لە کەمال کەرکوکی دەپرسین ؟

شێخ سەروەر بەرزنجی
22:09 - 2022-12-27

ئێمەی خەڵکی پارێزگای سلێمانی دڵگرانین کە کەسێک پیشەی ئەندامی مەکتەبی سیاسی بێ بەڵام دابەزێتە ئاستێکی نزم  بۆ ئەوەی گاڵتەو توانج لەخەڵکی پارێزگایەکی تری ھەرێمەکەی بدات

ھەرکاتێک زەمینەی نزیک بوونەوەی گفتوگۆی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی نزیک دەبێتەوە،بەداخەوە وەک دەبیندرێت ئاڕاستەیەکی جیاواز لەناو پارتی ھەوڵی پەکخستنی ئەو زەمینە سازیە دەدات.

کەمال کەرکوکی لە لێداوانێکی میدیایی دەڵێت دڵگرانم بۆ خەڵکی پارێزگای سلێمانی پێم خۆشە خەڵکی ئەو پارێزگایە وەک ھەولێرو دھۆک لەژیانێکی زۆر باش بژین ! 

دەپرسین خەڵکی دھۆک و ھەولێرو قەزاو ناحیەکانی لەکام جۆرە ژیانی شاھانەدان؟کە خەڵکی پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجەو قەزاو ناحیەکانی لێی بێ بەش بن؟

لە کەمال کەرکوکی دەپرسین خەڵکی پارێزگای ھەولێرو دھۆک بۆ ئەم وەرزی زستانە چەند بەرمیل نەوتیان وەرگرتووەو خەڵکی پارێزگای سلێمانی وەریان نەگرتبێت؟

لەکەمال کەرکووکی دەپرسین ئایە خەڵکی پارێزگای ھەولێرو دھۆک بۆڕی غازیان بۆ چۆتە ماڵەکانیان و خەڵکی پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجەو قەزاو ناحیەکانی بۆیان نەکرابێت؟

ئێمەی خەڵکی پارێزگای سلێمانی دەپرسین کارەبای ھەولێرو دھۆک بۆتە ٢٤ سەعات خەڵکی سلێمانی و ھەڵەبجەو قەزاو ناحیەکانی ٢٤ سەعاتیان نەبێت؟!

دەشپرسین  ئایە خەڵکی خۆشەویستی  ھەولێر شەوانە بەم وەرزی زستانە بەئارامی دەخەون ، یان ترسیان ھەیە لەپڕدا شەپۆلی لافاویان بۆ بێت و قەرەبوشیان وەک پێویست بۆ نەکرێتەوە؟

لەکەمال کەرکووکی دەپرسین؟ئایە چەند ھێڵی شەمەنەفەر ھەیە لەنێوان  ھەولێرو دھۆک تاخەڵکی پارێزگای سلێمانی ئاھی بۆ ھەڵکێشن؟

لەکەمال کەرکووکی دەپرسین چەند فڕۆکەخانە ھەیە لەنێوان  ھەولێرو دھۆک خەڵک بۆ گەشتەکانی ڕۆژانەی بەکاری بێنێت و خەڵکی پارێزگای سلێمانی ئاھی بۆ ھەڵکێشن؟!

لەکەمال کەرکووکی دەپرسین ئەو سەدان کۆمپانیاو پڕۆژە گەورە ئابووریانە چین بوونە مایەی سەرەنجی جیھان؟ 
دیتمان  چۆن ئەو گەنجانەی کە بۆ بژێوی ژیانیان بەسەربەرزیەوە  بەماتۆرسکیلەکەیانەوە کاریان دەکرد لەجیاتی پشتگیریکردنیان کەچی ماتۆرسکیلەکانیان دەستیبەسەردادەگیرا بەبیانوی جیا جیا .

لەکەمال کەرکووکی دەپرسین ئایە خەڵکی ھەولێرو دھۆک مانگی دوو مووچە وەردەگرن و خەڵکی پارێزگای سلێمانی یەک مووچە؟تا ئاھی بۆ ھەڵکێشن؟

لەکەمال کەرکووکی دەپرسین زەق کردنەوەی شارچیەتی و جیاکردنەوەی بەشێکی ھەرێم لەبەشێکی تری ھەرێم سوودی چی دەگەیەنێت بەپڕۆسەی سیاسی ھەرێم و ھاونیشتیمانیان؟

ئێوە خەڵکی پارێزگای سلێمانی بەچی تێگەیشتوون؟ھەر ڕۆژەی بەجۆرێک توانج لێ دەدەن؟لای خەڵکی پارێزگای سلێمانی ھەولێریەکان و دھۆکیەکان و ھەموو ناوچەکانی ھەرێم بەھەر چوار پارچەش بە کوردو خۆشەویست دەزانن.

بۆیە بە کەمال کەرکووکی دەڵێین ئێمەی خەڵکی پارێزگای سلێمانی دڵگرانین بەو ھەموو گاڵتەکردنەی ئەو و ھاو ئاوازەکانی بەخەڵکی سنوری پارێزگای سلێمانی  .

ئێمەی خەڵکی پارێزگای سلێمانی  ھیچ حەسوودی بەو ژیانە شاھانەیە نابەین کە خەڵکی ھەولێرو دھۆک ھەیانە،کەلەبنەرەتدا  ئەمە ھەرگیز ڕاست نیەو خەڵکی ھەردووک پارێزگاکە بە دەست دەیان کێشەو گرفت خزمەتگوزاری دەناڵێنن.

بۆیە ھەقە کەمال کەرکوکی و ھاوئاوازەکانی لەجیاتی ئەو گاڵتەکردن و ئیفتیزارکردنە بیر لەڕێگای ئاشتی و چارەسەر کردنی گرفتەکان بکەنەوە و چیتر شارچیەتی زەق نەکەنەوە.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP