لەتیف نێروەیی
نەهێشتنی دەسەڵاتی خۆسەپێن و سەركەوتنێكی مێژوویی
سەرۆك بافڵ تاڵەبانی لە شاری كەركوكە و لەگەڵ چین و توێژەكانی شارەكە سەرقاڵی ئەنجامدانی زنجیرەیەك كۆبوونەوەیە و لە نزیكەوە دۆخی شاری كەركوك دەبینێت و گوێ لە بۆچوون و پێشنیار و داواكارییەكانی هاووڵاتیانی شارەكە دەگرێت. هەروەك پشتگیری لە سەرخستنی هاوپەیمانی (هێز و ئیرادەمانە) و بەهێزتركردنی سەنگەری نیشتمانی دەكات و پەیامێكی دیرۆكی بۆ كەركوكییەكان دەبێت و لەبەردەم دەیان هەزار هاووڵاتی شارەكە دەڵێت: "ئێوە بە تەنیا نین و پێشتر رامانگەیاندووە كە كەركوك هێڵی سورە و شاری پێكەوەژیانی هەموو پێكهاتە رەسەنەكانی شارەكەیە، ئەمڕۆش سوربوونی خۆمان لەسەر هەمان رێباز دووپات دەكەینەوە و پێتان دەڵێین ئێوە و شارەكەتان بەجێ ناهێڵین و گشتمان كەركوكین و بەیەكەوە سەركەوتنێكی مێژوویی تۆمار دەكەین". لە هەمان پەیامدا دەڵێت: "ئێمە لە كەركوك ركابەری هیچ لایەنێكی كوردستانی ناكەین و هەوڵێكی زۆرماندا بۆ ئەوەی بەیەكەوە هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بە یەك لیست بەرپرسیارێتییەكی گرنگی مێژوویی و نیشتمانی بیخەینە سەرشانی خۆمان و لە پرۆسەیەكی دیموكراتیدا و لەڕێی سندوقەكانی دەنگدانەوە گفتەكانی خۆمان بە كردار جێبەجێ بكەین و كەركوك و كەركوكییەكان لەم دۆخە نائاساییە (ئیداری، ئەمنی، خزمەتگوزاری)یەی كە تێیكەوتوون دەربازیان بكەین، بۆ ئەو مەبەستە بەبێ مەرج چەندین جار دەستی ئاشتی و هەماهەنگی و تەباییمان درێژ كردووە و سەردانی لایەنە سیاسییەكانی كوردستانمان كردووە. بەداخەوە وەكو پێویست بە پیر پەیامی ئێمەوە نەهاتوون. بۆیە ئێمە وەكو هاوپەیمانی كەركوك هێز و ئیرادەمانە بە پشتیوانی جەماوەری نیشتمانپەروەری كەركوك ئەو ئەركەمان خستۆتە سەرشانی خۆمان و بە ئیرادەیەكی بەهێزەوە سەرقاڵی بەهێزتركردنی سەنگەری كوردایەتین و ئەو پێشوازییە گەرم و فراوانەی جەماوەری كەركوكیش لە سیاسەتی راست و دروستی ئێمە بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەركوك دڵمان خۆش دەكات كە چاوەڕوانی سەركەوتنێكی گەورە بین و وەك هەمیشە بە شێوازی دەنگدان جارێكی دیكە ناسنامە راستەقینەكەی شارەكە بپارێزین".
لەلایەكی دیكەوە ئەم سەردانەی هەڤاڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی بۆ كەركوك و كۆبووەنەوە لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەكانی شارەكە بەڵگەیەكی بەهێز دەبێت كە جیاوازییەكانی نێوان سەرۆك و سەركردایەتی یەكێتی لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسیەكانی دیكەی كوردستان دەخاتەڕوو. جیاوازییەكە لەوەدایە كە یەكێتی لە هیچ كات و سەردەم و دۆخێك دا لە كەركوك و كەركوكییەكان دانەبڕاوە و درێژە بە هەمان رێباز دەدات كە سەرۆك (مام جەلال) لە شارەكە پەیڕەوی دەكرد. جیاوازییەكی دیكە ئەوەیە كە سەرۆك و سەركردایەتی یەكێتی لە دورەوە، لە (سلێمانی، هەولێر، دهۆك، هەڵەبجە)وە پەیام بۆ كەركوك و كەركوكییەكان نانێرێن، بەڵكو سەركردەكانی یەكێتی لەگەڵ كەركوكییەكان دانەبڕاون و لەگەڵ ئێش و ئازاری ئەواندا دەژین و بەیەكەوە زامی كەركوك سارێژ دەكەن و لەناو ئاپۆرای جەماوەری شارەكە بە دەنگی دلێر دەڵێن كەركوك هێز و ئیرادەمانە. هەروەك دەڵێن ئێمە لە دورەوە پەیام بۆ كەركوك نانێرین، بەڵكو لە كەركوكەوە لەگەڵ كەركوكییەكان پەیام بۆ هەموو لایەنێك بڵاودەكەینەوە وپێیان دەڵێین لەم هەڵبژاردنەدا ئیرادەی پێكەوەژیان و سەقامگیری و نەهێشتنی جیاكاری و چەسپاندنی مەبدەئی شەراكەت و كۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی خۆسەپێن و فەراهەمكردنی ئیدارەیەكی خزمەتگوزار سەردەكەوێت.
ئێمە بە پشتیوانی جەماوەری نیشتمانپەروەری كەركوك، بە بێ ئەوەی گوێ بدەینە ئەو پەیامە خەوش و نابەرپرسیارانەی كە لە دورەوە بڵاو دەكرێنەوە بۆ مەرامی ساردكردنەوەی دەنگدەری كەركوك قۆڵمان لێهەڵماڵیوە تاوەكو لە رۆژی 18/12/2023 بتوانین بە بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگ و زۆرترین كورسی كەركوك سەر بخەین، سەركەوتنی ئێمە دەبێتە سەركەوتنی هەموو گەلی كوردستان. هەروەها دەبێتە سەركەوتنی هەموو پێكهاتەكانی كەركوكە چونكە لەڕێی ئیدارەیەكی نوێ و پارێزگارێكی كوردەوە بە بێ جیاوازی دەستی ئاوەدانی و خزمەتگوزاری و تەبایی و پێكەوەژیان بۆ هەموو لایەن و پێكهاتەكانی شارەكە درێژ دەكەین و بەیەكیشەوە دەڵێین گشتمان كەركوكین.
*لێپرسراوی بۆردی راگەیاندن
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP