سەوڵ لێدانی ھەرێم لەنێوان ئەنكەرەو بەغدا

شێرزاد سەمەد
15:40 - 2023-01-31


ئەم ھەرێمە فیدرالییە لەبنەرەتدا بەشێكە لەخاكی دابەشكراوی كوردستانی گەورە، دوای دەیان ساڵ شۆڕش، جۆرێك لە دەسەڵاتی خۆجێی كوردی ھاتوەتە كایەوە بەبەردەوام ئەنكەرە ڕۆڵی زیفلەری سیاسی گێڕاوە بۆلەناوبردنی شۆڕشەكانی و ھەمیشە ئەم دەسەڵاتەی كوردی لەم پارچەیە بەھەڕەشە زانیوە بۆ سەر توركیا ونایەوێت ئەم تاقیكردنەوەیە چ لای خۆی چ لەھیچ پارچەیەكی تری كوردستان سەركەوتووبێت.. 
چەند ساڵێكە بەھۆی ھەناردەكردنی نەوتی ھەرێم لەڕێگەی توركیاوە ئەم دوژمنە ستراتیجی وسەرسەختە بووە بەڕووگەو ڕێگای بەھەناردەكردنی نەوتی ھەرێم لەلایەن باڵادەستترین حیزبی كوردی لەناو حكومەتی ھەرێم كەپارتی پێشڕەو وسەرقافڵەی ئەم كاروانە ڕوولەھەڵدێرەیە!! 
ئەم پەیوەندییە شوومە بۆتە فاكتەری سەرەكی تێكدانی پەیوەندیی نێوان ھەرێم وبەغدا و دوور نییە ئەم فیدرالیەتەی ھەرێم لەناو بەرێت وتوركیا بەشیرینی نەوت بمانخكێنێ كە ئەم پەتە جیاوازە لەوەی خستیانە ملی شێخ سەعیدی پیران وسەدان ئازادیخوازی تری كوردستانی.

بەمجۆرە مامەڵەیە توركیا جغزێكی دروستكردوە لەنێوان ھەرێم وبەغداو نەخشەی ویلایەتی موسڵی دووبارە كێشاوەتەوە وپیلانەكەی قازانجی ئابووری بۆخۆی وحەسەن خەیریەكانە!! 
ئەو ڕاستیانە ئەوە دەردەخەن كەھەرێم ناتوانێت خۆی لەوجغزە دەرباز بكات وپەرە بەشەراكەت وفیدرالیەتی ھەرێم بدات لەگەڵ حكومەتی ناوەندی ولەسەر دۆسیەی نەوت ڕێكبكەوێت،بەغداش بەڕێساو یاسا دەستوریەكان ھەڵسوكەوت لەگەڵ ئەم كەیسەدا دەكات و تادێت زیاتر دۆخی ھەرێم لەھەموو ڕوویەكەوە سەختتر ئەبێ. 

ئەم ھەنگاوانەی ھەرێم جێگەی نیگەرانی عیراق وئێران وتەنانەت ئەمریكاشن، ئەو ئەمریكایەی لەئێستادا لەململانێیەكی تونددایەلەگەڵ چین وڕوسیاداو توركیاش لەوبازنەیەدایە..
 كەواتە سەوڵ لێدان بەپێی ئەم نەخشە جیۆسیاسی وئابوریانە وەك ئەو كەشتیە وایە دژی باوبۆران بوەستێتەوە..

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP