ئەم وتارە ساڵی پار بۆ بەرواری سەد ساڵەی تەمەنی مامۆستا کەریم ئەحمەد نووسرا. ئێستا بە بۆنەی کۆچی دواییەوە لێرە دایدەنێمەوە. وتارەکە لەسەر مامۆستایەتی، لەسەر حورمەتی تێکۆشەران و لەسەر خەسڵەتی دێرینی وەفاداری نەوەی یەکەمی کوردایەتی و دیموکراتییە.
لەوتارێکدا کە پێشتر لە گۆڤاری خاک بڵاوبۆتەوە و پاشان لەکتێبی «نووسینەکانی سەرۆک مام جەلال لە گۆڤاری خاک» وەک بەرھەمی ھاوبەشی کوردستانی نوئ و خاک ،جارێکی تر بڵاوکراوەتەوە.
ئەم پەسەندەی مام جەلال بۆ مامۆستا کەریم ئەحمەد کە مامۆستای خۆشی بووە، لە خوێندنی لە کۆیە ،لوتکەی مۆڕالی سیاسیی و شۆرشگێرییە بۆ ھەڵسەنگاندنی کەسایەتییە سیاسییەکانی وڵات سەرەڕای جیاوازی سیاسیی و فکری.
بە بۆنەی سەدەی تەمەنی مامۆستا کەریمەوە کوڵبژێرێک لە وتارەکەی مام جەلال پێشکەشی خوێنەران دەکەم .
سڵاو لە رۆحی مام و تەمەن درێژی بۆ مامۆستا کەریم ئەحمەد:
مام نووسیویەتی:
« مامۆستا كەریم شیوعییەكی بەجۆش و خرۆش بوو. مامۆستایەكی سادە و رووخۆش بوو، هەرچەندە هەمیشە دەمەتەقەمان دەبوو، بەڵام هەرگیز كەم لوتف نەبوو لەگەڵما، هەرچەندە من لە وەرزشدا تەنها (پینگ پۆنگ) م دەزانی و یارییەكانی ترم نەدەكرد، بەڵام هەمیشە (سەد) ی دەدامێ، چونكە دەرەجەكانی ترم باش بوون»
ئینجا مام باسی ھەندێک ناکۆکی حشع و پارتی ئەو کاتە دەکات لەسەر چەمکی نەتەوە ودوایی دێتەوە سەر باسی کەسێتی ھاورێ کەریم
ئەوەی راستی بێت مامۆستا كەریم لەگەڵ هەموو ئەو بەگژداچوونەوە و قڕەقڕەی لەگەڵم دەكرد، هێشتا رێزی لێ دەگرتم و دەرەجەی باشی دەدامێ، منیش لەوساوە خۆشم دەوێت و رێزم بۆی هەیە كە پێم وایە سەرچاوەی ئەو خۆشەویستیەم و ئەو رێزەم جگە لەو هەڵوێست و رەفتارەی لەگەڵ خۆمدا دەگەڕێتەوە، بۆ ئەم شتانەی خوارەوە:
1-مامۆستا كەریم تێكۆشەرێكی خاكی، رەشۆكی، جەماهیری بوو. ئێمەمانانی خوێندكاری خۆی، وەك خۆی تەماشا دەكردین و رێوزی لێ دەگرتین، زوویر نەدەبوو لێمان و حەقدی لێ هەڵنەدەگرتین.
2-كە گیرا لە زیندان دا خۆڕاگر و ئازا بوو، بە سەربەرزی بۆی هاتەدەر.
3-دوای بەڕەڵابوونی لە زیندان لە كۆیە بێ ئیش بوو. دەستی كرد بە كرێكاری كردن. كرێكاری گەج و قوڕ و بەرد، بەوەش ناوبانگی چووە ئاسمانی كۆیە، هەموو كەس بە ناحەزەكانیشەوە بە رێزەوە تەماشایان دەكرد، تەنانەت بیستبووم كە كاكە زیاد ئاغای خوالێخۆشبوو كە زۆر لەژێر هێرشی شیوعیەكاندا بوو-كە بە كرێكاری دیبووی گوتبووی ئەو رۆژانەكەی پێ دەدات و رۆژانەی كرێكارێكیش لەجیاتی ئەو دەدات. بەڵام مامۆستا كەریم قبووڵی نەكردبوو، بەو جۆرە جوامێری و دلێری یە لە ناخی دڵی ئێمەماناندا جێگەی خۆی كردەوە و پێم وایە هەتا سەریش هەر مایەوە.
ئەوسا ئێمەمانان وەك نموونەی تێكۆشەر و نموونەی شۆڕشگێر تەماشامان دەكرد و خۆشمان دەویست كە پێم وایە لە دڵ و دەروونمان هەرگیز نەسڕرایەوە.
کتێبی: نووسینەکانی سەرۆک مام جەلال لە گۆڤاری خاک - چاپی یەکەم ساڵی ٢٠١٩- پرۆژەی ھاوبەشی خاک و کوردستانی نوێ
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP