نیگایەکی تەنک بۆ دێڕێکی قووڵی نالی

کلتور
13:21 - 2022-06-11

نیگایەکی تەنک بۆ دێڕێکی قووڵی نالی
هیوا جەلال 



«هەرچەندە گوناهی دەمەکەت بارە لەسەر لێو
حەددی چییە، نالی، کە بڵێ ماچە کەفارەت ؟!»



دەمێکە قوڵیی ئەم دێڕەی نالی جێی سەرنجە لام، هەرچەندە (مامۆستا عەبدولکەریمی مودەڕیس) لە لێکدانەوەی دیوانی نالیدا بەوردیی چوار مانای بنەڕەتی و مانایەکی پەراوێزیی لێ هەڵهێنجاوە، مامۆستا (مەسعود موحەمەدیش)یش لە کتێبی (چەپکێک لە گوڵزاری نالی)دا وردتر بۆی چووە، وەکو  قانع دەڵێت: «لە بنکی بەحری فیکرا، گەوهەری عەنتیکە دەردێنم»، مەسعود موحەمەدیش لە بنکی ئەو بەحری فیکرەی نالیدا، گەوهەری عەنتیکەی دەرهێناوە، بەڵام ئەگەر بە چاوێکی هێرمۆنۆتیکیانە تەماشابکەین، ڕەنگە هێشتا بواری ئەوەمان هەبێت، کە بتوانین گەوهەری عەنتیکەتر دەربهێنین.
سەرەتا فرەواتایی ئەم دێڕە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، کە دەربڕینەکان فرەواتان، فرەواتابوونی  زیاتر لە وشەیەک، یان دەربڕینێک لە دێڕێکدا، دەبێتە هۆی ئەوەی، کە دێڕەکە لێڵتر و شاراوەتر خۆی نیشانبدات، ئەمەش ئەو پرسیارە دروستدەکات، کە لە هێرمۆنۆتیکادا دەوترێ: « وشە بەپێی ڕستە واتاکەی دەگۆڕێت، ڕستەش لە دانە دانەی وشەکان پێکهاتووە، ئایا ڕستە حکومدەکات لە بەرهەمهێنانی مانادا، یان وشە حکومدەکات؟»، ئەمە ناونراوە بازنەی هێرمۆنۆتیکی، واتا هەردووکیان بازنەیەکی تەواوکاریی درووستدەکەن، هەر دووکیان پێکەوە بەشدارن لەو بونیادەی ڕستە کە (چۆمسکی) ناویدەنێت (بونیادی ڕووکەش)، کە لە (بونیادی قوڵ)ەوە سەرچاوەی گرتووە.

بگەڕێینەوە سەر دێڕەکەی نالیی، قوڵیی ئەم دێڕە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە:
وشەی (دەمەکەت) هەڵگری چوار واتایە، بەم شێوازە:
ــ (دەم)ەکەت: دەم واتا دەمی مرۆڤ، دەمی قسەکردن، دەمەکەی تۆ.
ــ دە(مەکە)ت: دە مەکە، واتا دە وا مەکە، دە وازبێنە، دە وا مەکەی تۆ.
ــ (دەم)ەکەت: دەم، واتە کات، دەمی ڕابردوو، دەمی ڕانەبردوو، کاتەکەی تۆ.
ــ (دەم)ەکەت: دەم واتە: خوێن لە زمانی عەرەبییدا، خوێنەکەی تۆ.

پاشان ڕستەی «حەددی چییە؟» هەڵگری ئەم واتایانەیە:
ــ حەددی چییە: هەڕەشەیە، حەددی چییە وا دەڵێت، حەددی چییە دەڕوات.
ــ حەد: لە شەرعی ئیسلامدا بە سزای شەرعی دەوترێ، حەددی چییە؟، واتە سزاکەی چییە؟
ئەم دوو واتایەی سەرەوە هەر دوو مامۆستای ناوبراو لێکیانداوەتەوە، بەڵام ئاماژەیان بۆ ئەوە نەکردووە، کە وشەی (حەد) ئەم دوو واتایەشی هەیە:
ــ حەد: لە زانستی لۆژیکی کۆندا (حەد) واتە پێناسە.
ــ حەد: واتە سنوور، حەددی ئێمە هەتا ئێرەیە، واتا سنوری ئێمە هەتا ئێرەیە، حەددی چییە؟ واتا سنورەکەی چییە؟

مامۆستا عەبدولکەریم بەم چوار شێوازە ئەو دێڕەی لێکداتەوە:
ــ یەکەم: «هەرچەندە خوێنی سووری ئەو دڵدارەی بە ناهەق کوشتت، بووە بە بار و بە لێوتەوە وشکبووەتەوە و پێوەی دیارە، نالی حەددی چییە بڵێ ئەو گوناهەت بە ماچێک پاکدەبێتەوە»

ــ دووەم: «هەرچەندە تاوانی دەمت، کە بە دڵدارت وت نا، ئەویش لە داخا مرد، بووە بە بار بەسەر لێوتەوە، لەو دنیایش هەموو ئەندامەکانی جەستە شایەتی لەسەر مرۆڤ دەدەن، نالیش حەددی چییە کە بڵێت ئەو گوناهە بە ماچێک لادەچێت»

ــ سێیەم: «هەرچەندە تاوانی دەمت، کە دەمت داخستووە و هیچ ناڵێیت، بووە بە بار بەسەر لێوتەوە، نالی حەددی چییە دەڵێت ئەو بارە بە ماچ پاکدەبێتەوە»

ــ چوارەم: «هەرچەندە ئەوەندت گوناهـ لە ئاستی دڵداراندا کردووە و لە خۆتت دوورخستوونەتەوە و پێتوتوون دە وا مەکەن، ئەو گوناهە بووە بار بەسەر لێوتەوە، نالیش بۆی نییە بڵێت کەفارەتی ئەو هەموو گوناهە ماچی لێوتە»

مەسعود موحەمەد ئەم مانەیەشی لێدەرهێناوە، لەبارەی لاچوونی باری لێو بە ماچ دەڵێت: «مەبەست لەوەیە کاتێک لێوەکان بەر یەکتر دەکەون باری سەر لێو لادەچێت»

بە تێگەیشتنی من سەرەڕای ئەم لێکدانەوانە، دەکرێ وردتر بۆ ئەم دێڕە بڕوانین و بە پاڵپشتی ئەو چوار مانایە و وردەکارییەکەی مەسعود محه‌مه‌د، بەم شێوازانەش واتاکەی لێکبدەینەوە:

ــ هەرچەندە بەهۆی ئەوەی گوناهی دەمت، کە قسەت بەدڵدار تووە و بەقسەکانت ئازارتداوە، یان بەهۆی بێدەنگیت، کە ئەویش هەر تاوانی دەمتە، بارێک لەسەر لێوت درووستبووە، نالیش دەیەوێت بڵێت کە ئەم بارە بە ماچ لادەچێت، بەڵام کە وای وت، حەددی چییە، واتا بۆی نییە وا بڵێت، یان کە وای وت حەددی چییە؟ واتا سزاکەی چییە ئەگەر وای وت؟ یان ئەگەر وای وت پێناسەی نالی چییە و خەڵک چۆن پێناسەی نالی دەکەن، ئەگەر وا بڵێت.

ــ هەرچەندە بەهۆی ئەوەی لە دەمی ڕابردوودا ئازاری دڵدارت داوە و لێوت باری گرتووە، نالیش ئەیەوێت بڵێت، کە ئەم بارە بە ماچێک لا دەچێت، ئەگەر وای وت، سزاکەی چییە؟، یان نالی چۆن پێناسەدەکرێ؟ یان نالی هەر ئەسڵەن حەددی نییە وا بڵێت.
ــ هەرچەندە کە بە دڵدارانت وت  دە وا مەکەن، بوو بە بار بەسەر لێوتەوە، ئێستا نالی ئەیەوێت، کە بڵێت ئەم بارە بە ماچ لادەچێت، ئایا نالی حەددی هەیە وا بڵێت؟ یان کە وای وت سزاکەی چییە و چۆن پێناسەدەکرێ؟

ــ هەرچەندە لێوت لە سوریدا لە خوێن دەچێت و لە ناسکییدا باری گرتووە، نالیش پێیوایە  ئەمە بە هۆی ئەو گوناهەوەیە کە دڵدارانت لێ بێبەش کردووە، بۆیە ئەم بارە بە ماچ لادەچێت، بەڵام نالی ناوێرێت وا بڵێت، چونکە حەددی نییە وا بڵێت و ئەگەر وا بڵێت دەترسێت لەوەی سزاکەی چییە و خەڵک چۆن پێناسەی دەکەن کاتێک حەددی لێدرا، واتا سزای شەرعی درا، ئیتر خەڵکی بەچاوێکی تر لێی ئەڕوانن و پێناسەیەکی تریان بۆی دەبێت.

ــ هەرچەندە گوناهی دەمی ڕابڕدووت و دەمی قسەکردنەکەت و خوێنەکەت و دە وا مەکەت، بووە بە بار بە لێوتەوە، نالی ئەگەر بڵێت ئەم بارە بە ماچ لا دەچێت، سنوری بەزاندووە، کەی سنوری نالی تا ئەوێیە کە باسی ماچ بکات؟


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP