مام جەلال ونووسەران

ئەرخەوان رەسوڵ
17:08 - 2023-10-05


هەموو ئەزانین کە درۆشمی (نان و ئازادی بۆ نووسەران ) مام جەلال دایهێناو لە سەردەمی خۆیا جێ بەجێشی کرد ، لە وتە دیارەکانی ئەوە بوو وتی : نووسەر بە وشە رووبەرووتان ئەبێتەوە ئێوەش بە وشە وەڵامی بدەنەوە نەک بە فیشەک .ئەودەمەی من لە بنکەی ئەدەبیی گەلاوێژ بووم ،لە نزیکەوە ئاگاداری ئەوەبووم کە مام جەلال هەموو ساڵیک بڕێ پارەی ئەبەخشی بە فێستیڤاڵی گەلاوێژ و خۆشی بەشداری ئەکردو وتەی تایبەتی خۆی پێشکەش ئەکرد و جگە لەوەش دەعوەتی میوانەکانی فێستیڤالی ئەکردو رێزی زۆری لێ ئەگرتن .
موچەیەکی تایبەتیشی بۆ ژمارەیەک لە نووسەران تەرخان کردبوو کە مانگانە وەرمان ئەگرت و زۆر جار لەگەڵ نووسەران کۆ ئەبووەو قسەو باس ئەکرا و گوێی لە راوبۆچوونەکانمان ئەگرت و وەڵامی پرسیارەکانی ئەداینەوە ،بیرمە جارێک لێیان پرسی بۆ دەوڵەتی کوردی راناگەیەنن ؟ وتی گەر ئەوە بکەین دەوڵەتانی دراوسێ گەر شەریشمان لەگەڵ نەکەن سنوورەکانمان لێ داخەن ئێمە ئەخنکێین . هەر لەو کۆبوونەوانەدا نیوەڕۆخوانی بۆ ئامادە ئەکردین وخۆی بەسەر مێزەکاندا ئەگەڕاو قسەی خۆش ونوکتەی ئەگێڕایەوەو زۆر سادەو ساکار مامەڵەی لەگەڵ ئەکردین وەک ئەوەی یەکێک بێت لە خۆمان ، مام جەلال زۆر رێزی ژنی ئەگرت و بەتایبەتی ئەهاتە لامان و قسەی بۆ ئەکردین و لە رۆیشتنا ئەی خستینە پێش خۆی ، جارێکیان هەر من ژن بووم لەوێ داوای کرد لە پێشیەوە بڕۆم منیش پێم شەرم بوو پێش بەرێزی بکەوم کردی بە سوعبەت وتی ئەڕۆی یان پێشمەرگەیەکت بۆ بانگ بکەم ، ئیتر ناچار پێشی کەوتم ، مام جەلال زۆر هاوکاریی نوسەرانی ئەکرد لە کاتی نەخۆشی وهەر پێویستیەک بوایە یەکسەر داخوازیەکەی بۆ جێ بەجێ ئەکردن . لەهەموو کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەرێزی جەوێکی پر قسەی خۆش و میهرو خۆشەویستی دروست ئەکرد ودەستی ئەکردە ملی نووسەران وباوەشی پیا ئەکردن و رێزی زۆری لێ ئەگرتن . ئەمانە هەندێ لەو شتانەن کە من بە چاوی خۆم لە مام جەلالم بینیوە لە نزیکەوە ، رۆحی شاد بێت ئەو نەمرە لە مێژوی کوردا خۆی خۆی پێگەیاندو هەموو ساتەکانی تەمەنی بۆ کورد تەرخان کردبوو ، گەر بە تەرازوی عەدالەت کارەکانی بکێشین دڵنیام ئەتوانین حوکمێکی عادیلانە بدەین

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP