ساڵێ نوێ.. ساڵی کوردستان و کەرکوک

د. شیلان فەتحی
21:35 - 2024-12-31

ساڵێ نوێ.. ساڵی کوردستان و کەرکوک

د.شیلان فەتحی

ساڵی ٢٠٢٤، لەگەڵ ئەوەی هەرێمی کوردستان لە زۆر رووەوە بەدەست کێشەی زۆرەوە دەیناڵاند، لەهەمانکاتدا لەڕووی سیاسییەوە لەسەر ئاستی ناوخۆ گۆڕانکاریی باشی لەڕووی چەندێتییەوە بەخۆیەوە بینی، بەتایبەت ستۆپکردن بە سیاسەتی خۆسەپێن و تاکڕەویی کەوا کوردستانی دووچاری قەیرانی زۆر گەورە کرد.

لەگەڵ تاڵی و ناخۆشی زۆر، ئەوەی وەکو هیوایەک لە مانگی ١٠ی ٢٠٢٤ەوە روویدا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تیایدا بووە هێزێکی سەنگین و ئیتر لە پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا رۆڵی گرنگی دەبێت و لە چوار ساڵی داهاتووشدا لە رێگەی جێبەجێکردنی بەڵێنەکانییەوە خزمەتی زۆرتر بە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات و دەشتوانێت رێگریی لە حوکمی تاکڕەوی و دەسەڵاتی خۆسەپێن بکات.

هەر لە ساڵی ٢٠٢٤، یەکێتی پارێزگاری کەرکوکی قودسی کوردستانی وەرگرتەوە کە بەهۆی ریفراندۆمە شکستخواردووەکەی ساڵی ٢٠١٧ەوە کەرکوک دووچاری سیاسەتی تەعریبی نوێ بووبووەوە.

ئێستا هەرێمی کوردستان و یەکێتی تاکڕەوییان وەستاندووە، کەرکوکیش گەڕاوەتەوە دەستە ئەمینەکەی یەکێتی کە مامی گەورەمان بەڵێنی پاراستی داوە و سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانیش بەوپەڕی جەرائەتەوە کەرکوکی گەڕانەوە بۆ یەکێتی و کورد و کوردستان.

ئەو دوو رووداوە گرنگە لە ساڵی ٢٠٢٤، وامان لێدەکەن کە سەرەڕای بێ مووچەیی و دەستگرتن بەسەر قوت و بژێوی خەڵکدا، هیوایەکمان هەبێت و بە بڕوای سەوزەوە بۆ داهاتوویەکی گەش بڕوانین.

ساڵی ٢٠٢٥، بە ویستی خوا و هێزی خەڵک و سەردکردایەتیی یەکێتی، دەبێتە ساڵی سەرکەوتنی خەڵکی شەرەفمەندی کوردستان و کۆتایی قەیرانە دروستکراوەکان، کوردستان ئاوەدان و کوردی هەر چوار پارچەی کوردستانە دابەشکراوەکەمان بگەمە سەربەستی و سەربەخۆیی.
د شيلان فتحي هه مه وندي

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP