یەکێتی بەردەوام ئەبێت، دیداری یەکێتیش بەردەوام ئەبێت

دريڤان عه‌بدولقادر
20:51 - 2022-04-28

چوار پێنج ساڵ لەمەوبەر لە بارەگای مەکتەبی سیاسی/سلێمانی کاک قوباد وەکو سەرۆکی تیمی یەکێتی لە حکومەتی ھەرێم کۆبوونەوەیەکی ئەنجام دا لەگەڵ ژمارەیەکی زۆری کادیرانی پێشکەوتووی حزب لە ھەموو ئاستەکاندا، ئەمە لە کاتێکدا بوو کە ڕەخنە و گللەییەکی زۆر ڕووبەڕووی بەرێزیان ئەبووەوە لە لایەن کادیرانی حیزب چ لە ناو ئۆرگانەکان و چ لە ڕاگەیاندنەکاندا.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە کار و چالاکییەکانی تیمەکە کرا و ھەروەھا ھۆکاری بەردەوام بوون لە کاردکردن لەم حکومەتە و قبوڵکردنی ئەو نامقوڵیانەی کە بەرامبەر خودی کاک قوباد و حزبە ئەکرێت، ھۆکارەکان بریتی بوون لە ھەموو ئەوانەی کە ئێستا لە ڕاگەیاندن باسی لێوە ئەکرێت و پارتی ھەڵوێستی چۆنە و ئەگەر کاک قوباد پشوودرێژی و دان بەخۆدا گرتنی ھەڵنەبژاردایە ھەر ئەو کات سلێمانی ڕووبەڕووی ئەم دۆخەی ئێستا و خراپتریش ئەبووەوە، زۆر بە دیقەت باسی لە ھۆکار و دەرەنجامەکانی کرد بەڵام ئێمەی کادیرانی یەکێتی بێ ئاگایانە بە حەزوو و ئارەزووی قسەی بریقوباق و ھوتافات گوێمان لێنەگرت و بەردەوام بووین لە ڕەخنە گرتن و سوور بوین لەسەر ھەڵوێستە دژەکان. لە ئێستادا کە پارتی سزای زۆنی سەوز ئەدا دەقاودەق قسەکانی کاک قوبادم بیر دێتەوە و بە چاوی خۆم ئەبینم ھەمووی ھاتە دی.
ئێستاش کە ھەڤاڵی ناوبراو سەرپەرشتی دیداری یەکێتی ئەکات بۆ دانانی بەرنامەی نوێ و چۆنیەتی بەرەوپێشبردنی حزب و زیاتر خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ، ئەبینین سەرلەنوێ رەخەنە و دژایەتی دەستی پێکردۆتەوە. 
بۆیە ڕووی دەمم ئەکەمە حزبەکەم و ئەڵێم، سیاسەت بە ھاشوھوش و فەوزا ناکرێت ، سیاسەت بیرکردنەوەی حەکیمانە و سیاسەتمداری حەکیمی پێویستە، یەکێتی ئێستا لەنێوان بەرداشی دەسەڵاتێکی قۆرخکار و ئۆپزیسیۆنێکی سەرلێشواودایە، لە لایەک پارتی وەکو حزبی دەسڵات خاوەنداری حکومەت تا سەر ئێسک دژایەتی ئەکات بە بێ گوێدانە ھیچ بەھایەکی حزبی و سیاسی و بەرژەوەندی گەل و نیشتمان و بەھەمان شێوە و نەفەسی پارتی ئۆپزیسیۆنەکان ھەمان کارمان لەگەڵدا دەکەن تەنھا بۆ ئەوەی ببن بە بەدیلی یەکێتی و ئەم ھەرێمە بەرەو حزبی قائد و دکتاتۆریەت بەرن.
ھەڤاڵانم لێگەرێن با بەرنامە و پیالانگێڕی نەیارانمان کارمان تێنەکات. 
یەکێتی بەردەوام ئەبێت، دیداری یەکێتیش بەردەوام ئەبێت. و نەیارانمان خەیاڵیان خاوە، یەکێتی لە ناو ھەناوی شکستەوە سەریھەڵداو شکستی بە شکست ھێنا، یەکێتی خاوەنی مێژوویەکی پڕ سەروەری و قوربانیدان و ڕووبارێک خوێنە، ھەرگیز شکست ناھێنێت و بەردەوام ئەبێت لە خزمەتکردنی گەل و نیشتمان .

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP