دەنگی هێواش بەهێز ترە لە هاواركردن

عوسمان سەنگەسەری
20:32 - 2023-01-14

هەرجارەی بەجۆرێك لە جۆرەكان پارتی بازاڕێكی تۆڕی كۆمەڵایەتی گەرم دەكات بۆ بیربردنەوەی داواكاری راستەقینەی خەڵك كە پێی وایە بەو شێوەیە دەربازی دەبێت لە ڕقی پەنگ خواردووی خەڵكی زۆنی سەوز ، ئەوەی پارتی دەیووروژێنێ نەخزمەت بەخۆی دەکاو نە كاریگەریشی لەسەر یەكیتی و خەڵكی سنورەكە دەبێت.

 یەكیتی بەدەنگێكی هێواش و هێمنانە بەرگری لەمافەکانی خەڵک دەکات و بەكرداریش ناڕازی بوونی تیمی حكومەتی پیشانداوەو جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ھەڤاڵ  (قوباد تاڵەبانی ) بەشداری كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران ناكات.
هەمیشە لە گوفتارو كردارەكانی سەركردایەتی یەكیتی بێڕێزی بەهیچ ناوچەیەكی كوردستان نەكردوەو نایکات ، هەموو كوردستان لەزاخۆ تا خانەقین  پیرۆزو گەوریە لەلای ، بەڵام ئەو بێباکیەی  پارتی بەسنوری سلێمانی و هەڵەبجەو ڕاپەڕین و گەرمیان دەیكەن لە هیچ شوێنێكی دونیا نیە كەلافی دەوڵەتداری لێبدەی و نیوەی وڵاتەكەت فەرامۆش بكەی و خۆشت پێ سەرۆكی حكومەت بێت و بێڕێزی بەكرێكاری پاككەرەو نەخۆش و خانەنشینی بەشێكی وڵاتەكەت بكەی .

ئەو ڕاشكاویەی یەكیتی لە سەرۆكەكەیەوە ھەڤاڵ  بافڵ جەلال تاڵەبانی كە لەگەڵ كەناڵەكەی نزیک لەپارتی زۆر بە سادەیی و ڕاشكاوی لەسەر هەموو تەوەرەكان قسەی كرد ، هەروەها لەتیمی حكومەت كە سەرۆكی تیمەكە ھەڤاڵ  قوباد تاڵەبانی  سایتی شەفافیەتی داناوەو هەموو كەسێك ڕۆژانە دەتوانێت داهاتی سنوری یەكیتی بزانێت، ئەم ڕاشكاوی و سادەییەی سەرۆكی یەكیتی و سەرۆكی تیمی یەکێتی لە حكومەت ئەوانی توشی شۆک کردوە.
ئەوەی بە یەكیتی دەكرێت بەئەوان ناكرێت پێیان قوت ناچێ ، ناچارن بەشتی لابەلا سەرنجی خەڵكی لەسەر ئەو جەرائەت و ڕاشكاوی و ڕاستگۆیی سەركردایەتی لابدەن .

تاكەي واز لەو كارە قیزەونانە ناهێنن ، داواكاری یەكیتی داواكاری خەڵکی كوردستانە ئەوانەی توانای داواكردنیان هەیە ،  ناترسن نەوەك ئەوانەی كە هەتا ناوێرن داوای مافە ڕەواكانی خۆشیان بكەن نەوەک  لە داگاكان بەبڕیاری ناڕەوا بیان خەنە كونجی زیندانەوە.

خەڵكی خزمەتگوزاری دەوێت، سەردەمی ئەو جۆرە یاریانە تێپەڕیووە ، مووچەی كرێكارانی پاككەرەوە بنێرن ، شایستە داراییەكانی كەرتی تەندروستی و پرۆژە خزمەتگوزاریەكان و موچەی خانەنشینان و بێ نەوایان بنێرن .

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP