پاڵاوگە نەوتیيەکانی عێراق لە نێوان دوێنێ و ئەمڕۆدا

فەرهاد حەمزە محەمەد
12:05 - 2022-06-11

پاڵاوگە نەوتییەکانی عێراق لە نێوان دوێنێ و ئەمڕۆدا
‎فەرهاد حەمزە محەمەد *
دوای ئەوەی لە سەرەتای سەدەی ڕابردوودا کۆمپانیا بیانییەکان ئیمتیازی نەوتی عێراقیان وەرگرت، سەرەتا تەنها سەرقاڵی هەڵکەندنی بیری نەوت بوون و هیچ پاڵاوگەیەکیان دانەمەزراند، بەڵکو بۆ بەدەسهێنانی سووتەمەنی بۆ پێویستی ناوخۆ لە پاڵاوگەی ( عەبادان) ی ئێرانەوە بەنزین و گازیان هاوردە دەکرد تا ئەو کاتەی لە ساڵی ١٩٢٧ پاڵاوگەی (ئەڵوەند ) یان لە نزیک شاری خانەقین دامەزراند کە تواناکەی هەزار بەرمیل بوو لەرۆژێکدا، پاشان لە ساڵی ١٩٥٣ پاڵاوگەی ( المفتیە ) یان لە پارێزگای بەسرە بە گوژمەی چوار هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بنیات نا .
کۆمپانیای (IPC) کە نەوتی عێراقی بەرێوە دەبرد لە شارۆچکەی حەدیسە لە رۆژئاوای عێراق پاڵاوگەیەکی تری بە توانای شەش هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا دامەزراند، دواتر پاڵاوگەی (دۆرە) ەیان لە شاری بەغدا بنیات نا کە لە ڕێگەی بۆرییەکەوە لە کەرکوکەوە نەوتی بۆ دابین دەکرا، لە ساڵی ١٩٥٥ مەلیک فەیسەڵ پاڵاوگەکەی کردەوە کە لە توانایدا بوو ڕۆژانە ٢٥ هەزار بەرمیل نەوت بپاڵێوێت، ئەم پاڵاوگەیە زۆر جێگەی بایەخی حکومەت بوو بەردەوام پەڕەی پێدەدرا بەجۆرێک لە ساڵی ٢٠٠٣ تواناکەی گەیەنرایە ٢١٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا .
لەساڵی ١٩٥٧ پاڵاوگەی گەیارە دروست کرا کەبە نەوتە قورسەکەی کێڵگەی گەیارە کاری دەکردو ڕۆژانە ١٤ هەزار بەرمیل نەوتی دەکرد بە ئەسفەلت .
لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردوودا پاڵاوگەی بێجی یان دامەزراند کە بە گەورەترین پاڵاوگە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەژمێردرا ,رۆژانە ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی لە کەرکوکەوە بۆ دەڕۆیشت .
لە کەرکوکیش لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی رابردوو پاڵاوگەیەک دامەزرا بە گوژمەی ٣٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا لە دوای پرۆسەی ئازادی گەشەی پێدراو تواناکەی بەرزکرایەوە بۆ ٥٥ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا .
سەبارەت بەو بڕەی نەوت رۆژانە لە عێراقدا رەوانەی پاڵاوگەکان دەکرێت دەتوانین بڵێین تا ساڵی ١٩٦٨ ئەو بڕە لە ١٠٠ هەزار بەرمیل تێناپەڕی بەڵام لە ساڵی ١٩٩٠ گەیشتە ٦٠٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا کە بەم چەشنە دابەش ببون :
٣٥٦ هەزار بەرمیل بۆ پاڵاوگەکانی باکوور بە کەرکوکەوە
١٩٥ هەزار بەرمیل بۆ پاڵاوگەکانی ناوەراستی عێراق
١٤٠ هەزار بەرمیل بۆ پاڵاوگەکانی باشوور .
لە ساڵی ١٩٧٦ حکومەتی عێراق بەرنامەی هەبوو لە شاری ناسریە پاڵاوگەیەک دابمەزرێنی بە گوژمەی ٢٠٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بە مەبەستی هەناردە کردنی بەروبومە نەوتییەکان بۆ دەرەوەی وڵات بەڵام دواتر جێبەجێ نەکرا.
حاڵی حازریش وەزارەتی نەوتی عێراق سەرقاڵی تەواو کردنی پاڵاوگەی کەربەلایە کە لە پاڵاوگە نموونەییەکانە و زۆری نەماوە تەواو بێت .
ئێستاش پاڵاوگەکانی عێراق بە وانەی هەرێمی کوردستانیشەوە رۆژانە نزیکەی ٧١٠ هەزار بەرمیل نەوت دەپاڵێون.

هەناردەکردنی بەروبومە نەوتییەکان
لە ساڵی ١٩٨٣ بە دواوە عێراق لە رێگەی تەنکەرەوە بەروبومە نەوتییەکانی وەک (نەوتی رەش ، نەوتی سپی ، گازۆلین ، غازی شل) هەناردەی تورکیا و ئوردن و کەنداو دەکرد ، لە ساڵی ١٩٩٠ بڕەکەی گەیشتە ئەوپەڕی کە رۆژانە ٢٠٠ هەزار بەرمیل بوو، بەڵام لە ساڵی ١٩٩١ بە هۆی شەری کەنداوەوە وەستا ,لە ساڵی ٢٠٠٣ بەدواوە هەناردەکردن بە یەکجاری وەستا و پاڵاوگەکان تەنانەت توانای دابینکردنی پێویستی ناوخۆشیان نەما و حکومەت بە ناچاری سووتەمەنی لە دەرەوە هاوردە دەکرد



*سەرۆکی ئەندازیاران لە کۆمپانیای نەوتی باکوور

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP