باوكی ئه‌و منداڵه‌ی سه‌گ په‌لاماری دا زانیاری زیاتر ئاشكرا ده‌كات

کوردستان
14:10 - 2022-05-18



باوكی ئەو كچەی كە لەیەكێك لەگەڕەكەكانی سلێمانی بەهۆی پەلاماری سەگەوە گیانی لەدەستدا ڕایدەگەیەنێت كە سەگەكان بەڕەڵڵا نەبوون و كچەكەی بۆ خۆی چووە بۆ لایان و پەلاماریان داوە.

عەلی باوكی لیا- ی تەمەن 10 ساڵان لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا وردەكاری گیان لەدەستدانی كچەكەی ڕوونكردەوە و ڕایگەیاند: ڕۆژی دووشەممە لیای كچی كە تەمەنی 10 ساڵانە و نەخۆشی هەیە لە ماڵەوە دەرچووە و ئەوانیش زۆری بەدوادا دەگەڕێین، بەڵام نایدۆزنەوە تا دواتر لە حەوشەی ماڵی دراوسێكەیان كە سێ سەگیان هەیە كچەكەی دۆزیوەتە.

وتیشی: كە چوومە حەوشەكە خۆم بە چاوی خۆم كچەكەم بینی و تەنها فریای ئەوە كەوتم كە بە پاسەوانەكە بڵێم یارمەتیم بدات كە كچەكە لەژێر دەستی سەگەكان دەربهێنم، بەڵام كە دەرمانهێنا پارچە پارچەیان كردبوو بەشێوەیەك كە بۆ ئەوەش نەدەبوو بیبەین بۆ نەخۆشخانە، تەنانەت حەزم نەكرد دایكیشی بیبینێت. 

 باوكی لیا دەڵێت: بە بینی گرتە ڤیدیۆكە دەركەوت كە كچەكەی بۆ خۆی بە تەلەكاندا هەڵگەڕاوە و چووە بۆ لای سەگەكان و پەلاماریان داوە.

عەلی باوكی لیا ڕاشیگەیاند: ئەوان سكاڵا یاسایی لەدژی دراوسێكەیان تۆمار ناكەن، چونكە ئەوان لە خۆیان زیاتر بە پەرۆشن و دڵنیاشە كەس حەز ناكات ڕووداوی وای بەسەر بێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP