ساڵۆن براندی ڕاگەیاندنی یەكێتییە، ساڵۆنی هاوڕێیانی شەقامی جمهوری

ستران عەبدولڵا
18:37 - 2022-11-10

ساڵۆن براندی ڕاگەیاندنی یەكێتییە
ساڵۆنی هاوڕێیانی شەقامی جمهوری

ستران عەبدوڵڵا

ساڵۆنی كۆڕ و كۆبوونەوە شتێكە وەك دیوەخان و مەجلسی یاران. ئەوروپا و ئینجا رۆژهەڵات بەم ساڵۆنە ناوازانەوە گەشەیان بە فیكر و رەوتی ئەدەبی و فیكری دا. لەسەر ئەو نازناوەش ناوی ساڵۆنی كوردستانی نوێ هات. هەتا جێگیر بوو لە توانج و لاقرتێ بێبەش نەبوو. دەیانوت ساڵۆنی قژبڕین و سەرتاشخانە و هتد.. ئیتر سەرەنجام بوو بە بڕاند.
***
ساڵۆنەكان، بەشێكن لە فەرهەنگی ڕاگەیاندنی یەكێتی. بە درێژایی تەمەنی ڕاگەیاندنی یەكێتی بزووتنەوەی رۆشنبیری و فەرهەنگی بەشێك بووە لە باخچەی رەنگاورەنگی ڕاگەیاندن.
 وەك نەریتێكی باو ڕاگەیاندن، بەتایبەتی ڕاگەیاندنی بزووتنەوەی سیاسی و شۆڕشگێری، زیاتر خەریكی كایەی سیاسییە بە هەردوو دیوی سیاسەتی فیكری و فیكری سیاسییەوە. بەڵام سیاسەتێك مەبەستی بێت گۆڕانی گەورە لە ناو وڵات و كۆمەڵ بكات هەر دەبێ بەشێكی خەبات و چالاكی خۆی بۆ فەرهەنگ و رۆشنبیری تەرخان بكات. لە شاخ چەندین گۆڤار، چەندین بۆنە و بنەی فەرهەنگی و هونەری هاوشانی بزووتنەوە سیاسییە موجەرەدەكەی یەكێتی و شۆڕشی نوێ هەبوون. روناكبیر و ئەدیب و شاعیرانی كورد بەشێك بوون لە دیمەنی جوڵانەوەی سیاسیی یەكێتی.
دوای راپەڕینیش زۆنی دەسەڵاتی یەكێتی هەمیشە دەرفەت و بۆنە بووە بۆ گەشانەوەی فەرهەنگی لە بنكەی گەلاوێژ و سەردەمەوە بۆ جەمال عیرفان و دەیان دامەزراوە و باخچە و هۆڵ و دەرفەتی روناكبیری. لەناو ئەو زۆر و زەبەندییە پڕ بەرهەمە ساڵۆنی كوردستانی نوێ وەك باخچەیەكی خنجیلانە لە رۆژی (22/1/2017) هاتە كۆڕی چالاكی نوخبەوییەوە. ساڵۆنی كوردستانی نوێ هەر لەسەرەتاوە وەك براندێك ناسراو و بووە بەشێك لە دیمەنی روناكبیری، سیاسی و رێكخراوەیی راگەیاندنی یەكێتی. دەیان و دەیان كۆڕی بۆ ناساندنی كتێب، گفتوگۆی روناكبیری، وۆرك شۆپ و فۆكس گروپ و كۆبوونەوەی بە داتا و زانستی ساز كردووە. ساڵۆنی كوردستانی نوێ بووە دیاردەیەكی تازە لەناو نوخبەی روناكبیری كوردستاندا بەوەی بابەتەكانی دەبوونە جێی مشتومڕ و گفتوگۆ، دەبوونە بابەتی رۆژنامە و سەكۆی تەلەفزیۆن و رادیۆكان. بەبۆنەی كۆڕەكانی ساڵۆنی كوردستانی نوێوە نوخبەی سیاسی و روناكبیری دەبوونە میوانی راگەیاندنی یەكێتی و بەو بۆنەیەوە كەناڵەكانی راگەیاندنی كوردستان، لە ئەهلی و لە حزبەكانیش، لەرێی ئەم كۆڕانەوە میوان و (نیچیر)ی میدیاییان دەستكەوتووە چ لەسەر بابەتی كۆڕەكان و چ لەسەر راپۆرت و بەرنامە و بابەتی رۆژ. ئەم براندە تایبەتە بووە ئەزموونێكی وا حزبی و سیاسی كە لە راپۆرتی كۆنگرەی چواری یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لە كۆتایی ساڵی 2019، وەك ئەزموونێكی ناوازە و سەرنجراكێش ئاماژەی پێ كراوە و تا ئێستاش ئەو ئەزموونە درێژەی هەیە. بەتایبەتی دوای فراوانكردنی ساڵۆنی كوردستانی نوێ و نۆژەنكردنی دیزاین و بەشەكانی.
**
براندەكە بە شێوەی دیوەخانی خانەدانی هەولێری گەیشتە پایتەختیش. (ساڵۆنی لاپەڕە 9) بووە دیاردەیەكی تایبەت بە راگەیاندنی یەكێتی و ئەزموونەكە گواسترایەوە پایتەخت. (ساڵۆنی لاپەڕە نۆ) بووە میوانی هەفتانەی هەولێری پڕ جوڵە و چالاكی، بەڵام بە تایبەتمەندی یەكێتییانەوە.رۆژی 18/1/2021 لە كردنەوەی ساڵۆنەكەدا وەك هەڤاڵێكی راگەیاندن و ئەزموونی ساڵۆن باسی چیرۆكی ناوی ساڵۆنەكەم كرد: سەردەمێك كە كوردستانی نوێ و مەكتەبی راگەیاندن لە هەولێر بوون،  ئێمەش بەهۆی خیانەتی 31ی ئابەوە لە پایتەخت دەرنەكرابووین رۆژنامەی رۆژانەمان هەشت لاپەڕە بوو، چونكە رۆژنامەی رۆژانە ئەزموونێكی نوێ بوو، زۆری ئەدیب و نووسەران ئێواران دەبوونە میوانی كوردستانی نوێ. ئەوكاتە رۆژنامەكە ماشەڵڵای لێ بێت دەوڵەمەند و پڕاوپڕ بوو لە ئەدیب و روناكبیرانی كوردستان كە لە پایتەخت بوون. ئێوارەكانی كوردستان نوێ دەبووە یانەی پێكەوەیی نووسەران. ژوورەكان دیار و سنوردار و دابەشكراو بوون، ژوری ئێمە بە تەنیشت ژوورێكی جێ میوانانی ئەدەبدۆست بوو. وەكو میوان و پۆستەی نوسەران و مامیلی نووسینی سیاسیی كە دەهاتن ژمارەی لاپەڕە و ژووریان دەپرسی تا لاپەڕە هەشتی هەمەڕەنگ دیار و ناسراو بوو، كە دەهاتنە ژووری كۆتا، كە دوایی بووە ژووری شاعیر محەمەد رەنجاو، دەیانپرسی ئەو لاپەڕەیە چەندە؟ مامۆستایانی كۆچكردوو محەمەد موكری و سەعدوڵڵا پەرۆش و كاكەكان كەریم دەشتی و جەوهەر كرمانج و ئازاد جندیانی و دڵشاد عەبدوڵڵا دەیانوت ئەمە لاپەڕە(9)یە. واتا لاپەڕەیەك كە لە ژماری لاپەڕەكانی رۆژنامە وجودی نەبوو، بەڵام لە گەرموگوڕی و كۆڕی گفتوگۆ دا یەكەم بوو. جا ناوی لاپەڕە نۆ وەك یاریەكی خنجیلانەی لێ هاتبوو. ئەدیبانی پێشمەرگە و پێشمەرگەكانی ئەدیب كە لە ناوچە رزگاركراوەكانی یەكێتی و شۆڕش بوون دەیانوت لە شاخیش جێ ورێ بۆ ئەدیبان و نووسەران تایبەت بوو. لەوێ مادام كەرتی پێشمەرگە هەبوو وتیان ژوور و خێوەت و بنكەی ئەدیبەكان ناوی (كەرتی چایە). لەوێ چای و قسەی خۆش و گفتوگۆی دەوڵەمەندی ئەدەبی هەبوو. بە یادی كەرتی چای و لاپەڕەی نۆوە بڕیار درا ساڵۆنە ئاوەدنەكەی هەولێر ناوی ساڵۆنی لاپەڕە نۆی لێ بنرێت.. ماشەڵڵا هەموو شەممانێك ئەم بڕاندە جوانە كۆڕ و كتێب و كۆبوونەوەی هەولێریانی لێ ساز دەكرێت. هەر جارێ میوان و كۆڕگێرێك و روناكبیرێك گفتوگۆ گەرم دەكات و دیمەنی جێگیری ئەوێ ئەدگاری شیرینی نازم دڵبەندی دێرین و هەمیشە گەنجە.
**
ئینجا كاتێتی نموونەی سەركەوتوو بێتە كەركوكی تینوی كەلتور و فەرهەنگ. كەركوكی كتێبخانەی ئاسۆ و شەعب و (بەهاری دزراو و مەرەزە) و كونج و كولبەی گزنگ و نێرگز، (دیالۆگ) و (كتێبخانەی كارێز) وەكو دیتم جۆش و خرۆشی گەرمە تەلەفونم بۆ كاك نەوزاد ئەحمەد ئەسودی هاوڕێم كردو وتم وا لێرەش دەست پێ دەكەین و دێنە كۆڕی كێبڕكێوە. روخسەتمان لە كاك ئازاد ئەحمەد بۆ بخوازە، ناوی كتێبی (هاوڕێیانی شەقامی جمهوری)مان بۆ وەربگرە و ساڵۆنمان بكەینە (ساڵۆنی هاورێیانی شەقامی جمهوری) ناوی خوامان لێهێنا، لەگەڵ ئەم ژمارەی گۆڤارەدا با برادەران تەداروكاتی ساڵۆنی ئێرەش بكەن. دوای ئەوە ساڵۆنی بادیناینش هەقی خۆیەتی بێتە نێوانەوە كە ئیشی ئەویش وەختی هاتووە.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP