کەرکوک و یەکێتیی نیشتمانی...

هێرش قەشانی
15:27 - 2023-09-03

یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بۆچرکە ساتێکیش کەرکوک بۆ دوژمنانی کورد چۆڵ نەکردوە و چۆڵ ناکات و خزمەتی تەواوی پێکهاتەکانی ئەوشارە دەکات.
کەرکوک شارێکی کوردانەو و ناسنامەی کوردستانیە، لە ساڵی (1600)پ.ز لەلایەن گۆتیەکانەوە کە هۆز و تیرەی گەلی کوردن دروستکراوە ،قەڵاکەشی بەهەمان شێوە لەلایەن ئەو هۆزەوە دروستکراوە، کەرکوک ناوێکی تری هەیە کە ئەویش (بابەگۆڕگوڕ)ە کەئەمەش ناوێکی کوردیە و لە نەوت، ئاگر و بڵێسەوە سەرچاوەی گرتوە و یەکێتیش بە قودسی کوردستان ناوی بردووە و ناوی دەبات.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سەرەتای دروستبونیەوە گرنگی زۆری بەم شارەو سەرجەم پێکهاتەکانی ئەم شارە داوە و خزمەتی کردوون، هەمیشەش لەلایەن یەکێتیەوە کەرکوک بەقودسی کوردستان سەیرکراوەو سەیردەکرێت.
سەرۆک مام جەلال کەرکوک وەک قودسی کوردستان ناوی بردووە و لە خۆشی و ناخۆشیەکاندا تەنها بۆ ساتێکیش ئەم شارە خۆشەویستەی کوردستانی جێنەهێشتووە، ئێستاش سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، درێژەپێدەری هەمان سیاسەتی ئەو سەرۆکە کاریزمایەی گەلی کورد و کوردستانە و هەمیشە لە خزمەتکردنی شارەکە بەردەوامە و خزمەتی سەرجەم پێکهاتەکان دەکات بەبێ جیاوازی. 
یەکێتیی نیشمانیی ناسنامەی حزبی شەهیدانی پێبەخشراوە، چونکە لە هەموو شارو شارۆچکە و کوچەو کۆڵانی شارەکانی کوردستان بۆ بەدیهێنانی ئازادی و دیموکراسی تاک بەتاکی کوردێک خوێنی بەخشیوەو دەستکەوتی نەتەوەیی پێش دەستکەوتی حزبی خستووە و بیری لەباشترکردنی بژێوی و ژیانی دانیشتوانەکەی کردۆتەوە. 
ئیستاش ئەوە یەکێتییە پارێزگاری لە تەواوی کوردستان بەگشتی و شاری کەرکوک بەتایبەتی دەکات و خوێنی بۆ دەڕێژێت، ئێستاش لە دەرەوەی شارەکە ئەجندا و حزبێک هەیە کێشە بۆ شارەکە دروست دەکات و هەندێ لە هاووڵاتیانی سەر بە خۆیان هان دەدەن تا کێشە بۆ شار و دانیشتوانەکەی دروست بکەن.

من دەپرسم ئەو کاتەی کەرکوک بێ پارێزگار بوو بۆ ئەو حزبەی ئێستا بۆ مەرامی سیاسی حزبیی خۆی کێشە دروست ئەکات، لە کوێ بوو؟
کاتێک یەکێتی داوای لێدەکرد با ئەنجومەنی پارێزگای شارەکە کۆببێتەوە و پارێزگارێکی کورد بۆشارەکە هەڵبژێرن و کوردێک خزمەتی شارەکە بکات ئەم حزبە لەکوێ بوو؟ خێرە ئێستا بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن دەیەوێت بگەڕێتەوە شار !
خەڵکی شار باش تێدەگەن و بەرچاویان ڕوونە و باش دەزانن کە چ حزبێکە لەگەڵ شارو دانیشتوانەکەیەتی، سەرکردەی چ حزبێکە لەکاتی هەبوونی کێشەو مەینەتی و ئازارەکانی ئەو شارە لەوێن و شار بۆ دوژمن جێناهێڵن، کیێیە خوێن بۆ شار دەڕێژێت و کێیە ڕێگری لە خوێن ڕشتن لەو شارە دەکات و شار بۆ داگیرکەران چۆڵ ناکات، بۆیە پێویست ناکات خەڵک لەدەرەوە هانبدرێت، بینایەک لە خوێنی گەشی تاکی کورد گرنگتر نیە و بۆیە پێویستە ئەو حزبە بەخۆیدا بچێتەوە و بیر لە خوێن ڕشتن و سوتانی جەرگی دایکێکی کەرکوک بکاتەوە و چیتر بیر لە پشێوی نانەوەو  ئاژاوە نەکات.
ئەمەوێت بڵێم پێویستە هەموو حزبە سیاسیە کوردیەکان وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، خەمخۆری شارەکە بن و لەو شارە کۆکەرەوەی لایەنە کوردیەکان بێت و ڕێز لەداواکانی تاک بەتاکی کەرکوکیەکان بگرێت و ئەو شارە جێنەهێڵن.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP