له‌ هه‌ولێر بوونی حاڵه‌تێكی گومانلێكراو به‌ تای خوێنبه‌ربوون راگه‌یه‌ندرا

کوردستان
13:54 - 2022-05-07


تەندروستیی هەولێر رایدەگەیەنێت: تائێستا لەهەولێر هیچ حاڵەتێكی توشبوون بەتای خوێنبەربوون تۆمارنەكراوەو حاڵەتێكی گومانلێكراو هەیە كە منداڵێكەو لەبەغداوە بۆ چارەسەركردن هاتوەتە هەولێر.

د.دلۆڤان محەمەد بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لەشاری هەولێر هیچ حاڵەتێكی تای خوێنبەربوون تۆمارنەكراوە، ئەوەی هەیە تەنها حاڵەتێك هەیە كە منداڵێكی تەمەن دوو ساڵەو لەبەغداوە بۆ چارەسەر هاتوەتە هەولێرو  بەپێی نیشانەكان گومان دەكرێت تای خوێنەربوونی هەبێت و مەترسی لێ ناكرێت.

وتیشی: منداڵەكە لەبەغداوە سەردانی هەولێری كردوە بۆ چارەسەركردن نەخۆشی هەوكردنی جگەری هەبووەو لەنەخۆشخانەیەكی منداڵانەو پزیشكی چارەسەركاریش بەپێی نیشانەكان گومانی لێكردوەو لەشوێنێكەوە هاتووە پەتاكەی تێدایە.

ئەوەشی خستەڕوو: تیمی ڤێتێرنەری سەردانی نەخۆشەكەیان كردوەو سامپڵی لێوەرگیراوەو رەوانەی تاقیگەی ناوەندی كراوە لەبەغدا بۆ پشتڕاستكردنەوەی ئەنجامی پشكنینەكە كە گومان دەكرێت پەتاكەی بێت،  دەبێت گرتنەبەری رێكاری پێویستیش لەگەڵ ئەوانەی مامەڵەیان لەگەڵ نەخۆشەكە كردوە بگیرێتەبەرو پشكنینیان بۆ بكرێت.
بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر دەشڵێت: پێویستە هاووڵاتیان لەو شوێنانە گۆشتی ئاژەڵ بكڕن كە مۆری لێدراوەو بەپێی رێنماییە تەندروستییەكان سەربڕدراوە، چونكە گواستنەوەی ڤایرۆسی تای خوێنبەربوون لەڕێی گەنەوە دەبێت كە بەئاژەڵەوەیە یان كەسێكی توشبووە، نیشانەكانیشی بەرزبونەوەی تاو سەرئێسەو رشانەوەو سك ئێشەیە.

باسی لەوەشكرد كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەرییەوە رێكاری پێویست گیراوەتەبەر، بەتایبەت سەربڕینی ئاژەڵ كە دەبێت تەنها لەگوشتارگە رەسمیەكان بێت و رێگری لەوەی كە لەدەرەوەی كوشتارگەكان ئاژەڵ سەرببڕدرێت، چونكە لەناوەڕاست و باشوری عیراق چەندین حاڵەتی تای خوێنبەربوون و گیان لەدەستدان تۆماركراوە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP