کێ بەرپرسە لە ئەنجام نەدانی هەڵبژاردن !؟

ئاكۆ محەمەد
20:47 - 2023-05-01

کێ بەرپرسە لە ئەنجام نەدانی هەڵبژاردن !؟

ئاكۆ محەمەد 

چەند مانگێکە گفتوگۆی چر لەسەر ئەنجامدان و ئەنجام نەدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت، تەواوی هێزە سیاسییەکان لە ڕێگەی راگەیاندن و بەیان نامەی جیاواز داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکەن لە ساڵی ٢٠٢٣.
پرسیار ئەوەیە ئەی کەواتە کێ بەرپرسە لە ئەنجام نەدانی هەڵبژاردن لە کاتی دیاریکراو؟
وەك بۆ هەموو لایەك ڕوونە و پێویست بە شیکاری زۆر و لێکدانەوەی جیاواز ناکات کێ رێگرە لە رێکەوتن و جێ بەجێ کردنی داواکاری کۆیی لایەنە سیاسییەکانی هەرێم کوردستان ئەو ڕێگری سەرەکییە.
هەڵبژاردن پێویستی بە هەنگاوی کرداریە نەك بەیان نامەی چەواشەکاری و چاو بەستەکی کردنی خەڵك، لە ڕابردوو چوار هێزی سیاسی بەشدار لە پەرلەمان و دوو هێزی بەشداری لە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش  بە راگەیاندراوێکی کورت و زۆر بەروونی دید و تێڕوانی خۆیان خستەڕوو سەبارەت بە شیوازی ئەنجامدانی هەڵبژاردن کە خۆی لەم چەند خاڵە دەبینیەوە:
*-  هەمواری یاسای هەلبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 
*-  کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن
*-  دابەشکردنی کورسی کۆتایی پێکهاتەکان بەسەر پارێزگاکان.
*-  کارکردن بە تۆماری دەنگدەرانی عێراقی فیدراڵ.
بەڵام ئەوەی جێگەی هەڵوەستە کردنە پارتی وەك هێزێکی خۆ سەپێن و پاوان خواز بێ ئەوەی یەك هەنگاو بێتە پێشەوە بۆ گفتوگۆ کردن لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان بەردەوام لە رێگەی بەیاننامەی چاو بەستەکی داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکات.
لەوەش سەیر تر ئەوەیە لە هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پارتی داوای جێ بەجێکردنی ئەو چوار خاڵە ئاماژە پێداوە ، کەچی لە هەرێمی کوردستان  هەر یەك لە ( یەکێتیی ، گۆڕان ، یەکگرتووی ئیسلامی ، کۆمەڵی دادگەری )داوای دەکەن پارتی رێگری لە جێ بەجێکردنی دەکات ، کورد گوتەنی بانێکەو دوو هەوا!!
ئیتر زۆر بە روونی دیارە کێ بەرپرسە لە ئەنجام نەدانی هەڵبژاردن و دروستکرنی ئاستەنگ و بەر بەست بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە کاتی دیاری کراوی خۆی، بۆیە لە ئێستادا نوێنەری وڵاتان و تەنانەت نەتەوەیەکگرتووەکانیش گەیشتوون بەو ڕاستیەی چ  هێزێکی سیاسی رێگرە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی خۆی و پێویست بە چەواشەکاری و خۆڵ کردنە چاوی خەڵك ناکات چونکە خەڵکی کوردستان زۆر لەوە هوشیار ترن هێزێکی بەکرێ گیراوی خۆسەپێن فێلیان لێ بکات.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP