ئۆپۆزسیۆنی کوردی و ستایشکردنی بەعس

هێمن حەسیب
17:58 - 2022-09-17

کاتێك دەڵێین؛ دەبێت ستایشکردنی بەعس بە تاوان بناسرێنرێت، مەبەستمان لەم جۆرە رەفتارانەیە، نەك ئەوەی گەنجێك یان پیرەمێردێك لە کاتی هەڵچوون و دۆخێکی دەروونی خراپ لە ناو خۆپیشاندان، قسەیەك دەکات و دواتریش دەزانێت هەڵەی کردووە.
مەبەستی ئێمە لە به تاوانناساندنی پیاهەڵدان و ستایشکردنی بەعس، ئەوەیە، کاتێك کەسێك بەو پەڕی ئارامی و هۆشیاری دێت و ستایشی بەعس یاخود کارەکانی دەکات.. وەك ئەم سەرۆکی حیزبەی بە ناو ئۆپۆزسیۆن کردوویەتی یاخود پارێزەرێك، کە پێش ماوەیەك نووسی بووی، زەرەمانکرد تۆمان لە دەستدا.
دەی کاتێك دەڵێیت، بەعس ئەو شەقامەی کردووە، باسی ئەوەش بکە، بەعس و مولازم موحسین چییان بە سلێمانی کردووە.
نەوەیەك کە دڕەندەیی بەعسی نەبینیووە و ئێستا ئەم نووسینەی تۆ دەبینێت... بەعسی لەبەرچاو جوان دەبێت.
تۆ لە کەناڵەکەی خۆت، چەندە کارت لەسەر نیشاندانی دڕەندەییەکان بەعس بۆ ئەم نەوەیە کردووە و چەند بەرنامەت کراوە.
لە ماوەی دووساڵدا، چەندین کۆنفڕانس و پانێڵ، لەسەر جینۆساید و تاوانەکانی بەعس و دادگای تاوانی نێوودەوڵەتی لە کەرکوك سازمانکردووە، کەچی هیچی لە کەناڵەکەی ئەم سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنە رووماڵ نەکراوە و بگرە وتویانە گرنگ نییە.. تەنها یەک چالاکیان روماڵ کردووە، ئەویش گردبونەوەیەك بووە بۆ یادی ئەنفال.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP