ئایا مەسرور بارزانی رێز لە دادگاکان دەگرێ؟!

هۆشیار عەبدولڵا
13:25 - 2021-03-04

 
تەنها دوو نمونە بەسن بۆ ئەوەی تێبگەین کە سەرۆکی حکومەتی هەرێم رێزی ئیرادەی دادگاکان ناگرێ و دەستوەردەداتە کاروباریان؛
 
یەکەم/ لە دۆسێی دەستگیرکراوەکانیی بادیناندا:
 
مەسرور بارزانیی پێش بریاری دادگا و پێش دادگایی کردنیان گوتی ئەمانە رۆژنامەنوس و چالاکوان نین سیخوڕن، ئەمەش نەک هەر دەستوەردان بەڵکو حوکمدانییان بوو. 
 
لەم کەیسەدا پێش دادگا کەوت و رێگەی نەدا دادگا قسەی خۆی بکا ئەو لە تۆمەتبارەوە کردنی بە تاوانبار بەمەش رێرەوی دادگای دەستنیشانکرد و هەرواش حوکمدران .
 
لەسەر ئەم قسانەی کە ئەو رۆژنامەنوس و چالاکوانانی کردە سیخوڕ کابینەکەی مەسرور بارزانی هەرێمی توشی سکانداڵ و فەزیەحەیەکی گەورەی نێودەوڵەتیی کرد چونکە سەفارەتی ئەمریکا بە عەکسی مەسرور بارزانییەوە ئەوانی بە رۆژنامەنوس و چالاکوان لەقەڵەمدا و راستەوخۆ بە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی گوت قسەکەت لەسەر ئەوان راست نیە. 
 
دووەم/ لە دۆسێی ئامانج بابانی و هاوسەر و مناڵەکەیدا:
 
ئەم دۆسییە بەو رەهەندە ئینسانییە قوڵ و پڕ ئازار و سەختەی هەیەتی هەر کەس و لایەنێک بۆ مەرامیی سیاسیی وەکو برین لەسەر دڵیی کەس و کاریان و خەڵکی کوردستان بیکولێنێتەوە کارێکی نا ئینسانیی گەورە دەکا.
 
مەسرور بارزانیی لەم دۆسێیەش رێزی دادگاکانی کوردستان ناگرێ، چۆن؟! 
 
چونکە ئەو دۆسێیە لە دادگا یەکلایی کراوەتەوە وە دادگا دۆسێیەکەی حەسمکردوە کە حاڵەتەکە چۆن بوە، لەمەیاندا مەسرور بارزانیی ئەصڵەن ئیعتراف بە قەراری دادگا ناکا و گومانی لەسەر دروست دەکا!
 
 دۆسێی خیزانەکەی ئامانج کە بۆ خەڵکی کوردستان بەگشتی و شاری سلێمانیی بەتایبەتی و ئەوانەی لە نزیکەوە تێکەڵاوی خێزانیان هەبوە و هەردو بنەماڵە بەرێزەکە دەناسێ زۆر تایبەت تر لەهەمو کەس ئازاری زیاترە ، ناکرێ و نابێ لەوە بێدەنگی بکرێ هەرجارە و بە جۆرێک بێتەوە بەر باس، دەبێ داوای راستیی هەمو راستیەکان بکەین، رونکردنەوەکەی وتەبێژی مەسرور بارزانی جارێکی تر دۆسێیەکە دەکاتەوە پرسیار پێش هەمو کەس لە سەرۆکی حکومەت خۆی:
 
1. ئەگەر ئێوە وەکو حکومەت زانیوتانە و دەزانن کە ئەو خێزانە تیرۆرکراون چۆن ئەو هەمو ماوەیە بێدەنگ بون، بۆ بە فەرمیی راتان نەگەیاندوە؟ بۆ لە کەس وکار و خەڵکتان شاردۆتەوە؟ چۆن بەو بریارەی دادگا ڕازیبون کە عەکسی قسەی ئێوە دەکا؟ ئەگەر وابێ و تیرۆر بێ کەواتە ئێوە جەریمە و تاوانێکتان داپۆشیوە بەمەش بە یاسا ئێوەش دەبن بە هاوبەشیی ئەو تاوانە.
 
2. ماوەیەکی زۆر بەسەر ئەو کەیسەدا رۆیشتوە و ئێوە بێدەنگ بون، خێرە لە دۆسیی د. غالب و لە وەڵامیی لاهوری شێخ جەنگیدا وەکو پرسێکی سیاسیی بەناوی حکومەتەوە دەیورێژێننەوە، ئایا ئەوە جگە لە بەکار هێنانی ئەو کەیسە پڕ ئازارە ئینسانییە بۆ مەرامیی سیاسیی چی ترە؟! دەبێ دادگای سلێمانیی لەسەر ئەم لێدوانە لە بریارەکەی خۆی بپێچێتەوە، داواکاری گشتیی لەو نێوەندەدا رۆڵیی چیە ئەگەر بەدوای ئەمەدا نەچێت؟!
 
3. ئێستا مەسرور بارزانیی لە سەر ئەو دۆسێیە متمانەی لەسەر مەحەکە، یان دەبێ جارێکی تر روبەروی بریاری دادگا بیتەوە و عەکسەکەی بسەلمێنێ یان دەبێ ئیعتراف بکا بۆ مەرامیی سیاسیی بەکاریهێناوە.
 
لە دۆسێی د. غالب و هەمو دۆسێیەکی تاواندا، پێش هەمو کەس و لایەنێک، پێش هەمو حزب و سەرکردەیەک حوکمەتەکەی مەسرور بارزانی بەرپرسە چونکە پاراستنی ئاسایش و ئارامیی خەڵک ئەرکی حکومەتە، نەک فڵان حزب و فیسار سەرکردە، پاشان ئەو دەستە زۆر کەشفە کە دەیەوێ لە زۆنێکدا تاوان بکا گوایە زۆنیی خۆی نیە، یا بەم کردەوانە دۆسێی تری پاشکۆیەتیی وڵاتانیی دراوسێ و بێموچەیی خەڵک و تاڵانیی نەوت و دەستگیرکراوانیی بادینان بیر خەڵک بەرێتەوە.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP