رۆژی مورافەعەی کوبرا

ئارام سەعید
13:59 - 2023-02-09

رۆژی مورافەعەی کوبرا 
بیرەوەری
ئارام سەعید  
٩-٢-٢٠٠٤ لەبەغدا 
  ئەوکات بەندە بەڕێوەبەری نوسینگەی کوردسات بووم لەبەغدا، ئەو رۆژە لە ئەنجومەنی حوکم بووم کە کۆبونەوەی ئەنجومەنی حوکم هەبوو، چونە ناو کۆشکی کۆماری زۆر قورس بوو چونکە هێشتا هەموو شوێنەکان بەدەست ئەمریکاوە بوو کە پۆڵ بریمەر حاکمی مەدەنی عیراق بوو، مام جەلال ٨ ستافی هەبوو کە هەویەیان بۆ کرابوو لەلایەن CPA ەوە کە دەیانتوانی بچنە ناو کۆشکی کۆماریەوە، من یەکێک بووم لەو هەشت کەسە کە کاری راگەیاندنم دەکرد. 
لەهۆڵی کۆبونەوە کاک ئازادی وێنەگر کە پێمان دەگووت ئازادی گیتار وێنەگری تایبەتی مام جەلال و سکرتاریەت بوو، ئەو چوە ژوورەوە بۆ وێنەگرتن و هەم فۆتۆ و هەم ڤیدیۆشی دەگرت بۆ کوردسات و رۆژنامەی ئیتیحاد و کوردستانی نوی و تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان، واتە هەموو میدیاکانی یەکێتی و زۆرجار میدیاکانی تریش وێنەو ڤیدیۆکانیان بەکاردەهێنا.
لە رارەوی کۆبونەوەکە وەستابووم بینیم محەمەد بەحر علوم بەشڵەژاوی هاتە دەرێ، دواتر د.مەحمود عوسمان کە هەردوکیان ئەندامی ئەنجومەنی حوکم بوون. بەوپێیەی دوکتۆر مەحمود هەمیشە نێوانی باش بوو لەگەڵ میدیا و منیش دەمناسی لێم پرسی دوکتۆر ئەو هاتوچۆو شڵەژانە چیە؟ پێی وتم " مام جەلال قەومانی" زۆر بوە مەراقم کە بزانم چیە و ئایا دەکرێتە هەواڵ یان تێ ئەپەڕێت. 
دواتر بۆ پاش نیوەڕۆ چومەوە بۆ ماڵی مام جەلال لەیەکێک لە سکرتێرەکانم پرسی بۆ ئەوەی بزانم ئەو کۆبونەوەیە بکەین بە هەواڵ وتی بۆ ناچیتە ژورەوە هەر خۆیەتی مام کەسی لانیە فرسەتە خۆت پێی بڵێ، ئەو بڕیارانە کاک ئازادی وێنەگریش نەیدەتوانی بیدات کە بڵاوبێتەوە یان نا و تەنها ئەویش دەچوە کۆبونەوەکانەوە بۆ وێنەگرتن، ئیتر چومە ژورەوەو مام جەلال چاکەتەکەی دابوو بەسەر کورسیەکدا و دانیشتبوو لەسەر کورسیەکی تر کە لەدەوری مێزێکی گەورە بوون و لەسەر ئەو مێزە زۆر رۆژ نان دەخوراو میوانەکانی مام جەلال کە دەهاتن لەوشوینە نانیان دەخوارد. 
کوردسات گرنگی زۆری هەبوو لای مام جەلال و هەروەها بەوپێیەی هێرۆخان سەرپەرشتی دەکرد پشت وپەنایەکی گرنگ بوو بۆ کوردسات. 
پاش سڵاو لێم پرسی ئەم کۆبونەوەیەی ئەمڕۆ بکەین بە هەواڵ؟ مام جەلال ناوی منی نەدەزانی پێی دەگوتم کوردسات، وتی ئا وەرە بنوسە، مام قسەی کرد و منیش دەستم کرد بە نوسین، لە ناوەراستدا هەستمکرد فریا ناکەوم بۆنوسین و وتم ئەمە مێژوی زۆر تێدایەو دەقیقە رەنگە هەڵەیەک بکەم لەو ژمارانەدا، دیاربوو ئەو رۆژە مام جەلال زۆر کامەران بوو کەئەو شەڕە گەورەیەی کردبوو بەڵگەکانی خستبوە روو، وتی " باشە ، ئەو قەڵەمەم بەرێ" دەستی بۆ چاکەتەکەی راکێشا کە لەناو چاکەتەکەی بوو، وەرەقەکانم خستە بەردەستی و دەستیکرد بە نوسین. 
مام جەلال لەو سیاسیانە بوو دەیزانی ئەگەر هەواڵێک گرنگ بێت دەبێت خۆی بینوسێت کە یەکێکیان لەبەر ئەوەبوو پەیامەکەی وەک خۆی بگات و نەک راگەیاندن دەستکاری بکەن دووەم کە دەستوخەتی خۆی بوایە ئیتر کەس لە راگەیاندن دەستکاری نەدەکرد، لەرووی زمانەوانیەوە ورد بوو پاشان خۆی یەکێک بوو لەوانەی بەشداری گەورە بوو لە زمانی راگەیاندنی یەکێتیدا، کە دیارە یەکێتی زمانی نوسینی جیاوازبوو لە حزبەکانی تر. 
مام جەلال کەلەسەر کاغەزێک بینوسیایە ئەگەر لاپەرەکە تەوابوایە دەچوە دیوی دووەمی لاپەرەکە واتە نەیدەکرد بەپەڕەیەکی تر، جگە لەوەش دەستوخەتی زۆر جوان بوو، بەئاسانی دەخوێندرایەوە. 
ئەو وەرەقەیەی ئەو هەواڵەی تیانوسرابوو من لەلای خۆم بوو پاشان سکانم کرد و کە لە کاک ئازادم پرسی بۆ وێنەو ڤیدیۆکان کە من خەمم بوو هەواڵەکە تێکستەکەی زۆردرێژەو پێویستە وێنەی ڤیدیۆمان زۆربێت، ئەوەی باش بوو هەم فۆتۆی جوانی گرتبوو هەم ڤیدیۆش لەکاتێکدا ئەو کۆبونەوەیە شڵەژانێکی زۆری دروستکردبوو هەم لای سوننە وشیعەکان هەم لای ئەمریکیەکان. 
دواتر کاک ئازاد وێنەو ڤیدیۆکانی بۆ ناردین و فۆتۆکانیش بۆ راگەیاندنەکانی تری یەکێتی نارد، ئێمەش بە ئێس ئێن جی ناردمان بۆ کوردسات لە سلێمانی و ئەو شەوە هەواڵەكە بڵاوبۆوە.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP