بە ھەموو جۆرەکانی یەکێتیبوون

ستران عەبدولڵا
13:38 - 2022-06-01

بە تیلەی چاوی رابردووی سەروەری ، بە چاوی تیژی داھاتووی چارەنووس، بە برژانگی پارێزگاری لەم باسکە بە ھێزەی کوردایەتی نوێباو لەسەدەی بیستویەکدا
١-
یەکێتی... ھەموو ھەقیانە شانازی بەم تۆمارە مێژووییەوە بکەن، بەم روباری خوێنەی دیجلە و فوراتی کوردەواری و کوردایەتییەوە بنازن . لەم تابلۆ گەورەی خەبات و تێکۆشانی ٤٦ ساڵەدا خوێنی شەھید ئەستێرەی سوور، ئاڵایە، گۆچانەکەی مام دارعەسای دەست و پەنای حەسانەوەیە، کلێتەی سەری پێشمەرگەکانی کۆمەڵە و جامانەی سەری تێکۆشەرانی دێرین، میدالی سەر سینگی دامەزرێنەران و کاسکێتی سەری سەرکردەکانی ناوەوەی وڵات و تەگبیری مەفرەزە سەرەتاییەکانی بادینان و شارەزوور و قوربانی فەیلییەکان و پارتیزانەکانی دوای ئەنفال و کیمیاباران ، ئەمانە ھەمووی دیمەنی شۆرشی نوێن. لەم ئەلبومەدا کادێرە بزۆز و بژوێنەکانی چەپ و کادێرە سەرڕاستەکانی کوردایەتیش ھەن ، نامیلکەی ناو کەشکۆڵی پێشمەرگە و شارلستۆن لەپێی رێکخستنەکان و کچانی رووسوری نامەی چوکلێتی و نووسینی سەر دیواری زیندانەکان و دیواری لا کۆڵانەکانیش ھەن: کەم ژیان و کەڵ ژیان و کرێکارێکی ھەژاری کوردم و ھیچ پەشیمان نیم لەوەی کە کردم و یا کوردستان یان نەمان و یا کەرکوک و خانەقین یان تاماوین ئەجەنگینیش ھەیە، لەم تابلۆیەدا توڵەیتڵە ھەیە، کانی موراد و زەڵێ و دەباشان، خانووە قوڕەکان و سەنگەری ئاوەدان و گوندی خاپوور کراوی پورە مەنیج و پلکە بەسێ و میمکە غەزێم و یا عایشێ و داک میرخاس ھەیە،
٢-
لەم دیمەنە چڕ و پڕەدا ئێزگەکە و دیبلۆماسی و موفاوەزاتە حەیاتەکە و ئاسوودە بن و نەبەردی و نەبەزین و نەوەستان ھەیە. ئەنجومەنی گوند و ئەنجومەنی نیشتمانی و نوێنەران و باڵەخانەی حکومەتاتی و گربوونەوە و مانگرتن و «لێرە نارۆم ھەیە»
٣-
لەم دیمەنەدا دەخیلەی رەنجی رۆژھەڵات ، باکور و رۆژئاڤا ھەیە کە میوانی باشور نین و خاوەن ماڵن ، رەوتی دیموکراتی و نیشتمانی عێراق ھەیە کە نابێ لێڵی شۆڤێنیزم و تایفەگەری عێراقی قەت بەرچاومان لێڵ بکات ، ئەزموونی شۆرشگێری جەنگی گەلی جیھانی و جەنگەڵەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ھەیە لە خەباتیان بۆ دادو یەکسانی و ئازادی .
بەڵام یەکێتی لە بنچینە و لە کۆتایشدا ھەر یەکێتییەکی خۆمانییە، کە کوردستانییان لە جوتیار و کرێکار و ئەفەندی و کچان و کوڕانی نەوەدوای نەوە پێکیانھێناوە ، یەکێتی بەری رەنجی ھەموو ئەمانەیە، ژانێکی مێژوویی نەتەوەی کوردە، کۆکتێلی گوشراوی رێکخستنی مۆدێرنی کوردەواری و دامەزراوەیی کوردایەتییە دوای دەیان ئەزموونی ناکام
٤-
وەکو مامۆستا گۆرانی شاعیر دەلێ:
ئەمانەھەمووی جوانن شیرینن
رۆشنکەرەوەی شەقامی ژینن
بەڵام تەبیعەت ھەرگیزاو ھەرگیز
بێ رووناکییە بێ بزەی ئازیز
کە ئازیزی ھەموومان لەم حوزەیرانە دوور و درێژەی تێکۆشاندا ئایندە و نوێبوونەوەی یەکێتییە و گرەوی گەورەش ھەر ئەمەیە یاران
٥-
لەم تابلۆیەدا ئێوە و ئێمە و ئەوانیش ھەیە.
شتێك منیش ھەم ، کە منیش پەسەنێکی ناخۆشە، لەسوچێک دەرکەوتووم ، رۆژێك عەینەک لە چاوێکی باریکەڵەی دەربازبوو لەچنگی تەعریب، رۆژێك قەڵەوێکی پانوپۆڕی بێ ئەخبار و رۆژێکی تریش کە ئێستایەتی ، بەلەنگازی پاشماوەی جەنگی نەخۆشی و ناخۆشی کە ئەدگارەکانی سەرەتای پیری سەرەتاتکێیەتی . کەمێکی زۆر کەمێکی ئەو سەروەرییەم بەردەکەوێ و تەمای تا سەری خزمەتم گەرەکە.
شەڕم لەسەر رابردووەکەی نییە و شەڕ بۆ داھاتووەکەی دەکەم و زۆری مێژوو رۆیشتووە و زۆرتری داھاتووی کاروانەکەمان ماوە.
وەزیفە و جەدوای مانەوەمان ئایندەکەیە ،بۆیە پێشمەرگەی ئەو داھاتووەم.
حوزەیرانی ٢٠٢١

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP