یەكەمی بێ ركابەر لە گوێڕایەڵیدا

شاهۆ عیزەدین
19:47 - 2023-08-18

جێپەنجەمۆری كەناڵی روداو بەسەر لایەنگیری پارتیەوە
 
بۆچی یەخەی كەمال كەركوكی گیراوە، خۆ ئەوان بە شەجەرە بۆیان ماوەتەوە كە بەردەوام دەستی چەپەڵ و تاوانكارییەكانیان بە نەبەردی دەگێڕنەوە، بەڵام ئەوەی لە كەمالدا جیاوازە، ئازاییەتیەكەیەتی لە هۆنینەوە و دركاندنی درۆ بە بەراورد لە ئاغاكانی، ئەگەرنا دەرهەق بە كۆمەڵكوژیی و تاوانەكەی هەكاری، بەرگی شەشەمی كتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان) و دوای ئەویش (سیامەند بەننا)یەك لە بەرنامەی پەنجەمۆری روداو هەروا دەڵێن، ئەوەش بەڵگەی ئەوەیە كارخانەی ئەنجامدانی كۆمەڵكوژیەكە و گشتاندنی چیرۆكە هەڵبەستراوەكانیش هەر بەرهەمی یەك شەجەرەیە. 
 
كەناڵی روداو، كە گوایە بانگەشەی بێلایەنی و پرۆفیشناڵی دەكات و لە پیشەییبووندا خۆی لێ بووەتە یەكەمی بێ ركابەر، لە كەیس و ئەجێنداكانی پارتی هەر زوو دەمامكەكەی لادەدا و بە چەشنی میدیای سێبەر ستراتیژی پەلامار و قوڵكردنەوەی كێشەكان و بڵاوكردنەوەی درۆ و دەلەسە دەگرێتەبەر، سكانداڵی ئەو هەنگاوانەش كاتێك دەگاتە ترۆپك كە لەبەرنامەی (پەنجەمۆر)ەوە بڵاودەبنەوە، كە دەبوایە وێستگەی بنكۆڵكاری روداوە مێژووییەكان و ساغكردنەوەی دروستی دوێنێمان بێت لە زار و زمانی خەڵكی راستگۆوە، نەك ببێتە جێگای پاڵەوانسازیی تاوانكار و دۆڕاوەكان، ئەوانەی مێژوو بە شێواوی و دووڕویی بەخەڵك دەفرۆشنەوە، قەباحەتی گەورەش لەوەدایە كۆلكە كادرێكی قیادە مۆقەتە بێ و لەبارەی هەكارییەوە قسە بكات، كە راستیەكەی خەڵك و رای گشتی باوەڕی بە ئوستادەكانی نەكردووە چجای گوێ بە شاگردەكەیان بگرێت. 
 
روداو زیاد لە نیشانەیەكی پرسیاری لەسەرەو لەسەر ئەو ئەجێندا پەنهانە زۆر كەسایەتی لە بەرنامەی راستەوخۆدا حەسیر مەیدانی زمانەوانی و ئیتیكیان پێكردووە، بەهۆی لەدەستدانی پێوەرە پیشەییەكان زۆر چاودێر و شارەزا و كەسایەتی بایكۆتیان كردووە و نایانەوێت لەشاشەكەیەوە دەربكەون، چونكە هەر كە پارتی گڵۆڵەی لە پرسێك دەكەوێتە لێژی، ئەوان پینەدۆزێكی لێوەشاوە دەبن بۆ راستكردنەوەی بارە لارەكەی، ئەوەتا پەنجەمۆر و روداو ئەوەی بۆ داپۆشینی تاوانی هەكاریی دەیكەن، بەشێك لە میدیا سێبەرەكەی پارتی نایكەن، خۆ لە دەرەوەی هەكاریش وا چەند رۆژێكە لە بەش و لاپەڕەی بەرگی شەشەمی كتێبەكەی بارزانی و بزوتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان، ئەوەی پەیوەندی بە ئامانجگرتنی یەكێتیەوە هەیە، وەردەگرن و بڵاویدەكەنەوە، كەچی لەو هەموو بیرەوەرییەی تێكۆشەرانی كورد و یەكێتی، لە دیداری تەمەنی سەرۆك مام جەلال، لە بیرەوەری بەهادین نووری و زۆر كەسایەتی دیكە، یەك دێڕ بڵاوناكەنەوە، وادیارە لە یەكەمە بێ ركابەرەكە، تەنها پەراوێزێكی ئازادیی بۆ جنێودان و پەلاماردانی یەكێتی هەیە و دەنگی حەق و بیرەوەری راست و مێژووی راستەقینە هەر بە گوێرەی فارسیەكەی كەمال كەركوكی (ممنوع است).

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP