جارێکی تر سڵاوێك لە کاک عومەر

ستران عەبدولڵا
11:26 - 2022-07-20

جارێکی تر سڵاوێك لە کاک عومەر
وتاری ھەقبێژی تێکۆشەری دێرین کاک مولازم عومەر لە داکۆکی و ھاتنە جوابی لەسەر سەرۆک مام جەلال و کاک نەوشیروان خەسڵەتی جوانی کاک عومەری وەبیرھێناینەوە کە ھەمیشە حازر بەدەستە وەختێک بوختان و قسە دێتە سەر ھاوسەنگەر و ھاوخەباتانی لە رێرەوی شۆرشی نوێ و کوردایەتیدا . کات خۆی لەدۆسێیەکی رۆژنامەی زەمەن لەسەر وەفاداری و جوامێری کاک عومەر ئەم وتارەم نووسی. وا جارێکی تر وەک سڵاوێک دووبارە دایدەنێمەوە .
ھەمیشە تەندروست و ساغ و سەلامەت بێت کاک عومەر .
ستران عەبدوڵڵا- ٢٠-٧-٢٠٢٢
نموونەی جوامێری و دڵفراوانی
زۆرم پێ خۆشە رۆژنامەی (زەمەن) بەسەركردنەوەیەكی رێزلێنان بۆ سەركردە و فەرماندەی تێكۆشەر كاك مولازم عومەر رێكدەخات. هیوادارم تا تەواو دەبێ و بڵاویدەكەنەوە لێنەگەڕێن كاك عومەر بیبینێ و پێی بزانێت، ئەگینا گیانی دەستبەرداری و تەوازعی و ی كارە باشەكەیان پەكدەخات. بە درێژایی ماوەی كاركردنم لە رۆژنامەوانی و راگەیاندندا دەمزانی كاك عومەر نە حەزی بە دیدار و دەركەوتنە لە میدیا و نە بە پیری بانگەوازی پێویستی گێڕانەوەی ژیاننامە و رۆڵی شەرافەتمەندانەی خۆیەوە دێت لە میدیادا. ئەم خەسڵەتە شۆڕشگێڕە جوانەی لەگەڵ واقیعی دۆستایەتی و برادەرایەتی لە دڵەوە بۆ دڵی كاك عومەر لەگەڵ رۆژنامەنووس و میدیاكارانی كوردستان وێك نایەتەوە. عادەتەن سەركردە و بەرپرسەكان دۆستایەتی خۆیان لەگەڵ میدیاكاران بە ئامانج و پێویستی بایەخدانی میدیاییەوە دەپێچنەوە. ناڵێم مەرجداری دەكەن كە ئەوە زوڵمی گشتگیركردنە بەڵام كێ لەم زەمەنی بەرژەوەندی و جەنجاڵیەدا (وەبەرهێنان) لە دۆستایەتیەكانی خۆی ناكات؟ كاك عومەر وا نییە. هەر كە دەمانویست لەسەر ژیاننامەی تێكۆشەرێك یان شەهیدێك بەرنامە بكەین، كاك عومەر هەموو جۆرە هاوكاری و پشتیوانیەكی دەنواند، بەڵام قەت نەیدەسەلماند دیدارێكی تێروتەسەل لەسەر رەوتی خەباتی خۆی ساز بكات لەبەرئەوە جارێكیان ناچاربووم بێ ئیزنی خۆی و بۆ رێزلێنان دیدارێكی پێشتری لەسەر شەهیدی سەركردە عەلی عەسكەری لە كتێبێكی تایبەت بگوازمەوە بۆ كوردستانی نوێ. وتم لێی بپرسم وەك هەمیشە چاوپێكەوتن ناكات و ئەم گەنجینە دەوڵەمەندەی شۆڕش هیچ ناگێڕێتەوە كە باس دێتە سەر خۆی.
ئەمەش رەنگە شەهادەت بێت كە نێوان خۆشی و دۆستایەتی وی لەگەڵ رۆژنامەنووسان و رووناكبیران حاڵەتێكی دەگمەنە و لە جوامێری و خاكەڕایی و گیانی بەرزی هەڤاڵێتی و برایەتی خۆیەوەیەتی.
لە رەوتی خەباتی دوور و درێژ و تێكۆشانی مولازم عومەر لەناو شۆڕشی نوێ و یەكێتی دەیان نەقلی خۆش و گێڕانەوەی دڵفێنكەرەوەی لەسەر دەگێڕنەوە. ئەمانە نوكتە نین بەقەدەر ئەوەی (نوقتە)ی پرشنگدارن لەسەر ئەو جوامێری و خاكەراییەی پێی ناسرابوو هەر لە بەسەرهاتە خۆشەكانی هونەرمەند میدحەت كاكەیی و زۆرانی تر تا ئەو نموونانەی خۆم شاهیدی روودانی بووم.
یەكەمجار كاك عومەرم لە نزیكەوە بینی ساڵی 1995 بوو لە هەولێری پایتەخت. یەكەم كتێبی چاپكراوی خۆم بۆ برد كە بە راست و چەپدا حەزم دەكرد خەڵك بیبینێ وبمناسێ. لەناو قەرەباڵغی و میوانانی زۆردا كە چاوەڕێیان دەكرد، خۆی هاتە دەرەوە و پێشوازی بە پەرۆشی لێكردم و بە بایەخەوە لەسەر كتێبەكە پرسیاری دەكرد. ئینجا هاتە سەر پێویستی بایەخدانی یەكێتی بە نووسەر و رووناكبیران. بیرم ناچێتەوە ئەو كاتە لە سلێمانی گرفتێك لەسەر كۆڕەكانی كاك بەختیار عەلی و روناكبیرەكانی گۆڤاری (ئازادی) روویدابوو، كاك عومەر وتی ئەمانە روناكبیری باش و دڵسۆزی گەلەكەمانن ئەبێ ئێمە هانیان بدەین. ئەم قسانەی بۆ رۆژنامەنووسێكی یەكێتی كرد و لە كۆڕێكی گشتی نەبوو تا سیاسەتی پێوە بكات. لەو جارەوە هەموو جارێك كاك عومەری دۆستی رۆژنامەنووسان و رووناكبیران دەبینم و دەناسم. دەیان بەڵگەم لایە لەسەر پشتیوانی و هاوكارییەكانی وەك ئەهلی چەك لەگەڵ ئەهلی قەڵەم كە قەت گرێدراوی مەسڵەحەتێكی تایبەتی نەكردبوو. لە دانیشتنێكدا موعاناتی خۆم و هاوكارەكانم لەگەڵ برایەكدا گێڕایەوە، وتی: زۆر سەیرە بۆ ئەویش ناتانكات بە هاوڕێی خۆی تا بزانێت ئێوەی مەعشەری رۆژنامەنووسان كوڕی باشن و دڵسۆزتان تیایە؟
جارێكیان یادی بەخێر سەرۆك مام جەلال كۆبونەوە و نیوەڕۆخوانێكی بۆ رۆژنامەنووسانی كوردستانی نوێ كرد. كاك عومەریش لەوێ بوو كە بە حوكمی نزیكی چیرۆكەكانی ئێمەی بە خۆش و ناخۆشەوە دەزانی. مام جەلال بە پێكەنینەوە وتی: كوڕینە مژدەتان دەمێ، كاك فڵان بروسكەی كردووە ئەم هەفتەیە دێتەوە لاتان. كاك مولازم عومەر وتی مام جەلال دە وازیان لێ بێنە با خواردنەكە بە دڵیانەوە بنووسێ.
ئاخر ئەو ئەگەرچی برادەر و دۆستی هەموو هەڤاڵەكانی خۆی بوو لە سەركردایەتی و فەرماندەیی، بەڵام لەبەر نزیكی خۆی لێمانەوە دیوی دووەمی ئازارەكانیشی دەبینی.
هەموو بینینێكی كاك عومەر لەگەڵ ئێمەی نەوەی دوای راپەڕین و لە هەر بۆنە و تەنانەت شەقامێكی گشتیدا ئاوێتە بوو بە رێز و حورمەت و حەنانێكی باوكایەتی و برا گەورەیی و قسەی خۆش.
تەمەن درێژی بۆ كاك عومەر دەخوازم كە نموونەی جوامێری و دۆستایەتی و دڵفراوانییە لەناو گەلەكەمان و بزووتنەوەی سیاسی كوردستاندا.


Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP