پێنج دیوان له دیوانێكدا
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
عومرێكه به میزانی ئه‌ده‌ب توحفه فرۆشم
زۆرم وت‌و كه‌س تێی نه‌گه‌يی ئێسته خه‌مۆشم
دنیای ئه‌ده‌ب و شیعر، دنیای جوانی و سه‌راسیمه‌ییه،
دووره له ته‌ڵه‌و داوی سیاسه‌ت و كورسی په‌رستی، مرۆڤ بۆ ئه‌وه‌ی له دنیای سیاسه‌ت
و دڕدۆنگی ده‌ربچێت ده‌بێت جار جار په‌نا به‌رێته به‌ر هونه‌رو شیعر‌و ئه‌ده‌ب، من
خۆم هه‌ر جارێك كه دڵشكانی گه‌وره‌م توش دێت ئامێز بۆ میوزیك و شیعر و ستران واڵا
ده‌كه‌م و زۆر له دنیای ڕوكه‌ش و ته‌ڵه‌كه دور ده‌كه‌ومه‌وه، هه‌رچه‌ند به میزانی
ئه‌ده‌ب توحفه فرۆشیش بكه‌ین، هه‌ندێ جاریش به دڵی شكسته‌وه به فریشته‌ی شیعر
ده‌ڵێین « با پیس نه‌بی خۆت مه‌ده له‌م كوردی عیراقه «
ئه‌ده‌ب ئاسوده‌یی گیانی بۆ مرۆڤ ده‌گێڕێته‌وه،
ئه‌ده‌ب هێنده به‌رزه كه مرۆڤ ده‌چێته خزمه‌تی ده‌بێت « به حه‌یا بێته حزور‌و
به ئه‌ده‌ب سوجده به‌رێ « فه‌رشی سیاسه‌ت باسوریش بێت لیپه له فرت و فێڵ و دڕك
و داڵ و دزێوی، فه‌رشی ئه‌ده‌ب باكۆن و دڕاویش بێت باخی گوڵه و مرۆڤ مه‌ست و كه‌له‌لاده‌كات،
كه ناوی ئه‌دیب و شاعیر‌و هونه‌رمه‌ندی هه‌قیقی هات، پێویسته پێشگری ئوستاد و حه‌زره‌تت
بیر بێت، جارێكیان له ئه‌سفه‌هان به فرۆشیاره‌كه‌م وت ئه‌م كاسێته‌ی شه‌هرام بای
چه‌نده، لێی سه‌ندمه‌وه‌و پێی وتم ئه‌وه شه‌هرام نیه، ئه‌وه ئوستاد شه‌هرامی
نازریه و تۆ جارێ نازانی ناوی بێنی بۆیه ناتده‌مێ .
تكایه رێزی ئه‌ده‌ب و شیعر‌و دیوان بگرن، ئه‌وه‌تا
نالیه‌كی په‌ره‌گه‌نده‌ی دوره زێد‌و عاشقی ئاوی سه‌رچنارو تانجه‌ڕۆ به شیعره‌كانیه‌وه
« حاكمی سێموڵكه دیوانی هه‌یه «، وه‌ك له سیاسه‌تا وێران و هه‌میشه بۆیه‌ك له
بۆسه‌داین له شیعر‌و هونه‌ردا هه‌ین، دۆستێكی فه‌ڕه‌نسیم هه‌یه یه‌كه‌مین پرسیاری
له من له باره‌ی شاعیره‌كانمانه‌وه بوو، یه‌كه‌مین دیاری ئه‌ویش بۆمن شیعره‌كانی
فیكتۆر هۆگۆ بوو كه ئێمه زیاتر وه‌ك رۆماننووس ناسیومانه،ئه‌گه‌ر جارێكی دی یه‌كترمان
بینیه‌وه .
له‌م ماوه‌یه‌دا كۆبه‌رهه‌می مارف عومه‌ر
گوڵ كه بریتیه له كۆكردنه‌وه‌ی پێنج دیوان له دیوانێكدا به شێوه‌یه‌كی جوان
له لایه‌ن چاپخانه‌ی كارۆوه وه‌شێنرا، كتێبه‌كه هه‌ر پێنج دیوانی « هێلانه‌ی
نغرۆ، خۆری زیندان، شاییه‌كی نهێنی، نیشتمانم دارستانی ده‌م روبار بوو، شكۆی باڵگرتو»
ه، مارف عومه‌ر گوڵ له هه‌فتاكانه‌وه ده‌ینووسی، ئه‌و تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌بوو
له نووسینداو زۆر له ژێر چه‌تری روانگه‌و گروپی كفری و ئه‌واندا نه‌بوو گه‌رچی له هه‌مان چوار چێوه‌دا ده‌هات و ده‌چوو، ئه‌و
ده‌ڵێت :
به په‌یژه‌ی برینی وڵاتما سه‌ركه‌وتم تا دیده‌م
بارانی به‌هاری لێبڕژێ
به سینگی شاخێكی سه‌خته‌وه ئه‌نیشكم نایه سه‌ر
برینی سه‌ر دڵی
نه‌مده‌ویست ئازاری ده‌ستخاته سه‌ر دڵی برینم
نه‌مده‌ویست به په‌نجه‌ی زامدارم
سیمای ئه‌و سوورتر كه‌م
برین و سیمایم خسته سه‌ر شانم و به ته‌كان
ملم نا
تا بڕۆم بگه‌مه مژینی هه‌ڵاڵه‌ی رێی ژینم
ئه‌م شیعره‌ی گه‌رچی چه‌ند ساڵێك دوای ده‌ستپێكی
شیعری نووسیوه‌و له ساڵی 1980 نوسراوه، به‌ڵام به ئاشكرا ده‌یه‌وێت خۆی بێت و خۆی
و كه‌سی تر نا، شیعره‌كه‌ش خۆ تێكه‌ڵكردنێكی جاویدانه‌یه له ته‌ك خاك و چیا‌و نیشتمانداو
جارێك چیا ئه‌و هه‌ڵده‌گرێت و جارێكیش ئه‌و برینه‌كانی چیا ده‌دات به شانی‌دا .
ئه‌و له هێلانه‌ی نغرۆدا كه دیوانی یه‌كه‌میشی
به ناوه‌وه نراوه هه‌موو شتێكی خۆی لێتوڕه‌یه، توڕه‌بوون خۆی نه‌بێت كه ئاشنایه‌تی
ئه‌وه‌ته ده‌ڵێت :
چاوی خۆمم لێ توڕه‌یه
ده‌ستی خۆمم لێ توڕه‌یه
پێستی خۆمم لێ توڕه‌یه
شیعری خۆمم لێ توڕه‌یه
ئه‌وه‌ی ته‌نها توڕه نیه
توڕه بوونه له گه‌ڵمدا ئاشنایه
به په‌نهانی
ده‌مكا به گژ كه‌نیشكێكی چاو ئاسمانی
چی پرسیارمه بێوه‌ڵامه
هه‌رچی رازه به نهێنی سكاڵامه
هه‌رچی شیعری پیرۆز‌و بۆ چاوی ئه‌و وت
ئه‌و ئێواره
له به‌ر پێیا هه‌مووی بووه قه‌ره بروت
شاعیر چیرۆكی ئازارێكی قوڵ و تایبه‌ت به خۆی
ده‌گێڕێته‌وه، گه‌رچی له شوێنی تر‌و له شیعری تردا ئازار‌و برینی ئه‌وانی تریش باس ده‌كات، ئه‌و له شیعرێكی كورتا روداوه‌كانی
له خه‌وهه‌ستانی ساڵانی 1982و 1983مان بۆ ده‌گێڕێته‌وه‌و ده‌ڵێت :
گزنگ
ئاسۆی سوری شاری كه‌ركوك
به‌رگی ره‌شی
سه‌ركارێزو ره‌حیماوای داپۆشیوه
ته‌پ و تۆزی
رووی ئازادی و ئه‌حمه‌د ئاغای راماڵیوه
واگزنگی ئومێدی كورد
ده‌ڕوانێته كاروانی دوور
له پێشوازی سبه‌ینێدا
پێئه‌كه‌نێ وه‌ك ئاسۆی سوور
ئه‌م شیعره مانگی دووی 1983 نووسراوه .
بۆ سلێمانیش شیعری نووسیوه له یه‌كێ له‌و
كورته شیعرانه داكه ره‌نگه بۆ كوردستان و سلێمانی نووسیبێتی ده‌ڵێت :
ئێره
نه‌ئێره به جێدێڵم
نه‌دارو به‌ردو چیای
نه‌خۆڵ و خاشاك و رێی
نه‌پووش و په‌ڵاش و گیای
كۆی به‌رهه‌مه شیعریه‌كانی مارف عومه‌ر گوڵ به‌شێكن له ئه‌ده‌بی قۆناغێكی پڕ له كه‌ندو
له‌ندی سیاسی كورد‌و ئه‌ویش وه‌ك كاره‌كته‌رێكی نێو ئه‌و هه‌راو زه‌نایه‌ی به شۆڕش
ناوده‌برێت له ماندوێتی و شه‌ونخونی ناوی بێبه‌ش نه‌بووه، بۆیه خوێندنه‌وه‌ی شیعره‌كانیش
به‌شێكن له ئاوێنه نمای سه‌رده‌مه‌كه‌ی، به ئومێدی خوێندنه‌وه‌ی .
دكتۆر مارف عومه‌ر گوڵ شاعیر‌و توێژه‌رو مافناس
و دكتۆرا له بواری یاسای نێو ده‌وڵه‌تی، سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ به نه‌خۆشی گه‌ڕایه‌وه
به‌رده‌م دلۆڤانی یه‌زدانی مه‌زن و له
گوندی هه‌شه زینی زێدی خۆی به خاك سپێردرا .
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP