ئەمڕۆ 16-10-2023 حەوت ساڵ بەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆمدا تێپەڕدەبێت، کەبۆ "سەربەخۆیی و جیابونەوە" لە عیراق ئەنجامدرا، شکستەکەی تائەم ساتەش لەڕووی سیاسی ودیبلۆماسییەوە پێگەی کوردی لە چوارچێوەی عیراقدا،هەم لەئیقلیمی ونێودەوڵەتیش "لاواز" کرد، مشتومڕیش لەسەر لێکەوت و شکستەکەی هێندەبەرچاوە کەرەنگە نمونەی تری کەمبێت لە مێژوی کورد لە دەوڵەتی عیراقدا. هۆکارەکانی شکستەکە زۆرن، بەڵام گرنگترینیان ئەو هۆکارە ناوخۆییانەن کە ڕەگیان لە مێژوی حیزبێکدا داکوتاوە و کاریگەریان لەسەر ئێستاش هەیە، ئەم کەلتورە سیاسیە بەوەدا دەناسرێتەوە کە بەندە لەسەر کەللەڕەقی سیاسی تاکلایەنەو نەخوێندنەوەی واقیعی ناوچەکە لەلایەنی دەرەکی و نێودەوڵەتی و هەرێمیەوە.
یەكێك لە كێشە گەورەكانی عەقڵیەتی تاک ڕەویی ئەوەیە، هەرگیز نایەوێت دان بە شكستی خۆیدا بنێت و بەردەوام بیانویەک، یان دوژمنێك دادەتاشێت بۆ داپۆشینی هەڵە گەورەكانی خۆی.
ئەمەش وایکردووە کە ئێمەبەردەوام لە پاشەكشێ و تێكشكاندابین، چ لەڕوی ئابورییەوە، چ لەڕووی سیاسییەوە، یان لە ڕوی سەربازیەوە، بەرهەمی ئەم عەقڵیەتەبوو نەیتوانی مۆدێلێك حوكمڕانی دورستبكات، كە ئەم مۆدێلە ببێتە دەروازەیەك بۆ ئایندەیەكی ڕون لەم هەرێمە.
ئەو پرسیارەی لە مێشکی هەمواندا هەیە، ئەوەیە کە بۆچی ئێمە لەڕاگەیاندنی دەوڵەت شکستمان هێنا؟ نەک لەدروستکردنی دەوڵەت بەڵکو بەشێک لەو دەستکەوتانەشمان لەدەستدا،کەبەهۆی کارێزمایی" مام جەلال"ەوە، لەدەرەوەی دەستور بەدەست هەرێمی کوردستانەوە بوون، وەک خاڵە گومرگیەکان و مەرزەکان،...هتد.
لایەنێکی سیاسی تەرکیزی تەنها لەسەر تێکەڵکردن و ئاڵۆزکردنی ڕوداوەکانە بۆشاردنەوەی ئەوهەڵەی کە بەعینادی بوە هۆی لەدەستدانی ٥١٪ خاکی هەرێمی کوردستان ونزیک لە ١٠٠ شەهیدو چەندین بریندار لەم ڕوداوەدا،بەناوی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەوە.
ئەوەی کەڕونبو بەشێک لەحزبەکان دەیانزانی کە ئەنجامدانی «ریفراندۆم» لەو کاتەدا ھێندەی پەرچەکردارێکی شەخسیە، ھێندە پڕۆژەیەکی نیشتمانی نیە بۆ بەرەوپێشبردنی دۆزی گەلێک، بەڵام دۆخێکیان بۆدروستکراو خرانە ژێر باری ئەمری واقیع تا پشتگیری ڕیفراندۆم بکەن، گەر نەیانکردایە بە نەیاری سەربەخۆیی تۆمەتبار دەکران،تەنانەت خودی کاک نێچیروانیش کەسەرۆکی ئەوکاتی حکومەت بوو،خزابووە ئەمری واقیعەوە ئەگینا لەگەڵ ڕیفراندۆمدا نەبوو، بەڵام نەشیدەتوانی بە ئاشکرا دژی بێت، بۆیە بەئاشکرادەیگوت: "ڕیفراندۆم بۆ جیابوونەوە نیە لە عیراق".
ئەوەی لێرەدا پرسیارە،بۆچی پارتی تاوەکو ئێستاشی لەگەڵدابێت یەکێتی باتاوانباری ئەم شکستەدەزانێت؟
لەهەموو دنیادا کاتێک وڵاتێک دوچاری شکستێکی لەم چەشنەدەبێت، لێکۆڵینەوە لە شکستەکانیان دەکەن و بەرپرسیارێتیەکان دیاری و ئاشکرا ئەکەن بۆ ئەوەی ڕێ لەشکستی تر بگرن،بەڵام ئایا پارتی لە سەردەمی شکستەکەوە تاوەکو ئەمڕۆشی لەگەڵدابێت توانای هێزی یاسایی هەرێمیی لەدەستبووە،بۆچی لێکۆڵینەوەی لەهۆکاری ئەم شکستە نەکرد؟ بۆچی لەڕێگای دەزگایەکی یاسایی وەک پەرلەمانەوە لێکۆلینەوەی نەکرد،تاوەکو لایەنی تاوانبارانی ئەم ڕوداوە سزابدرێن؟
بۆچی لێکۆڵینەوە لەوەناکات: کاک مەسعود سەرۆکی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان بوو،بەپێی عورفی سیاسی وسەربازی دەسەڵاتی بڕیاردانی هەبوو، بڕیارێک یان بەیاننامەیەکی جەنگی دەربکات،بۆبەرگری کردن لەم ناوچانە لەکاتی داگیرکردنیادا،بەڵام نەیکرد لەکاتێکدا دەسەڵاتی مەڕسومی هەبوو،ئەمانەو چەندین پرسیاری تر هەن،کەپێویستە لێکۆڵینەوەیان لێبکرێت وبزانرێت کێ تاوانبارە لە لەدەستدانی پرسێکی ئاوھا چارەنووسسازی گەلێک..
ئەەوەی ماوەتەوە بڵێین،خۆ لێبێبەریکردن و خستنەئەستۆی تاوانی شکستەکە بۆلایەنێکی تر ئەوەبوو، خوێندنەوەیەکی قوڵ بۆ واقیعی هەرێم نەکرابوو، بوونی چەندان کێشەی ناوخۆیی لەڕوی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی، نەبوونی دانپێدانانی نێودەوڵەتی، ھەموو ئەمانەو چەندان ھۆکاری دیکە وایکرد ڕیفراندۆم بۆ دەوڵەتی کوردی وەک سەرۆک "مام جەلال" دەیوت : " وەهم و خەونێکی شاعیرانەیە لەم کاتەدا" یاریەکی سیاسی وبەرژەوەندیی تاکلایەنە بوو، ئەم پڕۆسە لە دەرئەنجامدا نەک دەوڵەتی کوردی بەدوای خۆیدا نەھێنا بەڵکو بووە ھۆی ناسەقامگیریی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری، بێهێزکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئێستاش لێککەوتەکانی هاووڵاتیانی ئەم هەرێمە باجەکەی دەدەن...
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP