دانپێدانان بۆ دادگایه‌ نه‌ك شاشه‌

ئەرسەلان رەحمان
11:46 - 2023-04-26

دانپێدانان بۆ دادگایه‌ نه‌ك شاشه‌
ئەرسەلان رەحمان


یه‌كێك له‌و كاره‌‌ چه‌وتانه‌ی ناو به‌ناو له‌ لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ ده‌كرێت، وه‌رگرتنی وته‌ی تۆمه‌تباران و تۆماركردن و بڵاوكردنه‌وه‌یه‌تی له‌ شاشه‌ دڵخواز و په‌یجه‌كانیان له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان.

ئه‌م مۆدیلی بڵاوكردنه‌وه‌ی "دانپێدانان" مۆدیلێكی چه‌وت و ڕه‌فتارێكی نادادپه‌روه‌رانه‌ و نایاساییانه‌یه‌، كه‌ له‌ هه‌ندێك وڵاتی ده‌وروبه‌ره‌وه‌ هێشتا له‌ ڕه‌واج نه‌كه‌وتووه‌ و ئاماژه‌یه‌كی ڕوونی شكاندن و پێشێلكردنی سه‌روه‌ری یاسا و مافی مرۆڤه‌. 

"تۆمه‌تبار بێ تاوانه‌ تا ئه‌و كاته‌ی به‌ ده‌قێكی یاسایی، - له‌ دادگایه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌دا - تۆمه‌ته‌كه‌ی له‌سه‌ر ساغ ده‌كرێته‌وه"‌. ئه‌مه‌ ده‌قێكی ڕوونی بنه‌مای دادگاییكردنه‌، بڵاوكردنه‌وه‌ی دانپێدانانی سه‌رپێی تۆمه‌تباران، شكاندنی ئه‌و بنه‌ما یاساییانه‌یه‌، چونكه‌ هێشتا خودی ئه‌و دانپێدانانه‌ و په‌ڕاوه‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌فسه‌ری لێكۆڵه‌ر، نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ به‌رده‌ست دادگا و له به‌رده‌م دادوه‌ردا ئه‌و دانپێدانانانه‌ په‌سند نه‌كراون، بڵاوكردنه‌وه‌یان جگه‌ له‌ شكاندنی كه‌سایه‌تی و تیرۆری مه‌عنه‌وی ده‌ستگیركراوان، هه‌وڵدانێكی ڕوونه‌ بۆ گۆڕینی ئاراسته‌ی بڕیاری دادگا.

هەروەها بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و "دانپێدانانانه‌" له‌ میدیادا، وەک ئەوەی دەزگای ئەمنی ناردوویەتی، پێشێلكارییه‌كی زه‌قی بنه‌ما ئیتیكی و یاساییه‌كانی كاری ڕۆژنامه‌وانییه‌.

ئه‌وه‌ی سه‌یری وته‌ی تۆمه‌تباری دۆسیەی "کاوە بازیانی" كردبێت، به‌ ڕوونی هه‌ستی كردووه‌، كه‌ ئه‌و تۆمه‌تباره‌ پاساو بۆ كاره‌كه‌ی ده‌هێنێته‌وه‌ و ده‌ڵێت: ده‌مه‌قڕه‌ی بووه‌ له‌گه‌ڵ تاوانلێكراودا و ویستوویه‌تی بیكوژێت و ئه‌م به‌ سزای گه‌یاندووه‌، ئه‌مه‌ بۆ خۆی كاریگه‌ری زۆر له‌سه‌ر ڕایگشتی و گۆڕینی ڕێڕه‌وی دادوه‌ری درووست ده‌كات.

هه‌روه‌ها نمایشكردنی بكوژ وه‌ك تۆڵه‌ستێن، له‌ فه‌زایه‌كدا، كه‌ یاسا وه‌ك پێویست ڕۆڵی نییه‌، ڕێگه‌خۆشكه‌ره‌ بۆ په‌ره‌سه‌ندن و به‌ دیارده‌بوونی ئه‌و حاڵه‌تانه‌، ئه‌مه‌ش هه‌ڵه‌یه‌كی زه‌قی ئه‌و ده‌زگا ئه‌منیانه‌یه‌، كه‌ بێ وردبوونه‌وه‌ له‌ كاریگه‌ری په‌یامه‌كان، بابه‌تی میدیایی بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌.
لەواڵی نووسەرەوە وەرگیراوە

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP