فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد: یەكێتیی تێڕوانینێكی جیاواز لە حزبەكانی دیكەی هەیە و دەبێت بەو جیازییەوە بمێنێتەوە

کوردستان
15:49 - 2022-05-28



ئەمڕۆ 28-5-2022، لە دیداری یەكێتیدا كە لەسلێمانی بەڕێوەچوو گفتوگۆی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سازكراو تێیدا بابەتی سیاسی و مێژووی و دەستپێشەخەرییەكانی یەكێتی گفتوگۆیان لەبارەوە كرا.

لە گفتوگۆكەدا هەریەك لە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، ئاسۆ مامەند كارگێڕانی مەكتەبی سیاسی و ئارێز عەبدوڵڵا ئەندامی مەكتەبی سیاسی و فەرید ئەسەسەرد سكرتێری ئەنجومەنی سەركرایەتی یەكێتی ئامادەیبوون، ئارێز عەبدوڵڵا ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رایگەیان: دیداری یەكێتی دەستپێشەخەرییەكی نایابە چونكە یەكێتی لە مێژوودا رۆڵێكی زۆر كاریگەر و گەورەی هەبووە و داواكارین لە گەنجەكان لە تێكۆشەرە دێرینەكانی یەكێتی بپرسن سەبارەت بە مێژووی یەكێتی، كە چیان دیووە و چیان كردووە، داواش لە تێكۆشەرە دێرینەكانی یەكێتی دەكەین لە گەنجان بپرسن چیدەبینن و چیان دەوێت تاوەكو وەك رابردوودا داهاتوویەكی مێژوویی تۆمار بكەین.
 
هاوكات شاناز ئیبراهیم ئەحمەد كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رایگەیاند: كەس نكوڵی لە پێشەنگی یەكێتی و شاری سلێمانی ناكات چونكە، لە چوارچێوەی ئامادەكارییەكان بۆ دیداری یەكێتی تەنها لە سلێمانی 18 وۆرك شۆپمان ئەنجامدا و تێیدا 73 گروپ كاریان دەكرد بۆ ئەوەی راسپاردەكانی راستەوخۆ تر بن، راپرسییەكی گشتیمان ئەنجامدا كە هەزار و 100 هاووڵاتی لە چەندین شوێنی جیاواز بەشداریان تێدا كرد كە راپرسییەكی زۆر راستە چونكە، بێ دانانی مەرج كاریان لەسەر كراوە، هە ر لەوەوە دەردەكەوێت كە خەڵك چ ئومێدێكی بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەیە و بەرەوپێشچوونی یەكێتی بە بەرەوپپَشچوونی خۆیان دەزانن.

وتیشی: پێویستە گۆڕانكارییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هاوشێوەی سەردەم بێت و بەبۆنەی نزیكبوونەوەی یادی دامەزراندنی یەكێتیشەوە پیرۆزبایی ئاڕاستەی خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دەكەم بۆ تۆماركردنی بەشێك لە مێژووی گەورەی یەكێتییەكەمان.

هەر لە دیدارەكەدا دەرباز كۆسرەت رەسوڵ كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رایگەیاند: ئێمە وەك سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان خۆمان بە حزبێكی جێبەجێكار و كرداری دەزانین، هاوكات نزیكین لە ئێش و ئازارەكانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، بۆیە پێویستە ساڵانە ئەم دیدارە ئەنجامبدرێت، چونكە یەكێتی حزبی دوێنێ و ئەمڕۆ و سبەینیە، هەربۆیە مەبەستمان لە نوێبوونەوە گۆڕینی هەموو كەسایەتییەكان نییە بەڵكو مەبەستمان لە نوێبوونەوەی سیاسەتی یەكێتییە.

وتیشی: سیاسەتی  یەكێتی روون و ئاشكرایە و ئامادەبوونی ئەو جەماوەرە لە دیداری یەكێتیدا زیندووی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان نیشاندەدات.

هاوكات ئاسۆ مامەند كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند: لەسەر رێبازەكەی سەرۆك مام جەلال بەردەوامین چونكە، خەرمانێكی لە خەبات بۆ جێهێشتووین، بۆیە باشترین وەفا بۆ سەرۆك مام جەلال درێژە پێدانی رێبازەكەیەتی.

وتیشی: پێویستە گەنجانمان بهێنرێنە پێشەوە و رێزیان لێبگیرێت.

 لە درێژەی دیدارەكەدا فەرید ئەسەسەرد سكرتێری ئەنجومەنی سەركرایەتی یەكێتی رایگەیاند:  دیداری یەكێتی بە هەنگاوێكی نوێ بۆ یەكێتی دادەنرێت چونكە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تێڕوانینێكی جیاواز لە حزبەكانی دیكەی هەیە و دەبێت یەكێتی بەو جیازییەوە بمێنێتەوە.

 وتیشی: هەرچەندە یەكێتی بە جیاوازی لە هەڵوێستەكانیدا ناسراوە بەڵام،  كاتێك پێویستیكرد لەگەڵ حزبەكانی تر تێڕوانینی هاوبەشمان دەبێت، هەربۆیە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان شانازی بە جیاوازییەكانییەوە دەكات بەڵام، لە كوێ بەرژەوەندی باڵا و گشتی هەبێت لەگەڵ لایەنەكانی دیكەدا كۆك دەبین.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP