کات چەند بە خێرایی تێدەپەڕێت؟!
وا سی ساڵ زیاترە ماڵمان لە گەڕەکی عەقاریی شاری سلیمانییە، شاری هەڵمەت و قوربانیی و پایتەختی رۆشنبیریی و میهرەبانیی، کە بە بەراورد بە جەلەوە و خانەقی، لێرە زیاتر ژیاوم . دەتوانم بڵێم عەقاریی بۆ من بۆتە دیوێکی دیکەی بەهەشتی جەلەوە و سلیمانیش بۆتە نیوەکەی تری نوسفی جهانەکەی خانەقی، لە دڵ و یادگاریی و روحی مندا.
لەم شەوانەدا بە تەنیا لە حەوشە دانشتبووم، هەر خۆم لەگەڵ خۆمدا بووم، سەیری ئاسمانم دەکرد، ئەستێرە لە ژمارە نەهاتوەکان هەمویان بە دوور و نزیکەکانەوە مێشکمیان داگیرکرد و بیر و هۆش و خەیاڵی منیان بە لای خۆیاندا راکێشا و بردمیانە ناو بیرکردنەوەی سەیر و ئەندێشەی سەمەرەوە.
لەم شەوەدا مانگی تابان نوری دەباراندە سەر تاریکایی شەو.
سەیری مانگ و ئەستێرەکانم دەکرد، مانگ نزیک و ئەستێرەکان دوور، مانگ گەورە و ئەوانەی دی لەم گەردوونە بێ سنوورەدا، بچووک دیاربوون کەچی لە راستیدا و بەپێی زانستی گەردونناسیی و ئەوەی تا ئێستا مەعلومە، مانگ لە زۆربەی هەرە زۆری ئەستێرەکانی دیکەی ئەم ئاسمان و گەردوونە بچووکترە، بەڵام لای ئێمەی مرۆڤی نیشتەجێی سەر زەوی بە رووکەش وا دەردەکەوێت کە لە هەمووان گەورەتر و رەونەقدارترە و پاشای ئەستێرەکانە!
لە دێر زەمانەوە، ئەوەندەی شعر و پەخشان و پێهەڵدان پێشکەش بە مانگ کراوە، بە ئەستێرەکانی تر نەکراوە، ئەگەرچی لە حەقیقەدا ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە لە مانگ گەورەتر و جوانتر و رەونەقدارتر نییە لە ئاسمان و لەناو گەردوونی لەبن نەهاتوودا بەڵام ئێمە وەکو خۆیان نایان بینین، قسەیەکی کوردەواریی خۆمان هەیە دەڵێت: «ئەوەی لەبەر چاوانە لە بەر دڵانە».
بەداخەوە ئەم دیاردەیە تا رادەیەک لە خەبات و تێکۆشان و شۆرش و ژیانی رۆژانە واقعیشماندا رەنگیداوەتەوە.
زۆر سەربازی ون هەن، ئەوان سەردەمانێک ئەستێرەی نزیک و پرشنگداری خەبات و شۆرش بوون، خاوەن رەنج و فیداکاریی بوون، کەچی ئێستا ئەوان دوورە دەستن، بەشێکیان خۆیان دوورە پەرێزن و بەشەکەی دیکەیش بێبەشن لە چاوی رەحمەتی بریار بەدەستانی گۆرەپانەکە!
ئەم نادادپەروەریە لە زۆربەی شوێن و سەردەمەکاندا هەبووە و هەیە، لای خۆشمان ئەم دیاردەیە روون و ئاشکرایە بە هۆی کوردایەتی و شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکانی کوردستان بە گشتی و شۆرشی نوێی گەلەکەمان بە تایبەتی. ژمارەیەک پێشمەرگەی ماندوو، کادری رێکخستی ناوشار و کەمئەندامی سەنگەر و زیندانی سیاسیی هەن کە مافی ماددیی و مەعنەویی و هەقی شایستە بە خۆیان وەرنەگرتووە، دوای سەرکەوتنی شۆڕش و دامەزراندنی قەوارەی هەرێمیش، چونکە ئەوانە بە هەر هۆیەک بێت لە بەرچاونەبوون و فەرامۆشکراون.
ئەمە وێڕای فەرامۆشکردنی ناو و ناوبانگی کۆمەڵێک شەهیدی سەنگەر و قارەمانی زیندانەکانی سەردەمی رژێمی بەعسی دڕندە و داگیرکەر کە تەنانەت مافی کەسوکاریشان وەکو پێویست نییە.
دوای ئەم دیمەنانە چاوم کەوتەسەر دار نارنجی حەوشاکەمان کە بە نەمامیی لە خانەقینەوە هێنامان بۆ سلێمانی، چەند باڵابەرز و سەوزپۆشە و ژمارەیەکی زۆر نارنجی گرتووە و خۆی کردەوە بە ئاسمانی نارنجەکان و ئەوانیش وەک ئەستێرەکان، درختەکەیان رازاندۆتەوە. ئاشکرایە ئەم درختە بە رەگەکانی خۆی لە ناخی زەویدا قایمکردووە و بە ساق و لقی گەڵاکانیش ژیان بۆ خۆی لەناو گوزەری وەرزەکانی ساڵدا مسۆگەر دەکات. لێردەدا دەمەوێت بڵێم کە یەکێتی و هەر حزبێکی سیاسی دیکە وەک ئەو درەخت و دارنارنجە وایە، چونکە مەحاڵە بتوانێت بە بێ رەگ و لق و گەڵا لە سوڕێکی سروشتیدا بژی.
بە کورتی و پوختی، ئەرکی سەرەکیی سەرکردایەتی یەکێتییە لەم سەردەمەدا شانبەشانی سەرکەوتنەکانی پاش کۆنگرەی پێنجەمی خۆی، بیرێکی زۆر جدیی لە چارەسەری ئەم ناهەقی و ناعەدالەتییە بکاتەوە، بێگومان لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی چڕوپر و واقیعیی بۆ ماوەیەکی دیاریکراو و بە هیمەتێکی لۆژیکییانە و شۆرشگێرانەوە برینەکانی چەند ساڵی رابردوو ساڕێژ بکات، بێگومان بەمەش یەکێتی خۆی بەهێز و ئایندەشی مسۆگەرتر و روونتر دەکات چونکە لەلایەک زاخاوی رێی خەباتی خۆی دەدات و لە لایەکی دیکەشەوە، برینەکانی ساڕێژ دەکات و لە داهاتوودا ئاشتبوونەوەیەکی گشتیی دەکات بە نەخشەڕێگای سەرکەوتنەکانی کە ئەمەش بەجۆرێک دەبێت، یەکێتی بەئاسانی دەتوانێت رۆڵی فراوان و کاریگەرتر و شایستەتر بەخۆی بگێڕێت، لە هەموو کایەکان و ئاستەکانی خەبات چ لە هەرێم و عیراقی فیدراڵدا چ لە ئاستی ناوچەکەدا وەک حزبێکی بەرپرسیار و رێبەر لە نەخشەڕێگای بەدیهێنانی مافی رەوای گەلەکەمان و سەرخستنی رێبازی راستەقینەی کوردایەتیدا.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP