سۆمۆ داوای سه‌رجه‌م به‌رهه‌می نه‌وتی هه‌رێم ده‌كات

ئابوری
17:43 - 2022-04-11



كۆمپانیای سۆمۆ رایگەیاند: وەزارەتی نەوت سەرجەم رێكارە پێویستیەكانی بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی لەبارەی نەوت و غازی هەرێم دەستپێكردوەو دەبێت حكومەتی هەرێم پابەندبێت بەڕادەستكردنی سەرجەمی بەرهەمی كێڵگە نەوتیەكانی هەرێم و ناوچەكانی تر كە لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی هەرێمەوە نەوتەكەی دەردەهێنرێت.
كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عیراق (سۆمۆ) لەبارەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی لەسەر نەوت و غازی هەرێم رایگەیاند: بەپێی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی سەرجەم گرێبەستە نەوتیەكانی حكومەتی هەرێم هەڵدەوەشێنرێتەوە، چونكە ئەو گرێبەستانە بەبێ رەزامەندیی حكومەتی ناوەندی عیراق كراوەو دادگا بەنادەستوری لەقەڵەمیداوە.
كۆمپانیاكە لەوەڵامی پرسیارێكی ئاژانسی رۆیتەرزدا دەشڵێت: لەئێستادا وەزارەتی نەوتی عیراق سەرجەم رێكارە پێویستیەكانی بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی لەبارەی نەوت و غازی هەرێم دەستپێكردوە كە لە 15ی شوبات لەلایەن دادگای فیدراڵیەوە دەرچووە.
ئەوەشی ئاشكراكردوە كە بەپێی بڕیارەكە، بەڕێوەبردنی كێڵگەكانی نەوت و غازی هەرێم دەبێت ملكەچی دەسەڵاتی وەزارەتی نەوتی عیراق بن بەهەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی هەرێمدا، تا بگونجێت لەگەڵ ناوەرۆكی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیدا كە یاسای نەوت و غازی هەرێم و سەرجەم گرێبەستە نەوتیەكان كە هەرێم بەبێ رەزامەندی حكومەتی عیراق ئیمزایكردوەو سەرجەمیان هەڵدەوەشێنرێنەوە.
كۆمپانیای سۆمۆ ئەوەشی راگەیاندوە: دەبێت حكومەتی هەرێم پابەندبێت بەڕادەستكردنی سەرجەم بەرهەمی كێڵگە نەوتیەكانی هەرێم و ناوچەكانی تر كە لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی هەرێمەوە نەوتەكەی دەردەهێنرێت، كە دەبێت كۆی بەرهەمە نەوتییەكان رادەستی حكومەتی عیراق بكات و نوێنەری وەزارەتی نەوتی عیراق دەسەڵاتە دەستورییەكانی خۆی بەكاربهێنێت كە تایبەتە بەگەڕان بەدوای نەوت و دەرهێنانی و هەناردەكردنیشی.
لەبەشێكی تری وەڵامەكەی كۆمپانیای سۆمۆدا لەبارەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی لەسەر نەوت و غازی هەرێم رونیكردوەتەوە: بەهێزی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی ئەوەیە دەسەڵاتی تەواوی بەرهەمهێنان و گەشەپێدانی كێڵگە نەوتی و غازییەكانی هەرێم و بەبازاڕكردنیان لەدەست حكومەتی عیراق دەبێت و هەڵوێستی كۆمپانیای سۆمۆش ئەوەیە كە رێز لەبڕیاری دادگای فیدراڵی دەگرێت كە لایەنێكی رەسمیە بۆ بەبازاڕكردنی و فرۆشتنی نەوتی عیراق. 
كۆمپانیای سۆمۆ دەشڵێت: هەر لەسەرەتاوە هۆشداریمان داوەتە ئەو كۆمپانیانەی نەوت كە بەبێ رەزامەندی حكومەتی عیراق و وەزارەتی نەوت مامەڵەیان لەگەڵ هەرێمدا كردوەو سەرجەم گرێبەستەكانیان بەنایاسایی لەگەڵ حكومەتی هەرێم ئیمزاكردوە كە سەرجەمیان پێچەوانەی دەستورن و تەنها لایەنی رەسمیش كە رێپێدراوە بەشێوەیەكی یاسایی و دەستوری كێڵگە نەوت و غازییەكانی عیراق بەڕێوەبەرێت لەنێویشیاندا كێڵگە نەوتی و غازییەكانی هەرێم وەزارەتی نەوتی عیراقە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP