‎یەکێتیی لە قۆناغی نوێشدا هەستانەوەو وەستانەوە

بنار محه‌مه‌د
23:03 - 2023-07-11

روون و ئاشکرایە کە یەکێتی لە هەموو کایەکانی ژیانی سیاسیدا خۆی نوێ کردوەتەوە، بەوانەشەوە کە بەشداریی ئەو هێزەن لە پرۆسەی فەرمانڕەواییدا، هەستانەوەی لە چەقبەستوویی یان ژیانێکی ناسروشتیی حزبی بۆ جموجوڵ و گۆڕانکاریی لە کایە جیاوازەکانی ژیانی حزبایەتی، ئەو هەستانەوەیە یار و نەیاری گوێقوڵاخ کردووە، نەیارەکانی بە غەمگینیەوە لێی دەڕوانن و یارانی یەکێتیەکەی مام جەلالیش بە گەشبینی و خۆشحاڵییەوە لێی دەڕوانن، هەروەکو لە ئەدەبیاتی یەکێتیشدا واباوە یەکێتییەکان بە کەم رازی نابن و هەمیشە چاویان لە دەستکەوت و نوێبوونەوەی زیاترە، ئەوەش هەوێنی نوێبوونەوەیە.

‎لە ماوەی ساڵی رابردوودا چەندین وەستانەوە و هەڵوێستی نیشتمانی یەکێتیمان بینی کە هەموویان بۆ خاتری راستکردنەوەی رێڕەوی فەرمانڕەوایی بوون کە خەڵکیش گلەیی لێی هەبوو، وەستانەوەکەی یەکێتی بەڕووی رێڕەوی ناتەندروستی فەرمانڕەواییدا بەرهەمی باشی هەبوو، بەتایبەت کە شەڕی یەکێتی دژی جیاوازی و جیاکاری لە خزمەتکردنی شار و ناوچەکاندا، چونکە یەکێتی خۆی پێ حزبی هەموو خەڵک و ناوچە و شارەکان و تەنانەت بەشەکانی دیکەی کوردستانیشە، بۆیە لەسەر کێشەکانی خەڵک، ئیتر خەڵکی هەر ناوچەیەک بن بەدەنگ دێت و شەڕی لەپێناو ئاشتیدا بۆ دەکات.

‎سەرۆک مام جەلال کاتێک باسی پیلانگێڕی لەسەر یەکێتی دەکرد دەیوت "سەفین لە بن بێت یەکێتی لە بن نایەت"، ئەو ئیدیۆمە سیاسیەی مام جەلال بووە بنەمای خەباتی یەکێتی و ورەی زیاتری دانێ، مادام یەکێتیی حزبی خەڵک و لەناو خەڵکە ئیتر پیلانی لەسەر جێبەجێ ناکرێت، زۆر هێزیش خۆیان تاقیکردەوە، بەڵام دەرنەچوون، قوتابخانەی پیلانگێڕیشیان چووە زبڵدانی مێژووەوە.

‎یەکێتی بووەتەوە هیوا، یەک سەرۆک، سیاسەت و ستراتیژی هەیە، یەک ئامانجی روونیش، ئەویش خزمەتکردنی خەڵک و سەربەخۆیی کوردستانە، ئەمانە دروشم نین، بەڵکو هێڵی سەرەکیی سیاسەتکردنی یەکێتین، کاروانە سەوزەکەش دەگاتە جێ..

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP