داوێکی تری نالی

هیوا جەلال
21:34 - 2022-05-15

داوێکی تری نالی
هیوا جەلال
وردەکارییە ئیستاتیکییەکانی نالی، هەمیشە دڵ و بیری وێژەوانە گەوهەرناسەکانی کەمەندکێشکردووە، دۆزینەوەی ئەو دوڕە بریسکەدار و گەوهەرە درەوشاوانەی، کە نالی خستوویەتییە نێو دەریا وێژەوە، مەگەر بندەریاگەرێکی بیرتیژ و هۆشمەندێکی خاوەندڵی وەکو (مەسعود موحەمەد)، یان (مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس) بتوانن لە دەریاکەی نالیدا گەوهەردۆزیی بکەن، چونکە نالی خۆی دەڵێت:
«بەحری غەزەلم، پڕ لە دوڕ و گەوهەرە، ئەمما
غەوواسی دەوێ، یەعنی بە تەعمیقی بزانە»
واتە: دەریای شیعرەکانم، پڕیەتی لە دوڕ و گەوهەر، بەڵام دەرهێنانی ئەم دوڕ و گەوهەرانە، بندەریاگەڕێکی لێزانی دەوێت، کە قووڵ ڕۆبچێت.
سەرەڕای ئەمەیش نالی بە هۆی باڵادەستی لە یاریکردن  بە وشە و لێهاتوویی لە ڕەوانبێژییدا، زۆربەی شیعرەکانی پڕن لە تەڵە و داوی ورد، مانادۆزەکان، نەک تەنها ناتوانن بەباشیی مانا سرکەکانی ڕاوبکەن، بەڵکو زۆرجار پێیان لە تەڵە و داوەکانی نالی گیردەبێت، خۆی وتەنی:
«نالی بەداوە، شەعری دەقیقی خەیاڵی شیعر
بۆ ئەو کەسەی، کە شاعیرە سەد داوی نایەوە»
واتە: نالی، بە شیعرە پڕ لە وردەکارییەکانی، کە وەکو تاڵە قژ وان، سەد داوی ناوەتەوە، بۆ ئەوانەی کە شاعیرن و بەدوای مانای ورددا دەگەڕێن.
 
لێرەدا دەمەوێت چاوێک بەم دێڕەی نالیدا بخشێنم
«سروشکم، ئاب و دانەی نارە، کێ دی؟!
بەگەرمیی داوەرێ، بەم تەرزە تەرزە؟!»
سەرەتا مانای دەربڕاوەکانی ناو دێڕەکە بەم جۆرەن:
سروشک: فرمێسک
ئاب: ئاو.
نار: ئاگر (لە عەرەبییدا)، نار: هەنار (کورتکراوەی (انار)ە، لە فارسییدا).
کێ دی: ڕستەیەکە  زۆر جار بۆ دەربڕینی سەرسوڕمان. بەکاردێت، وەکو: «کێ دی، بزن بفڕێ؟!»
داوەرێ: هەڵوەرێت.
تەرز: لە فارسییدا (طرز) واتە: جۆر و شێوە.
تەرزە: تەزرە، تەرزە، تەرزە و باران.
 
پێش ئەوەی دەربڕاوەکانی دێڕەکە بخەینە ناو چوارچێوەی ئەو مانا کەمەی، کە دەستماندەکەوێت، پێویستە ئەوە ڕۆشنبکەینەوە، کە نالی بەناڕاستەوخۆ ئاماژە بۆ دوو بابەتی زانستی ژیربێژیی(لۆژیک) دەکات، یەکەمیان بابەتی هاودژ(التناقض)ە، هاودژ: بریتییە لەوەی کە دوو دەربڕاوی دژ بەیەک، کە پێکەوە کۆنابنەوە و لەیەک کاتدا ناکرێ هەردووکیان ڕاست بن و ناکرێ هیچ کامیشیان ڕاست نەبن، بەواتایەکی تر دوو دەربڕاوەکە، یان دوو ئەگەرەکە یەکێکیان ڕاستە و ئەوی تریان ناڕاستە و ئەگەری سێیەم لە ئارادا نییە، هەمیشە وەڕاستگەڕانی یەکێکیان، ئەوی دیکە هەڵدەوەشێنێتەوە، بۆیە مامۆستا مەسعود موحەمەد بە هاودژ دەڵێت (هەڵوەشێنە).
بۆ نموونە:
ــ چوار ژمارەیەکی تاکە.
ــ چوار ژمارەیەکی جووتە.
ئەم دوو ڕستەیە هاودژن، ناکرێ لەیەک کاتدا هیچ کامیان ڕاست نەبن و ناشکرێ هەردووکیان ڕاست بن، واتە ژمارە (چوار) ئەگەر تاک بوو، جووت نییە، ئەگەر جووتیش بوو، تاک نییە، یان تاکە یان جووتە و ئەگەری سێیەم بوونی نییە.
 
دووەمیان بابەتی دژ(الضد)ە، دژ: بریتییە لە بوونی دوو دەربڕاو، کە ناکرێ هەردووکیان پێکەوە کۆببنەوە، ناکرێ هەردووکیان ڕاست بن، بەڵام دەشکرێ هیچ کامیان ڕاست نەبن و ئەگەری سێیەم ڕاست بێت، بە پێچەوانەی هاودژەوە کە ئەگەری سێیەمی نییە، بۆ نموونە:
ــ گوڵەکە سوورە.
ــ گوڵەکە زەردە.
ئەم دوو ڕستەیە دژن، ناکرێ له یەک کاتدا گوڵەکە سووریش بێت و زەردیش بێت، دەبێت یەکێکیان بێت، بەڵام دەشکرێ هیچ کامیان ڕاست نەبن و گوڵەکە ڕەنگێکی تر بێت، بۆ نموونە پەمەیی بێت.
 
بگەڕێینەوە لەسەر دێرەکەی نالی
«سروشکم ئاب و دانەی نارە کێ دی؟!
بەگەرمیی داوەرێ، بەم تەرزە تەرزە؟!»
 
نالی دەڵێت ئەگەر لە بەدبەختیی من نەبێت. کێ دیویەتی ئەم هەموو هاودژ و دژە پێکەوە کۆببنەوە:
ــ ئەگەر (نار) بە مانای (ئاگر) وەربگرین، مانای دێڕەکە دەبێتە: فرمێسک، کە خۆی ئاوە، بەڵام دانەی فرمێسکەکانی من بە هۆی خەم و خەفەتەوە، وەکو ئاگر گەرمن، کێ دیویەتی ئاو و ئاگر پێکەوە کۆببنەوە، کە هاودژن، بە شێوەی تەرزە دادەبارن، هەروەها ئاو ساردە و ئاگریش گەرمە دیسان ساردیی و گەرمی هاودژن، هەروەها ئاو ڕەنگیی نییە و ئاگریش سوورە، بێڕەنگیی و ڕەنگسوورییش هاودژن، ناکرێ شتێک لە هەمان کاتدا بێڕەنگ بێت و ڕەنگی سووریش بێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئاو لە دۆخی شلیدایە و ئاگریش دۆخی چوارەمی ماددەیە، کە بە پلازما ناودەبرێ، یەک ماددە ناکرێ لە هەمان کاتدا لە دوو دۆخی جیاوازدا بێت، ئەمەیش هاودژێکی ترە.
 
ــ ئەگەر (نار) بە مانای (هەنار) وەربگرین واتای دێڕەکە دەبێتە: فرمێسکەکانم کە لە بنەڕەتدا ئاون، بەڵام چونکە سوور و خوێنینن، وەکو دانەی هەنار، بەشێوەی تەرزە  هەڵەدەوەرن، ئاخر کێ دیویەتی تەرزە بەم شێوەیە ببارێت؟!، فرمێسک خۆی ئاوە، بەڵام فرمێسکەکانی من بوون بە تەرزە،  تەرزە ڕەنگی سپیە، بەڵام فرمێسکەکانی من وەکو دانەی هەنار  سوورن، کۆبوونەوەی ڕەنگی سپی و ڕەنگی سوور لە یەک کاتدا دژن، هەروەها فرمێسک، کە ئاوەوە و لە دۆخی شلیدایە و تەرەزەش لە دۆخی ڕەقییدایە، ڕەقیی و شلییش هاودژن، سەرەڕای ئەوەیش تەرزە دوای بارینی بە ماوەیەکی کەم دەبێتە ئاو، واتە دۆخەکەی لە ڕەقییەوە بۆ شلیی دەگۆڕێت، بەڵام دەنکی هەنار دوای هەڵوەراندنی دۆخەکەی ناگۆڕێت، هەروەها تەرزە دوای بارینی دەتوێتەوە و ڕەنگەکەی لە سپییەوە دەگۆڕێت بۆ ئاویی، بەڵام دەنکی هەنار دوای هەڵوەراندنیشی، ڕەنگەکەی ناگۆڕێت، چۆن دەکرێ یەک ماددە لە هەمان کاتدا دۆخ و ڕەنگیشی گۆڕاو بێت و نەگۆڕیش بێت؟!، ئەگەر سیابەختیی من نەبێت؟!
 
ئەمەیش یەکێکی ترە، لەو داوە وردانەی نالی، کە هیوادارم پێی منیشی نەگرتبێت.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP