هەنگاو و هەڵوێستی کشانەوەیەک کە لەنێو ئەو پشێویە سیاسی و میدیاییەی سەرتاپای فەزای گشتی هەرێمی کوردستانی داگرتووە ئاسان نییە درک بە پێویستی و لایەنە بەرپرسیارییەکانی بکرێت.
ئەوەی ڕاستی بێت لە قووڵایی ئەو هەنگاوەی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا شتێک نییە بە ناوی "کشانەوە" کە ڕووکەشانە یەکسان بکرێت بە "خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی" و "ئاستەنگخستنە بەردەم کارە ئیدارییەکان" بەڵکو بە تەواوی مانا درککردنە بە مەترسی ئەو تاکگەرایی و خۆسەپێنە سیاسییەی لە مێژووی کارکردنی تیمی یەکێتی لە حکوومەتدا پێشینەی هاوشێوەی نەبووە. قوباد تاڵەبانی بەر لە هەمووان درکی بە مەترسی ئەو مێنتاڵیتییە خۆسەپێنە کردووە، کە جگە لە خۆی، جگە لە فەرمان و شێوازی کارکردنی خۆی بستێک ئەولاتر بەرچاوی خۆی نابینێت.
دەشێ لەنێو کەشی سیاسیی فرەحیزبیدا تاڕاددەیەکی زۆر ئاسایی بێت هەر حیزبێک بیەوێ ئەجێندای خۆی بخاتەگەڕ، بەڵام دەبێ ئەو ئەجێندایە لەپێناو خەمی گشتی و بەرژەوەندی خەڵکدا بێت، کەچی ئەو ئەجێندا شەخسیەی وایکردووە قوباد تاڵەبانی بە سەرۆکایەتی تیمی حیزبەکەی لە حکومەت هەڵوێستی لە بەرامبەدا بگرێتە بەر زۆر باش لەوە تێگەیشتوون ئەمە نە کێشمەکێشمی خزمەتکردنی زیاتر و نە فەرزکردنی باشترین سیاسەتی خزمەتکردنە. تاڵەبانی درکی بەوە کردووە ئەم ڕوانگەیە بۆ ئیدارەدان ئیفلیجکردنی یەکێک لە بنەما و کۆڵەگە سەرەکییەکانی کاری پێکەوەیی و حکومەتی هاوبەشی دیموکراسیە.
بۆ ئەم ڕاستییەش باشترین نموونە ئەدای خودی قوباد تاڵەبانی بووە لە کابینەکانی پێشوودا. کابینەی هەشتەم بە قەیرانێکی خنکێنەردا تێپەڕی، بۆ تاکە یەک ڕۆژیش قوباد تاڵەبانی شانی لەژێر ئەو بارە قورسەی قەیرانی داراییە کەمەرشکێنە لانەبرد، تا بەرپرسانی یەکەمی پارتی بەو بروایە گەیاندبوو کە "قوباد تاڵەبانی چەندە هی یەکێتییە هێندەش هی پارتییە" ئەمەش خاڵی نەبوو لەو ڕاستییەی کە بەڵێ، "قوباد تاڵەبانی هی هەمووانە، لەپێناو بەرژەوەندی تەواوی خەڵکی کورستانە" وایکردووە بەرپرسانی پارتیش ناچار بەوە بکات دان بەوەدا بنێن هی هەمووانە و هەرچی دەیکات لەپێناو هەمووانە، ئەگەرچی ڕەنگە ئەم دڵسۆزییە کوردانەیەی ئەو گلەیی نێوخۆیی بەشێک لە ئەندامانی حزبەکەیشی هێنابێتە سەر، بەڵام لەوێشدا ئەمەی دەرخست کە ئەوەی ئەو درکی پێدەکات لە سەرووی بەرژەوەندی حزبەیەکەی خۆیەتی و لەپێناو خەڵکە.
ئەو جێگری سەرۆکی حکومەتی کابینەی هەشتەم، کە دەسەڵاتی سەرۆکی حکومەتیشی پێدرابوو، هەر ئەویش جێگری سەرۆکی حکومەتی کابینەی نۆیەمە، بەتوانا لەتێپەڕاندنی قەیران و ئاستەنگەکان، ئێستا وەها مامەڵە دەکرێت تەنها فەرمانبەرێکە و نایەتە سەر کارەکەی. ئەمە کێ دەیکات؟ بێگومان ئەو کەس و لایەنە، بگرە لەنێو لایەنێکدا ئەو باڵە دەیکات، کە لەوەتەی سەرۆکایەتی حکومەت دەکات نەیتوانیوە بەهەق سەرۆکی حکومەتی هەموو لایەنەکان بێت و بە چاوێکی یەکسان و بەدوور لە دنیابینی تەسکی شەخسی هەموو شارەکان بە هی خۆی بزانێت.
سیاسەتێک کە لەسەر پلاتفۆرمە شێواو و لایەندارەکانی میدیاییەکان دەکرێت ناتوانێت بڕوا بە تاڵەبانی بهێنێت ڕاگەیاندن و بانگهێشتی ئەوەی "با تیمی یەکێتی و قوباد تاڵەبانی بگەڕێنەوە نێو حکومەت" لە نیازپاکییەوەیە، چونکە لەبەرامبەردا یەکێتی جەخت لە چارەسەرکردنی ڕیشەیی ئەو کێشانە دەکاتەوە کە بوونەتە هۆکاری دەرچوونی تیمی یەکێتی لە حکومەت. ئەم بانگهشێتە ڕووکەشە ئەوەی لێ دەکەوێتەوە بەبێ ئەوەی هیچ کام لە کێشەکان چارەسەرکرابن، تەنها دیزەبەدەرخۆنە بکرێن و جۆرێکیش لە شکستی هەڵوێست وەرگرتن وێنا بکرێن و ئەوان دووبارە ئەمەش بکەنە بانگەشەیەکی ناوبەتاڵی میدیایی.
دەشێ خەڵکی کوردستان لە دەرەوەی ئەو گۆمە لیخنەی سیاسەتکردن و کاری میدیاییەدا ئەو هەڵوسێتەی تاڵەبانی بە ڕوونی درک بکات، چونکە نە مێژووی خەباتی یەکێتی، نە پەرێزی تاڵەبانییەکان، لە باوکەوە تا کوڕەکانی هەرگیز نە سەردانەواندن بووە بۆ ئاڕاستەکردنی هەرێمی کوردستان بەرەو هەڵدێر، نە بەدەر بووە لە بەهێزکردنی پایەکانی ئەم هەرێمە.
لە دوا کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران جارێکیتر سەرۆکی حکومەت دوپاتیکردەوە با تیمی یەکێتیی و قوباد تاڵەبانی بگەڕێنەوە.!
لەدواجاردا ئەوەی لەدەرەوەی دنیای میدیایەکی پڕ لە ژاوەژاوەوە تەماشای دۆخەکە دەکات، قوباد تاڵەبانی نەرۆیشتوە تاکو بگەڕێتەوە، بۆیە خودی داواکاریەکەی سەرۆکی حکومەت هەڵەیە کە داوادەکات قوباد تاڵەبانی بگەڕێتەوە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP