تەنها بە یەك سەیارە سەردانی سەری رەشی كرد و لەگەڵ
مسعود بارزانی گەیشتنە رێكەوتن و بۆ قۆناغێكی
دیاریكراو رێكەوتنی ستراتیژی دەستكەوتی زۆری هەبوو بۆ گەلی كوردستان و ئەو رێكەوتن
و دەستكەوتانە بەرهەمی لێبوردەیی مام جەلال بوو.
ـ
مام جەلال هەمیشە خۆی بە موڵكی گشتی زانیووە و خۆی قەتیس نەكردووە لە ناو بازنەی هۆزێك،
شارێك، نەتەوەیەك، ئایین و مەزهەبێكی دیاریكراودا. بۆیە وەك تۆماس جیفیرسن دەڵێ:
(كاتێ سەركردە بیەوێ متمانەی گشتی بەدەست بێنێ، دەبێ خۆی بە موڵكی گشتی بزانێ). ئەم
خەسڵەتەش لە كەسایەتی هەموو سەركردەیەكدا رەنگدانەوەی نییە.
خەسڵەتێكی
دیكەی مام جەلال، گرنگیدان بوو بە ئازادی رادەربڕین، مافی ژنان، مرۆڤ دۆستی، هەوڵدان
بۆ هوشیاری نەتەوەیی، نەرم و نیانی لە بڕیاردان. ئەم خەسڵەتانەش هاوتەریبە لەگەڵ
وتەیەكی ئۆتۆفۆن بیسمارك كە دەڵێ: سەركردەی مەزن بە سێ خەسڵەت دەناسرێتەوە( نەرم و
نیانی لەبڕیاردان، مرۆڤ دۆستی لە سزادان، بێ فیز لە سەركەوتندا).
ـ
مام جەلال ئەو سەركردە خۆرسك و راستەقینە بووە كە لە هەموو بارودۆخێكدا پەیڕەوی بنەماكانی
ئاكاری سیاسی كردووە و توانیویەتی مێژوو دروست بكات.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP