دۆخی ئێستاو ئەزمونێکی نوێی دانوستان

لەتيف نێروەیی
21:07 - 2023-11-06



بڕیارە رۆژی ٧ی ئەم مانگە، لەسەر داوای سەرۆک بافڵ تاڵەبانی  شاندی  باڵای یەکێتی وپارتی ، گەڕێکی دیکەی دانوستان  لە شاروچکەی پیرمام ئەنجام بدەن. 
ئەوەی وادەکات کە ئەم جارە بەدیدگایەکی کەمێک ئەرێنی ترەوە  هەڵوەستە لەسەر ئەم خولەی  دانوستانەکان بکەین، سێ خالی سەرەکی.
یەکەم : هەل ومەرج: هەمیشە هەل و مەرج کاریگەری ئەرێنی یان نەرێنی دەکاتە سەر شێوازی بەڕێوەچوونی دانوستانەکان.
 هەندێ جار هەڵ ومەرجی قوناغی ئەنجامدانی دانوستانەکان لەمپەر و بەربەست لەبەردەم لایەنە دانوستانکارەکان دروست دەکات کە لایەنە دانوستانکارەکان  نەگەنە   رێکەوتنێکی هاوسەنگی ئارەزوومەندانە. 
هەندێ جاریش هەل و مەرج،  دەبنە هاندەرو زەمینە خۆشکەر بۆ ئەنجامدانی دانوستان و خولقێنەری ئیرادەوبەرژەوەندی هاوبەش وگەیشتن بەڕێکەوتنی کۆتای. 
- لەو روانگەیەوە دەکرێ هەل ومەرجی ئێستای هەرێم و ناوچە دابرێنراوەکان و بەغداد هەلومەرجێکی گونجاو بێت  بۆ ئەنجامدانی دانوستان و بەرەوپێشەوەچوونی دانوستانەکانی نێوان یەکێتی و پارتی و گەیشتن بە لێکتێگەیشتن. بۆنمونە :
- هەل ومەرجی ئێستای  هەرێمی کوردستان و کێشەی موچەی فەرمانبەران و ناڕەزایەتییەکانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم.
-هەل ومەرجی ئێستای کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکانی دیکەی کوردستان، کە لە قوناغی بانگەشەی هەڵبژاردنێکی چارەنووسسازدان، واپێویست دەکات هەموو لایەنە سیاسیەکانی کوردستان بەتایبەتی یەکێتی وپارتی لەڕێی دان وستانەوە کارێک بکەن کە بانگەشەیەکی هێمنانە لەو ناوچانە بەڕێوەبچێت و رکابەرییەکە لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکە بێت و وەکو کورد بتوانین لەکەرکوک زورترین دەنگ و زۆرترین کورسی ئەنجومەنی پارێزگاکە بەدەست بێنین وبە پلانی هاوبەش خۆمان بۆ قۆناغی دوای هەڵبژاردنەکان ئامادەبکەین وکۆتایی بە دۆخە ناسەقامگیرەکەی کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکانی دیکە  بێنین. 
- هەل ومەرجی  دەرکەوتنی دەرهاویشتەکانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لەبەغداو هەندێ ناوچەی دیکەی عیراق  وادەخوازێت کە هەردوو هێزی سەرەکی هەرێمی کوردستان لەڕێی دان وستانەوە بگەنە جۆرێک لە لێکتێگەیشتن لەسەر بەرپرسیارەتیەکی هاوبەش و چونیەتی پاراستنی هەرێم لە پرۆشكی ئەو دەرهاویشتانە. لەروانگەی هەستکردن بە گرنگی سودوەرگرتن لە هەل ومەرجی ئێستا دەست پێشخەری بۆ ئاشتی و تەبایی و رێکخستنی ناو ماڵی کورد دەکات. 


دووەم :بەهێزی دانوستانەکان: مەبەست لە بەهێزی دانوستانەکانی ئەم جارە  بۆئەوە دەگەرێتەوە کە تیمی دانوستانەکانی هەردوولا بەشێوەیەکی هاوسەنگ ولەسەر ئاستی باڵای حزبی و حکومی  بەشداری لە دانوستانەکان دا  دەکەن و  دەسەڵاتی رەهایان هەیە لە بڕیاردان یان  ڕێکەوتن لەسەر ئاستی حكومی و حزبی و سیاسی. پێ دەچێ لەم گەڕەی دانوستاندن دا  کەمترین رەخنەو گلەی لەیەکتر بکرێت. چونکە  لە کۆبوونەوەکانی پێشۆدا هەردوولا لەسەرئاستی  حکومی و حزبی زۆرترین رەخنەیان  لەیەکتر گرتووە،بۆیە چاوەڕوان دەکرێت ئەمجارە فکۆبوونەوەیێکی جددی  لەسەر چونییەتی دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ کێشەکان بکرێت. 

سێیەم :ئەزموونی دانوستان: پسپورانی زانستی دانوستان لەو بڕوایەدان کەبەهۆی ئەنجامدانی دانوستانی درێژخایەنەوە، لایەنە بەشداربووەکانی دانووستان ئەزموون وەردەگرن و سود لەخالە  بەهێزو لاوازەکانی خولەکانی پێشۆ وەردەگرن. کەسانی دانوستانکار لە دانوستانی درێژخایەن ئەزموون وەردەگرن کە باشتر لەگرنگی پشۆدرێژی، سینگفراوانی، لێبوردەیی، بوێری، نەرمی نواندن، رەچاوکردنی بەرژەوەندی لایەنی بەرامبەر تێدەگەن.چونکە ئەم خەسڵەتانە دەبنە بناغەی یەکتر قبوڵکردن و دۆزینەوەی خالە هاوبەشەکان و بەرەوپێشچوونی دانوستانەکان. دواجار ئەو ئەزموونە دەبێتە یارمەتیدەر بۆ سەرکەوتنی دانوستان و گەیشتن بە ڕێکەوتن.
بۆیە ئەگەر هەمان ئەزموون بۆ دانوستانی هەردوولا بکرێت بە پێوەر، ئەوا دەکرێ بە دیدێکی ئەرێنییە وە سەیری ئەم خولەی دانوستانەکان بکرێت، چونکە  دانووستانی درێژخایەنی نێوان یەکێتی وپارتی و بەردەوامبوونی دۆخی نائاسایی نێوان هەردوولا، کۆمەڵێک پرسیاری جۆراوجۆر بەدوای خۆیدا هێناوەو وەڵامی ئەو پرسیارانە نەبۆ هەرێم و نەبو خۆدی ئەو دوولایەنە دڵخۆشکەرنین و بەئەزموون وەرگرتن لە دانووستانەکانی پێشۆ دەکرێ وەڵامی ئەم جارەی پرسیارەکان بۆخەڵکی  هەرێم  دڵخۆش بێت.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP